لە ئوتامارا ٢٠ـەمین فێستیڤاڵی نەریتی منداڵان بەڕێوە چوو

ناوەندی کۆبوونەوەی ژنانی ئوتامارا کە لە هەرێمی ڕاینلاند-فاڵتسی ئەڵمانیا چالاکە، ئەمساڵ ٢٠ـەمین فێستیڤاڵی نەریتی منداڵانی بە دروشمی "ناتوانن خەونەکانمان بدزن" ئەنجامدا.

لەم فێستیڤاڵەدا منداڵانی نەتەوە جیاوازەکان لەدەوری یەک کۆبوونەوە، هەم چێژیان وەرگرت و هەمیش تواناییە کولتووری و هونەرییەکانی خۆیان نمایشکرد.

فێستیڤاڵێک لە سایەی شەڕدا

فێستیڤاڵەکە لە شاری ئۆنکێل بەڕێوەچوو. گوڵستان کانی ڕەش نوێنەری ئوتامارا سەرەتا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە فێستڤاڵەکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە شەڕ و توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە. کانی رەش وتی: "ئێمە ئەمڕۆ فێستیڤاڵ بەڕێوە دەبەین، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەزاران منداڵ و ژن ڕووبەڕووی مەرگ و ماڵوێرانی دەبنەوە، وەک ژنانی ئوتامارا دەڵێین: با ئەم شەڕە کۆتایی بێت و چیتر منداڵان و ژنان نامرن."

ڕەنگە کولتوورییەکان و نمایشەکانی سەر شانۆ

لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا منداڵان بەرهەمەکانیان هونەر، مۆسیقا و سەمایان لەسەر شانۆ نمایش کرد. لە چالاکییەکەدا خواردنی کوردەواری و ئەڵمانی پێشکەش بە میوانەکان کرا. فێستیڤاڵەکە منداڵانی نەتەوە جیاوازەکانی لەدەوری خۆی کۆکردبووە، لە کەشێکی هەمە کولتوریدا بەڕێوەچوو.

گروپێکی سەمای منداڵان لە شاری ترۆیزدۆرفی ئەڵمانییەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و بە سەمای فۆلکلۆر و جلوبەرگی نەتەوەیی کوردیەوە سەرنجی جەماوەریان ڕاکێشا. ڕانیا ئالجی کە پێشکەشی فێستیڤاڵەکەی دەکرد، بە کەمانچەکەی جۆشێکی مەزنی بە فێستڤاڵەکە بەخشی.