حاجی خەلیل زەهاوی.. شێخی خۆشنوسانی كورد، 300 تابلۆی هونەریی بەتاڵانبرا و خۆیشی بەغەدر تیرۆركرا

ئەو هەر بەتەنیا پیاوێكی ئاینی و شێخی تەریقەت نەبوو، شێخی خۆشنوسانیش بوو، هونەر وئاینی بەیەكەوە گرێدابوو. هونەری خۆشنووسی و شێوەكاری تێكەڵ كردو كردییە هونەرێكی جیهانی

فرە بەهرەبوو، لەلای هونەرمەندی شێوەكار و خۆشنووس بوو، لەلەیەكی ترەوە مامۆستا و ئیمام و خەتیب، مورشیدی تەریقەت بوو، قورئانخوێن و دەنگخۆش بوو.

زۆرێك لەژێر دەستی ئەو فێربوون و ئیجازەی تەریقەتی هونەری خۆشنووسی ئەویان وەرگرت. خۆ لەخۆڕا نەبوو عەرەبەكانی بەغدا نازناوی "شێخی خەتی عەرەبی"یان پێ بەخشی بوو، ئەوان دركیان بە توانای هونەری ئەم خۆشنووسە كوردە كردبوو> ئەم خۆشنووسە كوردە هەموو ژیانی خۆی بۆئەم هونەرە تەرخانكرد، تا رۆژی كوژرانیش كە سەرو گیانی لەسەر دانا و دەستی لەقەڵەم و مەركەب هەڵنەگرت.

خەلیل زەهاوی كێ یە؟

خەلیل ئیبراهیم باوە خان زەهاوی لە ساڵی 1946 لە شاری خانەقین لە دایك وبابێكی زەحمەتكێش لەرۆخی ئاوی ئەڵوەن لە دایكبووە. ئەو لەنێو خۆشنوساندا بە حاجی خەلیل زەهاوی ناسراوە.

زەهاوی ی خۆشنوس خاوەن هەستی كوردایەتی بوو. كوردێكی رەسەن بوو ئەو هەموو ساڵەش لەبەغدا ژیابوو بەڵام لەناو عەرەبدا نەتوایەوە و شانازی بەكوردبوونیەوە دەكرد. بۆیەش لە ساڵی 1974 لە شۆڕشی ئەیلوول دەبێت بە پێشمەرگە و لە بەشی راگەیاندن و رۆشنبیریی شۆڕشدا دەبێتە خۆشنووسی شۆڕش و مەلا مستەفای بارزانی.

 

بۆئەوەی فێری خۆشنوسی بێ چیكردووە؟

بەڵام زۆر نامێتنێتەوە و زوو بەجێی دەهێڵێت و روو دەكاتە ئێران. بۆ پەرەدان بە خوولیای خۆشنووسی دەگەڕێت بەدوای كەسێكدا شتی نوێی لێوە فێربێت. لەسەرەتا حەزی بە خەتی تەعلیق بوو یاخود ئەو جۆرەی پێی دەوترێت خەتی فارسی، چونكە خانەقین هاوسنور و دراوسێی ئێرانە بەسای ئەمەوە چاوی بەتابلۆ و كارە هونەرییە فارسییەكان كەوتبوو چووبوە دڵیەوە و تەمەننای ئەوەی دەكرد ئەویش ڕۆژێكبێ  ئەویش ئاوها ببێتە هونەرمەندێكی خۆشنووس و بەدڵی خۆی تابلۆ بكێشێ.

بۆبەدیهێنانی ئەم حەزو خولیایەی كۆڵی نەدا ئەوەبوو هەر لەو ساڵەدا واتا دوای واز هێنانی لە پێشمەرگایەتیی چووە ئێران، لەوێ سەردانی گەورە خۆشنووسانی ئەو وڵاتە دەكات.و لەلایەن خۆشنوسی ناوداری ئێران"زێڕین خەت"وە بڕوانامە و ئیجازەی پلە یەكی پێ‌ دەبەخشرێت .

لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاكان ماڵی دەباتەوە شاری بەغدا و لە وەزارەتی رۆشنبیری دادەمەزرێت و دەبێتە بەرپرسی بەشی هونەری خۆشنووسین لە فەرمانگەی "هونەرەكانی شێوەكاری" و هاوكات دەبێتە پسپۆڕی هونەری خۆشنووسین لە هەمان وەزارەت.

