ژنانی ڕانیە لەدژی داگیرکەری و خیانەتی پەدەکە گردبوونەوە

ژنانی ڕانیە لەدژی ھێرشەکانی دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆسەر هەرێمى کوردستان ناڕەزاییان نیشاندا و ڕایانگەیاند: تورکیا بەهاوکاریى پەدەکە هێرشەکانى بۆسەر باشورى کوردستان ئەنجام دەدات.

پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ بە دەستپێشخەریى ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ژنان لە شارۆچکەى ڕانیەی ناوەندی ئیدارەى ڕاپەڕین، لەناو باخی گشتیی ڕانیە دژى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆسەر هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

ھێلین حسێن بەیاننامەکەى خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی داگیرکەرى تورک بە ھاوکاریی بنەماڵەی بارزانی دەستی بەھێرشێکی فراوان بۆسەر باشووری کوردستان کردووە، بەڵام خۆشبەختانە گەریلاکانى ئازادیى شکستیان بە سەرجەم ھێرشەکان ھێناوە .

لە بەشێکى دیکەى بەیاننامەکەدا هاتبوو: پێویستە ئێمەی کورد بەتایبەت ژنان ھەڵگری ئەو ئامانجانە بین، کە گەریلاکان لە پێناویدا دەجەنگن، چونکە ئەو بەرخۆدانەی گەریلا شۆڕشێکی دیموکراتییە بۆ پاراستنی خاک و ھەبوونمان.

ئەو ژنانە داوایان لە سەرجەم لایەنەکانی هەرێمى کوردستان کرد، کە چیتر بێ ھەڵوێست نەبن بەرامبەر ئەو داگیرکارییانەى تورکیا بۆسەر هەرێم و نەبنە دەستی خیانەت و ھاوکاری دووژمن نەکەن، چونکە ئەگەر دەستی خیانەت لەکوردستان نەبێت ھەرگیز دووژمن ناتوانێت بگات بە ئامانجەکانی خۆی.

لە کۆتاىی بەیاننامەکەدا باس لەوەکرابوو: ژنان لە ھەموو کاتێک زیاتر دەبێت ڕەھەندی قڕکردنی خاک و خاسیەتى ژن و ژینگە پێکەوە ببینن، کە ڕێگەی بەرخۆدان و خۆ ڕێکخستن دەتوانین وەڵامی ئەو داگیرکارییانە بدەینەوە، پێویستە ئێمەی ژنان ڕۆڵی پێشەنگایەتی ببینین لە تێکۆشان دژی داگیرکارییەکان.

بە هاوکاریی پەدەکە، لە ١٥ی نیسانەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەستپێکرد و لە شەوی ١٧ی نیسانیشەوە هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی پێکەوە دەستیپێکردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی هەپەگە، دووژمن گازی ژەهراویی لە هێرشەکاندا بەکاردێنێت.

ف.ق