بەشێکی دیکە لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی مەراسیمی هەزار دەفی دەگاگا

ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی هەزاران کەس مەراسیمی هەزار دەف لە گوندی دەگاگا بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنج شەممەی پێشوو ٤ ی نیسان، لە مەراسیمێکی فەرهەنگی شکۆداردا لە گوندی دەگاگای هەورامانی ڕۆژهەڵات بە بەشداری نزیکەی ١٥ هەزار کەس لە شوێنە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران مەراسیمی هەزار دەف بەڕێوەچوو.

 یەکێک لە سیما جوانەکانی مەراسیمەکە ئەوەبوو کە خەڵکی بە جلوبەرگی کوردیی ڕەنگاوڕەنگ و ئاڵوواڵاوە دیمەنێکی جوانیان بە مەراسیمەکە بەخشی. هەروەها بە پۆشینی ئەو جلوبەرگە کوردی و فەرهەنگییە کولتوریەی کوردستان سەرنجی میوانانی شوێنە جیاوازەکانی ئێران و میوانەکانی دەرەوەشیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشا بوو. 

  ئەوەی کە زیاتر بووە جێگەی سەرنجی میوانەکان، بەشداری بەرفراوانی ژنان بوو لە مەراسیمەکەدا هەم بە بەشداریکردنیان لە دەف ژەنیندا، هەم لە پێشانگای کارە دەستی و فۆلکلۆرییەکانی هەورامان و بەرهەم و خواردنەکانی تایبەت بە ناوچەکە.  

 لە مەراسیمەکەدا بە پێی بیناسازیی هەورامان، دەف لێدەرکان لە سەر سەربانی ماڵەکانی گوندەکە ڕیزیان بەست و هونەری خۆیان پێشکەش کرد، کە جۆشوو خرۆشێکی تایبەتیان بە مەراسیمەکە بەخشی.

وا بڕیارە ڕۆژی هەینی ١٩/٤/٢٠٢٤ لە شارەدێی پاڵنگانیش هەمان مەڕاسیم بەبەشداری خەڵکی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەڕێوە بچێت.

 ئێمە گۆشەیەکی تر لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی مەراسیمی هەزار دەفی دەگاگاتان بۆ دەگوازینەوە.

هـ . ب