فەرماندەی یەژەشە: پێویستە هێزەکانی پاراستنی ئێزدی بەهێز بکرێن
یەک لە فەرماندەکانی یەژەشە ئاخین ئینتیقام ڕایگەیاند پێویستە هێزەکانی پاراستنی ئێزدی بەهێز بکرێن، گوتی: "ئەو هێزەی لەدەوری فیکری ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێکدەخات، شکست ناهێنێت".
یەک لە فەرماندەکانی یەژەشە ئاخین ئینتیقام ڕایگەیاند پێویستە هێزەکانی پاراستنی ئێزدی بەهێز بکرێن، گوتی: "ئەو هێزەی لەدەوری فیکری ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێکدەخات، شکست ناهێنێت".
یەک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) ئاخین ئینتیقام دەربارەی پێشهاتەکانی هەرێمەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی و شەنگال و گرنگیی بەهێزکردنی هێزەکانی پاراستن، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.
ئاخین ئینتیقام گوتی: " لەم مانگەدا ناوەندی شنگال ڕزگار کرا، بەم بۆنەیەوە هەموو ئەو شەهیدانەی گیانی خۆیان لە پێناو شنگال بەخت کرد و پێشەنگی ڕزگارکردنی شنگالیان کرد بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە، لە ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگالدا پیلان و هێرش لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان هەیە، ئەوانەی داعشیان دروست کرد و ویستیان کوردستان و لەناویدا شنگالیش بە تەواوی لەناو ببەن بەڵام نەیانتوانی، ئێستا خۆیان کەوتوونەتە هەوڵ، یەکێک لەو دەوڵەتانە دەوڵەتی تورکە کە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکات، ئێستاش هەم لە ٤٥٪ـی خاکی باشووری کوردستانی داگیر کردووە، هەم هەزاران چەتەی داعشی جێگیر کردووە، ئەمە تەنها شەڕێکی چەکداریی نییە، ئێستا جوتیارێکی باشووری کوردستان لە ترسی چەتەکانی دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە ئاسوودەیی بچێتە ناو باخەکەی، ئەمەش بە هاوکاری خیانەتی پەدەکە دەکرێت، بەداخەوە هەڵوێستی هێزەکانی تریش لە بەرامبەر ئەمەدا نییە، ئیتر پەدەکە ئاستی خیانەتی تێپەڕاندووە، ڕاستەوخۆ لە ناو هێرشەکانی دژی گەلی کورددایە".
"پێویستە کەس بەرامبەر دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبێت"
ئاخین تیشکی خستەسەر بێدەنگی بەرامبەر پلانەکانی دەوڵەتی تورک و گوتی: " جگە لە لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت، سیاسەتمەدار، کەسایەتییەکانی عێراقیش لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگن، ئەم بێدەنگییە واتای پشتگیری کردنی هێرشەکانە، هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکان شەرمەزارییە، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خاکی عێراق، گەلانی عێراق و بەتایبەت کۆمەڵگای ئێزدی ڕووبەڕووی مەترسی جددی دەبنەوە، جگە لە هێزی گەل هیچ هێزێک ناتوانێت پێش بە هێرشەکان بگرێت، پێویستە گەلی ئێزدی و باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا ڕاپەڕن بۆ ژیانێکی ئازاد، جگە لە دەرچوون دژی هێرشەکان هیچ ڕێگایەکی تر نییە، تا دێت مەترسی زیاد دەبێت و ئاڵۆزییەکانیش قووڵ دەبنەوە، پێویستە گەلەکەمان دۆخی هەنووکەیی باش تێبگات، پیلانی کۆچبەرکردن، تاڵان و چۆڵکردنی خاکەکەمان هەیە."
"ئەگەر هێزی پاراستنمان نەبێت، ئێمەش نابین"
فەرماندەکەی یەژەشە تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر شەنگال و شەڕڤانانی ئێزدی و گوتی: " ڕۆژانە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، شەڕڤان و ژن دەکرێنە ئامانج، نابێت چاومان لەم هێرشانە دابخەین، شەڕڤانانی گەل، شکۆی ئێوە دەپارێزن، خاکی ئێوە دەپارێزن، نابێت گەلەکەمان ئەمە وەک بابەتێکی سیاسیی وەربگرێت، نابێت گەل گوێ بداتە پڕوپاگەندەی دوژمن دژی هێزەکانی پاراستنمان، پێویستە بزانن ئەگەر هێزەکانی پاراستنمان نەبن، ئێمەش نابین، پێویستە گەل بزانێت لەم کاتەدا بەهێزکردنی هێزەکانی پاراستنمان کاری سەرەکییە، لە هەر کاتێک زیاتریش هێزمان هەیە کۆمەڵگای خۆمان بپارێزین و خاوەنداریی لە گەلەکەمان بکەین."
"ئەو هێزەی لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێک بخات، شکست ناهێنێت"
فەرماندەی یەژەشە ئاخین ئینتیقام لەکۆتاییدا گوتی: " سیستەمی ئێمە بە فکری ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، یەبەشە و یەژەشە هیچ کات سەریان بۆ دوژمن نەچەماندووە، پێویستە حکومەتی عێراق (سوودانی) و خیانەتکارانیش بزانن حیسابی ئەم پیلانانەی جینۆساید و پشتگیری کردنی دوژمن دەدەن، ئێمە بە حکومەتی عێراقیش دەڵێین، ئەگەر واز لە هاوکاری لەگەڵ دوژمن نەهێنن باجی قورس دەدەن، پێویستە گەلەکەشمان باوەڕی بە هێزەکانی خۆی هەبێت، چونکە هێزەکانمان خاوەن ئیرادە و هێزێکی گەورەن، هێزێک فکری ڕێبەر ئاپۆی لە پشت بێت، هیچ کات لە بەرامبەر دوژمندا ناشکێت."