بە دیمەن

گروپی ئامارا گۆرانی 'هیوای من'ی بڵاوکردەوە

گروپی هونەری ئامارا (کۆما ئامارا) بۆ یادکردنەوەی شەهید هێڤی گابار گۆرانییەکەی نوێی بە ناوی 'هیوای من' ئامادە کرد و بڵاویکردەوە.

شەهید هێڤی گابار

گروپی ئامارا لە ٤هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی هێڤی گابار، بۆ یادکردنەوەی شەهید هێڤی گابار (گولستان ئاکسۆی) کە لە ٢٦ی تەمموزدا لەوکاتەی چارەسەری بریندارییەکەی وەردەگرت شەهید بوو، گۆرانییەکی بە ناوی 'هیوای من' ئامادەکرد.

تێکستی گۆرانیەکە لە لایەن فرات باران و پەلشێن مونزوروە ئامادەکراوە، هەروەها میوزیکی گۆرانیەکە لەلایەن پەلشین مونزورەوە دانراوە.

ئەندامی گروپی ئامارا خۆزان هارون کە میکسی گۆرانیەکەی دروستکردووە باسی لە ژیانی شەهید هێڤی کرد و وتی: "بەداخەوە هەڤاڵ هێڤی لە ساڵی ٢٠١٥دا لە شەڕی سەریکانی بە قورسی بریندار دەبێت و بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەچێتە ئەوروپا. لەوێ هەست بە غەریبایەتی خۆی دەکات، لە خەونی ئەوەدا بوو جارێکی دیکە بگەڕێتەو بۆ کوردستان و تا کۆتا هەناسەی خۆی تێکۆشان بکات. بەڵام بەداخەوە لە ئەوروپا بەم حەسرەتەوە گیانی لەدەستدا."

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا لە پێناو بە ژیانیکردنی یادی شەهید هێڤی وەک گروپی ئامارا گۆرانییەکمان بۆ ساڵوەگەڕی یادکردنەوەی ئامادە کرد و وتی: "لەسەر ئەم بنەمایە وەک گروپی ئامارا جارێکی دیکە هەڤاڵ هێڤی و هەموو هەڤاڵان کە گیانی خۆیان بەخشی بە ڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. ئەم گۆرانییە پێشکەشی هەڤاڵ هێڤی، هەڤاڵانی شەهیدمان و هەموو هەڤاڵانی تێکۆشەرمان دەکەین."