زلار ستێرک: دەبێت بناغەی دیالۆگ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا سازبکرێت

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە زلار ستێرک وتی: " دەبێت بناغەی دیالۆگ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا سازبکرێت." داواشی لە هەموو کەسێک کرد گوێ لە هەواڵی فریودەر نەدەن و سەرنجییان لەسەر لێدوانەکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بێت.

زلار ستێرک لە میانی بەشداربوونی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەڤزیۆنی مەدیا خەبەردا بە قسەکانی ڕووی لە شێفی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی کرد و ئاماژەی بەوەدا لە کاتێکدا دەرگای ئیمراڵییان داخستووە چۆن و بۆچی بانگەوازی لە ئیمراڵی دەکەن. ئاماژەی بەوەشدا لە کاتێکدا بانگەوازی لە ئیمراڵی دەکرێت کە دەرگاکەی بکرێتەوە و وتی: "پێویستە تەواوی گەل و دۆستانمان تەنها گوێ لە ڕاگەیاندراوەکانی تەڤگەرمان بدەن. ئەو ڕاستییەی کە هەوڵی شاردەنەوەی دەدرێت، پێویستە لە ناوەندی پرۆسەکەوە پەیڕەوی لێ بکرێت." لە بەردەوامیدا زلار ستێرک پیلانگێڕی نێونەتەوەیی شەرمەزارکرد، لە کەسێتی شەهیدانی هەڵمەتی 'ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن' هەموو شەهیدانی مانگی تشرینی یەکەم و کادری پێشەنگی پەکەکە هەڤاڵ بێریتان (گوڵناز کاراتاش)ی یاد کردەوە.

لە قسەکانیدا زلار ستێرک باسی لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ کرد لە ئیمراڵیدا و بەڕێزەوە پیرۆزیکرد و دەستنیشانیکرد پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بۆ لەناوبردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هێنرایە ئاراوە و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ زۆر باش دەزانێت کە بوونی بۆ چارەنوسی گەلی کورد گرنگە، پەویوەست بەمەوە ڕێگەی لە پێکهێنانی ئامانجی پیلانگێڕی کرد." ئاماژەیشی بەوەکرد لە خەباتی خۆیدا ڕێبەر ئاپۆ هەموو کۆد و دەسەڵاتداری پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالارییدا شیکردەوە و  بووە هیوایەکی گەورە بۆ مێژووی ڕزگاری هەموو مرۆڤایەتی.

زلار ستێرک سەرنجی خستەسەر خواستی گەل بۆ ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ بەوەی ئیدی گەل توانای چاوەروانکردنی نەماوە و پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بە زوترین کات بگەڕێتەوە ناو گەل. زلار ئاماژەی بە بانگی ئازادی گردبوونەوەی ئاماد کرد بۆ خواستی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ.

دەبێت بناغەی دیالۆگ بە ڕێبەر ئاپۆوە دابمەزرێت

لە درێژەی قسەکانیدا زلار ستێرک سەرنجی خستەسەر قسە و ڕەفتارەکانی دەوڵەت باخچەلی و وتی: "دەوڵەت باخچەلی فاشیست لە قسەکانی پەڕلەمانیدا ناوی ئیمراڵی هێناوە و بانگەوازی لە ئیمراڵی کرد. تۆ دەرگای ئیمراڵیت داخستووە، ناهێڵن یەک قسە لە ئیمراڵییەوە دەرچێت. بۆچی بانگەواز لە ئیمراڵی دەکەن؟ داوا لە ئیمراڵی دەکات کە تەڤگەرەکەی لەناوبەرێت. بۆ مەگەر کوردان مردوون، تەڤگەر لەناو بچێت؟ کوردان زۆر بەڕوونی پەیامی خۆیان لە ئامەد دا. گوتییان، 'گەنجان فیدایی ئاپۆیین' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێ' پێویست بوو لە بنەمای قسەکانتدا ئەمانەت لە بەرچاوبگرتایە." وتیشی گەر بانگەوازی لە ئیمراڵی دەکەن پێویستە پێش هەموو شتێک دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە، دەبێت ئێوە دیدار و دیالۆگ لەگەڵ ئیمراڵیدا بونیادبنێن. با کۆتایی بەهەموو شەڕەکانتان بهێنن دوای ئەوە دواکاری لە ئیمراڵی بکەن.

سوپابوونی ژن بنەمای گەیشتنمانە بە ئێستا

زلار ستێرک باسی لە قۆناغی بە سوپابوونی ژنان کرد و ئەوەی بیرهێنایەوە قوناغی سوپابوونی ژن ٣٠ ساڵ بەرلە ئێستا بە فەرماندە بێریتان (گوڵناز کاراتاش)ەوە دەستیپێکرد و لەمڕۆدا بە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەڵێن "شۆڕش ژن" کە بە پێشەنگایەتی یەپەژە پێشکەوت، کە ئیلهامی لە ڕێبەر ئاپۆوە وەرگرتووە و وتی: "ئەم پرۆسەیە بەردەوامە. چونکە بەڕاستی شۆڕشی ژنان کاتی دەوێت. پێشهاتێکی شۆڕشگێڕانەیە کە ڕەنگە پەنجا ساڵ یان سەد ساڵ بەردەوام بێت. ئەو تێگەیشتنەی کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە، ڕێبەر ئاپۆ چەسپاندوویەتی. پێش سەدەی بیست و یەک ئەم بڕوا و تێگەیشتنەی خستبووەڕوو، چونکە بە باشی ئاگاداری پێشهات و ئەزموونەکانی پەیوەست بە ئازادی ژنان بوو. هەرەوەها لەبەر ئەوەی دەیزانی سەدەی بیست و یەک سەدەی ژن دەبێت. ئەمڕۆ ئەم خەباتەی ژنان بۆ ئازادی بە پێشەنگایەتی گەریلاکانی یەژا ستار لە چوار پارچەی کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا گەورەتر دەبێت. ڕەنگە شۆڕشی ژنان لە سەدەی بیست و یەک تێپەڕێت. ناتوانرێت سنوورێک دیاری بکرێت. چونکە کات نییە بۆ ئەوەی ئەمە کۆتایی پێبێت. بێ کۆتایە. چونکە ئازادی ژن بوارێکی ئایدیۆلۆژییە. شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژییە. شۆڕشێکی فەلسەفییە. ئەم ڕۆشنگەرییە لە کوردستان بە پێشەنگایەتی بێریتان دەستی پێکرد، لە پێشەنگایەتی سوپای ئازادی کە لە لایەن بێریتانەکانەوە دەستی پێکرد. ئیلهامبەخشە بۆ هەموو جیهان. و ئەمەش بۆ ساڵانێک بەردەوام دەبێت." ڕاشیگەیاند لە دژی ئازادی ژنان سیاسەتێکی ترسناکی شەڕی تایبەت لە لایەن ڕژێمی شەڕی تایبەتی ئاکەپە-مەهەپەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەسەر هەموو کۆمەڵگەی تورکیا بەڕێوەدەچێت و چەندین ڕووداوی قێزەون و ترسناکی لێ کەوتووەتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە زلار ستێرک بانگەوازی لە هەموو ژنان کرد لەدژی زهنیەتی دژە-ژنی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە یەکبگرن و تێکۆشانی بەهێزی هاوبەش بکەن. ئاماژەی بەوەشدا ئەو ژنانەی پشتییان بە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەستووە هاوکات هەر ئەوانە قوربانی ئەو دەسەڵاتدارییەن، بۆیە پێویستەکات لە تێکۆشانی هاوبەشدا بەشداربن و لەدژی ئەو دەسەڵاتدارییە بوەستنەوە.