یەژا-ستار:هێڵی بێریتان رێبازی ژیان و تێکۆشانە

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژا-ستار رایگەیاند:"بانگەوازیمان بۆ هەموو گەنجان و ژنان ئەوەیە کە لە سەر هێڵی بێریتان تێبکۆشن، لە سەرتاسەری کوردستان لەسەر هێڵی بێریتان لە خۆڕاگریدابن و راپەڕینی ئازادی بگەیێننە ئامانج."

فەرمادەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژا-ستار بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی بێریتان (گولناز کاراتاش) راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێنراوەکەی یەژا-ستاردا هاتووە:

"هاوڕێ بێریتان کە هێمای خۆڕاگریە گەورەکەی مانگی تشرینی یەکەمە، سیمبولی جوانی، ئازادی و شەڕ و فەرماندەیەکی بێوێنەی بە سوپابوونی ژنانە، لە ٢٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا بە رێزەوە یادی دەکەینەوە و لە کەسایەتی گوربەتەلی ئەرسۆز، ساریال، مریەم، ئەلەفتەریا، هێلین چەرکەز، رۆناهی ئەلمان و بە دەیان ژنە قارەمانی تر کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا شەهید بوون، لەبەردەمیان سەرمان دادەنوێنین و سڵاومان دەنێرین بۆ رێبەر ئاپۆ کە کلتوری خۆڕاگری ژنانی کوردی بونیادنا.   

مانگی تشرینی یەکەم، مانگێکی خۆڕاگری و تێکۆشانە، مانگێک کە بە خۆڕاگریی بێریتان وەکو سەرەتای بە سوپابوونی ژنان، بە پیتی زێڕین لە مێژووی کورددا نووسرایەوە. لە ساڵی ١٩٩٢وەوە هێزە نێودەوڵەتیەکان و نۆکەر و تەسلیمکاران، بە مەبەستی لەناوبردنی بزوتنەوەکەمان هێرشیان کرد. بێریتان گەریلای تیکۆشانی ئازادی پەکەکە کە کچە قارەمانێکی کورد بوو، بە هەڵوێستەکەی بە گشت جیهانی راگەیاند کە گەل و ژنانی کورد هیچ کات تەسلیم نابن و ئەم خۆراگریە سەردەکەوێت. بێریتان بەم هەڵوێستەی وەکو نوێنەرێکی راستیی خۆڕاگریی مێژووی ژنانی کورد، ئەو میراسەی لە شەهید بەسێ و شەهید زەریفە وەرگرت، رادەستی ئەو نەوەیەی کرد کە دواڕۆژ دەخوڵقێنێت. بێریتان لە دژی هێزەکانی پەدەکەی رەگەزپەرەست و نۆکەر کە هەوڵیدا بە دیل بیگرن، ژیانێکی شکۆمەندانەی هەڵبژارد، چەکەکەی شکاند و بە بێ دوودڵی خۆی لە شاخەکان هەڵدایە خوارەوە، بەم شێوەیە لە دژی تەسلیمبوون بوو بە دەنگی خۆڕاگری. رێبەر ئاپۆ ئەو هەڵوێستەی ئەوی وەکو ناسنامەی شکۆمەندانەی ژنانی کورد بینی و بە مەبەستی بەڕێکخستنکردن و بانگەوازی بۆ ئازادی ژنانی کورد و بە مەبەستی یادکردنەوەی، دوای ساڵێک 'سوپای ژنانی' راگەیاند.

هەڤاڵ بێریتان مۆدێلی ملیتانیی ژنان و بە سوپابوونی ژنانی، لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستە کرد، پێوانەکانی شۆڕشی ژنانی ئازادی، گۆڕی بۆ رێنوێنی ژیانێکی هەمیشەیی و فەلسەفە و هێڵی ژیانی ئازادی لە کەسایەتی ژنانی ملیتاندا بەرجەستە کرد. لە بارەی ئەوەی 'مرۆڤ دەبێت چۆن بژیت و چۆن تێبکۆشێت' بوو بە وڵامێکی توند. راستی شەهید بێریتان وەکو مانیفستوی ژیانی شکۆمەندانە و ئازادیپارێز بوو بە رۆناکی دڵ و دەروونمان.

بە سوپابوونی ژنانی کورد کە چەندین ساڵە لەسەر هێڵی بێریتان گەورە و بەرفراوان دەبێت، ئەمڕۆ لە چوار پارچەی کوردستان داستانی قارەمانێتی دەنووسێتەوە و بووە بە سەرچاوەی رزگاری و هیوا بۆ ژنان و گەل بە گشتی.  