 

حاجی خەلیل زەهاوی، بۆ یەكەمجار هەردوو هونەری خۆشنووسی و شێوەكاری تێكەڵ بەیەكتركرد

زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین لەنێوهەموو جۆرەكانی هونەردا، خۆشنووسی بەلای ئاینی ئیسلامەوە هونەرێكی جێ پەسەند و ستایشكراوە، ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزش بە خەتی جوان  وخۆشنوسییەوە دەنوسرێتەوە،  حاجی خەلیل زەهاوی ناوێكی دیاری ئەم هونەرەیە، جێگەیەكی بەرزی هەیە لەنێو خۆشنووساندا و ناوێكی دیاریشە لەجیهانی ئیسلامی دا.

لەحەفتاكان گەورە خۆشنووسی عێراقی هاشم محەمەد بەغدادی مژدەی دوارۆژێكی گەش و پرشنگداری دەداتێ لەهونەری خۆشنوسی، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێك لەتابلۆكانی زەهاوی دەبینێ. هەرواش دەرچوو ئەم هونەرمەندە دەیان و سەدان خوێندكاری پێگەیاندووە و لێوەی فێری بنەما و هونەری خۆشنوسی بوون.

 

ئەو توانی بۆ یەكەمجار هەردوو هونەری خۆشنووسی و شێوەكاری تێكەڵ بەیەكتر بكا و هونەری خۆشنووسینی چەق بەستووی لە هونەرێكی ئیسلامییەوە كردووە بەجیهانی. نەك هەر ئەوەندە بگرە توانیشی ببێتە  داهێنەری قوتابخانەیەكی هونەری تایبەت بەخۆی لەبواری هونەری خۆشنووسیدا، كە بەناوی خۆیەوە (قوتابخانەی زەهاوی) ناسراوە . . بەجۆرێك خۆشنووسان دەڵێن ئەوەی دەیەوێت فێری ئەم هونەرە بێت دەبێ سەرەتا بەم مەدەرەسەیەی زەهاوی تێپەڕبێ.

 

چەندین كتێبی لەباری هونەری خۆشنوسییەوە دانا

بۆئەوەی خەڵكی تر بتوانن سوود لە شارەزایی و شێوازە هونەرییەكەی وەربگرن ئەگەر خۆشی نەمێنێ، چەندین كتێبی لەباری هونەری خۆشنوسییەوە دانا و ئەوەی دەیزانی لە تەجروبە و ئەزموونی دوورو درێژییەوە خستیە چوارچێوەی كتێبەكانیەوە، هەرواش دەرچوو ئێستا ئارەزوومەندانی فێربوونی ئەم هونەرە پەنا بۆ كتێبەكانی ئەو دەبەن.

لە ساڵی 1977 یەكەم كتێبی خۆی لە بارەی بنەماكانی هونەری خۆشنووسینەوە دانا بەناوی قەواعیدی خەتی تەعلیق، بەعەرەبییە ئەمە یەكەم كتێبیەتی چاپ وپەخش كرد و لەسەرتاسەری وڵاتە ئیسلامییەكان بڵاو بووەوە و دەنگ وسەدایەكی زۆر باشی هەبوو دەیان جار چاپكراوەتەوە چونكە هەر زوو لەبازاڕدا نەماو پێشوازی زۆری لێكرا.   

هەر بۆیە دواتر چەندین كتێبی تری ِبە بەهای بەچاپ وپەخش گەیاند. تابلۆكانیشی لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی وجیهانی بڵاو بونەتەوە.

 

بەتاڵانبردنی تابلۆكانی حاجی خەلیل زەهاوی:

300 تابلۆی لە مۆزەخانەی "ناوەندی سەدام بۆ هونەرەكان" دزرا و هەندێكیان لە بازاڕەكانی بەغدا بەنرخێكی زۆر هەرزان دەفرۆشران

لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق تاڵانچییەكان نزیكەی 300 تابلۆی حاجی خەلیل زەهاوی زەهاوی لە مۆزەخانەی "ناوەندی سەدام بۆ هونەرەكان" دەدزن و هەندێكیان لە بازاڕەكانی بەغدا بەنرخێكی زۆر هەرزان دەفرۆشن، ئەو تابلۆ هونەرییانەی كە وا بەری رەنجی بیست ساڵ كاری شەوانە رۆژی بوو لەپڕێكدا دزرا. ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە دەستنووس و كتێبەكانی بەتاڵانـبرا.

