دکتۆر هاوار شافعی: دەسەڵاتی تورکیا ئایین بە کاردێنێت بۆ داگیرکاریی

دکتۆر هاوار شافعی زانای ئاینی، ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورک ئایین بەکاردێنی بۆ داگیرکردنی خاکەمان، وتیشی: "دەبێت لە ڕۆژانی هەینی دژی زوڵم و زاڵمان بەتایبەتی دەوڵەتی تورک بوەستینەوە کە لەشکرکێشی و داگیرکاری ئەنجام دەدت بۆ سەر گەلەکەمان."

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکی کوردستان بەردەامە، لە بەرانبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکدا، حکومەتی باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێراق بێدەنگ و بێ هەڵوێستن. لەو بارەیەوە دکتۆر هاوار شافعی هەڵگریی بڕوانامەی دکتۆرا؛ لە زانستەکانی قورئان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'دەسەڵاتی تورک ئایین بەکاردێنێت بۆ داگیرکاری'

دکتۆر هاوار شافعی ئاماژەی بەوە کرد، لەشکرکێشی و داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان نوێ نییە، لە مێژە داگیرکەران هەوڵی داگیرکردنی خاکەکەمانیان داوە، وتی: "لە ئێستادا کە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، درێژە پێدەری داگیرکارییەکانی مێژووە. گەورەترین هۆکار ئەوەیە گەلی کورد خواستی ئازادی و سەربەخۆیی هەیە، هەمووکات بەرەنگاری هێرش و داگیرکارییەکانی دووژمن بووەتەوە.

ناتوانین بە تەواوی بڵێین ئەو لەشکرکێشییەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێتە سەر میللەتەکەمان، بە ڕەهایی بە ناوی ئایینەوە دەکرێت، چونکە دەسەڵاتی تورک ئایین بەکاردێنێت، عەلمانییەکانی تورکیاش بەشدارن لە داگیرکارییەکان. لە ئایینی ئیسلامدا ئەمە ڕێگەپێدراو نییە، ئایینی ئیسلام هەرگیز پشتگیریی داگیرکەران ناکات، بۆ سەر میللەتانی تر، ئەوەشی ئەنجامی بدات تەعبیر لە  دەسەڵاتی خۆی دەکات."

وتیشی: "ئامانجی تورکیا لە داگیرکاریی بۆ سەر گەلەکەمان ئەوەیە گەلی ئێمە گەلێکی زیندووە، ئەویش نایەوێت گەلێکی زیندوو هەبێت. گەلی کورد لە دێر زەمەنەوە چەندیین کە سایەتی شۆڕشگێڕی تێدا هەڵکەوتووە، ئازادیخوازی تێدا دروستبووە، هەمووکات لە ڕێگەی ئازاییەوە هەوڵی ئەوەی داوە بگات بە سەربەخۆیی، ئەم دەسەڵاتەش دەیەوێت گەل وەکو کۆیلە لە ژێردەسەڵاتیی ئەودابن، ڕایان نەبێت، بوونیان نەبێت. ئامانجی ئەوەیە هۆشیاری و بوونی کورد بسڕێتەوە."

'پێویستە لە بەرانبەر زوڵم و ستەم خەڵک چەکداربن'

لە درێژەی قسەکانییدا دکتۆر هاوار باسی لەوە کرد دەوڵەتانی داگیرکەر جیاوازی ناکەن لە نێوان منداڵێک و کەسێکی ئاساییدا بە هەموو جۆرێک کۆمەڵکوژی و قڕکردنی ژینگەی ئەنجام دەدەن، وتی: "ئەم لەشکرکێشییانە کە لایەن تورکەوە دەکرێت بۆ سەر خاکەمان ژینگە و گوندەکانیش لە ناودەبات. گوندەکان وێران دەکات چونکە لە گوندەکانەوە شارستانییەت بڵاوبووتەوە.

بەهۆکاری ئەم هێرشانە خەڵک دەکوژرێت و ئاوارەدەبن، گوندەکان وێران دەبن، لە هەر شوێنکدا زوڵم و ستەم هەبوو پیویستە خەڵک وەڵامی ئەو زوڵم و ستەمە بدەنەوە، پیویستە خەڵکی ئەو ناوچانەش چەکداربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زوڵمە. هەرکەسێک بە نیازی بەرگرییکردن لەسەر خاک بکوژرێت شەهیدە، وە میللەتی ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەرکاتێک زوڵم و ستەم هەبووبێت بەرەنگاری بوونەتەوە."

'مامۆستایانی ئایینی پێویستە نمونە و پێشەواکانیان شۆڕشگێرانی کورد بێت'

دکتۆر هاوار تیشکی خستەسەر ئەوەی پێویستە مامۆستایانی ئایینی و خەڵکیش دژی ئەم داگیرکارییە بووەستنەوە بەمجۆرە دوا: "هەر مامۆستایەکی ئایینی گوێی لەم ئایەتەی خودای گەورە بووبێت کە دەڵێت "مەیلی دڵتان بە لای زاڵمان نەڕوات چونکە دەچنە دۆزەخەوە بەوهۆیەوە" مامۆستایی ئایینی نابێت پشتگیری زاڵم بکات، ئەو زاڵمە هەرکەسێک بێت. ئێستا بەداخەوە هەندێک مامۆستای ئایینی کە دابەشبوون بەسەر کۆمەڵێک فکردا، لەبەر ئەوەی سەرکردەیەک لەسەر باوەرەکەی خۆییەتی خەڵک دەکوژێت و داگیرکاریی دەکات بە حەقی دەزانێت و پشتگیری دەکات. ئەمە خیانەت لە مێزەرکەی و لەو میمبەرەی کە وتاری لەسەردەدات.

هیچکات دیینی ئێمە لەگەڵ زاڵم نیە، زاڵمەکە ئەگەر براشت بێت دەبێت دژی بوەستییتەوە و ڕێگری لێبکەیت. بۆیە مامۆستایانی ئایینی کورد دەبێت پێشەواکانیان شۆڕشگێرانی کورد بێت، قازی محمەد و شیخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی عەفید بێت، چونکە ئەوان بۆ ڕزگاری گەلەکەمان خۆیان کرد بە قوربانی. بۆیە دەبێت لە ڕۆژانی هەینی دژی زوڵم و زاڵمان بەتایبەتی دەوڵەتی تورک بوەستینەوە کە لەشکرکێشی و داگیرکاری ئەنجام دەدات بۆ سەر گەلەکەمان".

لە کۆتایی قسەکانییدا دکتۆر هاوار شافعی بانگەوازی لە گەل کرد بە هەرجۆرێک دەتوانن دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە، وتی: "دەبێت مرۆڤ بە هەر ڕێگەیەک بێت بە خۆپیشاندان و وتار، تەنانەت دەتوانن بە پۆستێکیش بێت دەتوانێت دژی داگیرکاریی بوەستێتەوە، نابێت کاریگەری حیزب وای لێبکات کە پشتیگری زاڵم بکات و دژی مەزڵوم بوەستێتەوە.

کۆتا پەیامم ئەوەیە هەرکەسێک لە گەلی ئێمە لە بەرانبەر دووژمنان دەوەستێتەوە، با لەسەر ڕێبازی شۆڕشگێران بێت."