ژنانی کورد لەسەر رێچکەی بێریتان، گەشەیان بە بەسوپابوون و بەرێکخستنبوونی ژناندا و هێڵی ژیانی شکۆمەندانەیان کرد بە سیستماتیک. ئەم سیستمە ئێستا بووە بە گەورەترین ترس لە دڵی هێزە کاپیتالیستەکاندا.

ئەو هێرشانەی بە پلانگێری هاوبەشی هێزە نێودەوڵەتیەکان و بە سەرکێشی ئاکەپە و پەدەکە لە باکور و رۆژئاوا و باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێن و شکستیان هێنا، لە دژی ژیانی شکۆمەندانەی کورد و کوردی ئازادی و ئازادی ژنانە.

داعش بە رێگای ئاکەپەی دوژمنی ژنان، قێزەوەنترین هێرشکەر و رووی سیستمی پیاوسالاریە. هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ هێزێکی میلیتاریست، هەموو رۆژێک سیاسەت و کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات. ئەو توندوتیژی و دەستدرێژیەی ئەمڕۆ لە تورکیا و باکوری کوردستان دەکرێتە سەر ژنان، لە کەسایەتی ئازاد و خودی ژناندا، بە واتای هێرشی دژی ئازادی گەلان دێت.

هێڵی بێریتان رێبازی ژیان و تێکۆشانە

گەلی کورد کە هێڵی خۆڕاگری بۆ خۆی کردووە بە تاکە ریگا و فەلسەفەی ژیان، ئەمڕۆ لە رۆژئاوا بە رۆحی زین و دلۆڤانەکان، لە رۆژهەڵات بە رۆحی شیرین ئەلەمهولی و لە شاخیش بە رۆحی ئەسمەر و نوجان و زەلالەکان خۆڕاگریەکی ئەفسانەیی و بێوێنە پیشان دەدات و ئەوە دەخاتەروو کە هێڵی بێریتان رێبازێکی ژیان و تێکۆشانە. مانیفستوی خۆڕاگری و ئازادی کە کچێکی کوردی خەڵکی دێرسم لەم شاخانە نووسیەوە، بۆ گەلی کورد، بوو بە هەڵبژاردەی ژیان. کچان و کوڕانی کورد و عەرەب لە عەفرین و سەرێکانی و حەفتانین هەڵسانە سەر پێ و بە خۆڕاگریە بێوێنەکەیان ئەمەیان بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا بەرجەستە کرد.

راستیی فیداکاری کە لە کەسایەتی شەهیداندا بەدیهات، شکۆمەندترین هەبوون و رەسەنایەتی گەل و ئەم بزوتنەوەیەن. ئەو راستیەی کە ئەم رۆحە فیداییە پیشانی گشت جیهانیدا، ئەوەیە کە گەل و ژنانی کورد هیچ کات تەسلیمبوون، بێحورمەتی و کۆیلایەتی قبول ناکەن و خاوەنی ئەو هێزەن کە ئەو دواکەوتوویە لەناو بەرن. سوپای ژنانمان کە بەم تێگەیشتنە لە دژی چەتە داگیرکەرەکانی تورک شەر دەکات و هەوڵ دەدات ئازادی ژنان بخولقێنێت، لە هەموو شوێنێک دەرگای شکۆ و ئازادی و رزگاری ژنانی کردەوە. ئێمە بەم هێزە مەعنەویە وەکو هێزەکانی گەریلای یەژا-ستار، هێزی پێشەنگ و چالاکگەری هەنگاوی 'کات کاتی ئازادیە'ین.

لە هەموو شوێنێک کە گەلەکەمان و بە تایبەت ژنان پێویستیان بە تێکۆشانی ئازادی هەیە، ئێمە وەکو یەژا-ستار لەوێ دەبین و هەمیشە لە ئامادەباشیدان. عیشقی ئازادی و هێڵی خۆڕاگریی بێریتان، سوپاکەمان، ملیتانیمان، دڵسۆزیمان بۆ گەلەکەمان و خۆشەویستی رێبەرایەتی بێگومان سەر دەخات و ئامانجەکانی رێبەرایەتی ئازاد و کوردستانی ئازادی جێبەجێ دەکات.

سڵاومان دەنێرین بۆ بونیادنەری ئازادیی ژنان عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و لە کەسایەتی بێریتان (گوڵناز کاراتاش)دا شەهیدانی ئازادی بە رێزەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر هێڵەکەیان تا گەیشتن بە سەرکەوتن.

بانگەوازیمان بۆ هەموو گەنجان و ژنان ئەوەیە کە لە سەر هێڵی بێریتان تێبکۆشن، لە سەرتاسەری کوردستان لەسەر هێڵی بێریتان لە خۆڕاگریدابن و راپەڕینی ئازادی بگەیێننە ئامانج."

ز.ش