ئەم كارە كاریگەری زۆر دەكاتە سەر دەروونی زەهاوی و زۆر بێتاقەتی دەكات. بەتایبەت ئەو رۆژەی لەبازارێكدا بەشێك تابلۆكانی خۆی دەكەوێتە بەرچاو و دەبینێ وا دەفرۆشرێن هۆ هۆن فرمێسك لەچاوەكانی دێتەخوارەوە و دەسدەكات بەگریان، گریانێكی بەسۆز. وادیارە ئەم هونەرمەندە زۆر هۆگری كارە هونەرییەكانی بووە  بۆیە وا كزە لەجەرگییەوە دێ بۆیان.

بەشێك لەو تابلۆیانەی خۆی كە پێش داگیركاری ئەمریكا لەعێراق بەهاكەیان  بە ملیۆن دیناری عێراقی بوو، كەچی وا هەرزان فرۆشكرابو كە خۆی دانەیەكی لەو تابلۆیانە بە 50 پەنجا هەزاری دیناری ئەوكاتەی عێراقی كڕییەوە وەك دەڵێن ڕۆنی خۆی لەسمێڵی خۆی دەدەنەوە، ئەو تابلۆیانەی شەو رۆژی لەسەر یەك دانابوو و خەریكی كێشانی بوو ئێستە وای لێهاتووە خۆی لەبازاڕ بیكڕێتەوە.!

 

مەرەكەبی خوێناوی

ساڵ 2007ەو حاجی خەلیل زەهاوی -یش تەمەنی 65 ساڵە،  ئەو پیاوە ڕیش سپییە نوورانییەی كە روخسارێكی پاك و بەریئی هەبوو، ماڵی لەناوەراستی شاری بەغدادا بوو، رۆژی شەممە رێكەوتی 25/5  وەك ڕۆژانی ئاسایی بەنیازە لەماڵ دێتەدەر تابچێتە سەركار و لەدوكانەكەی  خەریكی هونەری خۆشنوسی بێ

وادیارە دەستەیەك پیاوكوژ بۆی دانیشتوون و چاوەڕوانی هاتنە دەرەوەی دەكەن تا زەفەری پێ ببەن و پیلانەكەیان جێبەجێ بكەن، پیلانی ئەوەی بەكوشتنی ئەو و كۆمەڵێك كەسایەتی ناسراوی بەغدا بهەژێنن و ئەوەندەی تر باردۆخەكە ناخۆشبكەن. ئەو بارودۆخەی كە دوای هاتنی ئەمریكا بۆ عێراق دروست بوو ئەویش ئەوەبوو شەوانە و بەرۆژی رووناكیش كەسایەتی و مەلا و رۆشنبیر و پیاوە مونەوەرەكان دەكوژران و بێ ئەوەی كەسیش بزانێ ئەمانە كێن وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچوون.

حاجی خەلیل یش جگە لە ناوبانگە هونەرییەكەی، پێشنوێژو وتار خوێنی مزگەوتێكی بەغدا بوو، ناوی بەهەموو لایەكی ئەو شارەدا بڵاببوەوە و ئەوەنەبوو كوردێكی غەریب بێ لەو شارەدا.  لەبەردەم ماڵەكەی خۆی درایە بەر دەسترێژی گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، بۆیە لەو ڕۆژەوە وشەی "شەهید"یش چووە پاڵ ناوەكەیەوە. بێ ئەوەی هیچ تاوانێكی كردبێت ئەو پیاوە نورانییەیان لەخوێنی خۆی گەوزاند و قەدەر وابوو حاجی خەلیل دواهەمین تابلۆی ژیانیشی بكێشێ بەڵام ئەمجارەیان مەرەكەب نەبوو بەڵكو بە خوێنی ئاڵی ڕژاوی سەر جەستەی بوو. تەرمەكەشی بردرایەوە بۆخانەقین و لەشاری ماڵەباوان لە گۆڕستانی ئیمام عەباس بەخاك سپێردرا..

 

سەرچاوە:

-        وتارێك بەناونیشانی "پیری خۆشنوسانی كورد حاجی خەلیل زەهاوی": ستار جەباری

-        الحاج خلیل الزهاوی... رحلە الحبر و الدم