لە کەرکوک سەبارەت بە "ھونەری تەکنیکیی نوێ لە چیرۆکی کوردی"، پانێڵێک سازکرا
لە شاری کەرکوک، بەناونیشانی "ھونەری تەکنیکیی نوێ لە چیرۆکی کوردی" یەکێتی نووسەرانی کورد پانێڵێکی بۆ دەستەیەک لە توێژەرانی بواری چیرۆکی کوردی سازکرد.
لە شاری کەرکوک، بەناونیشانی "ھونەری تەکنیکیی نوێ لە چیرۆکی کوردی" یەکێتی نووسەرانی کورد پانێڵێکی بۆ دەستەیەک لە توێژەرانی بواری چیرۆکی کوردی سازکرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی دیالۆگ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبووانی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیب و کەسایەتی رۆشنبیری شارەکە، لەژێر ناونیشانی "ھونەری تەکنیکیی نوێ لە چیرۆکی کوردی" یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک، هەستا بە سازکردنی پانێڵێک بۆ هەر سێ توێژەری بواری ئەدەبی (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، سابیر ڕەشید، د. سەمهد ئهحمهد).
لە پاش ووتەیەکی نووسەر و شاعیر دانا عەسکەر، سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک، لەسەر چۆنێتی کۆڕ و چالاکییەکانیان کە لە داهاتوو لەبواری ئەدەبیی بەهەموو ژانرەکانییەوە لە شاری کەرکوک ئەنجامی دەدەن، پانێڵەکە بە زانیاریی ورد لەسەر چیرۆکی کوردیی دەستیپێکرد، پاشان د. نەوزاد ئەحمەد نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لە بڕگەیەکی قسەکانیدا باسی ڕەگەز و تەکنیکەکانی نووسینی چیرۆکی کرد، هەروەها باسی لە جیاوازی بنەماکانی چیرۆک و ڕۆمان کرد.
لە پانێڵەکەدا، چیرۆک نووس و توێژەر لە بواری چیرۆک و رۆمان سابیر ڕەشید، باسی لە پەرەسەندنی چیرۆکی کوردی کرد لە تەواوی پارچەکانی کوردستان، هەروەها باسی ئەوەی کرد کە جێگای پرسیارە بۆچی وەرگێرەکانمان ئەوەندەی گرنگییان بە وەرگێرانی ڕۆمان داوە ئەوەندە گرنگیان بە وەرگێرانی چیرۆک نەداوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا، د. سەمەد ئەحمەد نووسەر و توێژەری چیرۆکی کوردی، باسی چیرۆکی کوردی لە قۆناغی پێش ڕاپەرین و دوای ڕاپەڕینە مەزنەگەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان کرد و بەراوردی نێوان هەردوو قۆناغەکەی کرد.
"ئازادیی سیاسی کاریگەری لەسەر چیرۆکی تازەی کوردی هەبوو"
سەبارەت بە پانێڵەکە، د. سەمەد ئەحمەد نووسەر و توێژەری چیرۆک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گووتی: "لەم پانێڵە هەوڵمدا قسە لەسەر دوو قۆناغی جیاواز بکەم سەبارەت بە چیرۆکنووسانی کورد، پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، کە پێش ڕاپەڕین دۆخێکی سیاسی نالەبار هەبوو کە نووسەران، ڕۆژنامەنووسان ئازاد نەبوون لە دەربڕینی وشەکانیان و دەقەکانیان کە چۆن ڕەنگدا بداتەوە، جگە لەوەی کە ئازادی سیاسیش لە بنبەستدا بوو، بۆیە ئەوەی ئەگەر نووسیبێتیان بەشێوەی هێما خستوویانەتەڕوو، لەڕووی تەکنیک و شێوازەوە تایبەتمەندی خۆی هەبوو، ئەو قۆناغە لەبەرچاوە، بەڵام لە ڕاپەڕینەوە دۆخەکە گۆڕا، دۆخی سیاسی ئازادییەکی زۆر بەرقەراربوو، هەروەها کۆڕ و چالاکی سیاسی، ئەدەبی، ڕۆشنبیری، ڕێکخراوە هاتەکایەوە، ئەم دۆخە بووە مایەی ئەوەی کە چیرۆک نووسانیش ڕۆڵێکیان هەبێت لەم دۆخەدا، لێرەوە ئەم دۆخە سیاسییە ئازادە کاریگەری و ڕەنگدانەوەی هەبوو لە چیرۆکی تازەی کوردی".
"ڕەنگدانەوەی تەکنیکە نوێیەکان لەسەر چیرۆکی کوردی"
هەروەها، دکتۆر نەوزاد ئەحمەد نووسەر و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە بانێڵەکە گووتی: "باسی ڕەگەزەکانی چیرۆکم لەڕووی هونەریی و تەکنیکەکانی گێڕانەوە کرد و بەشێوەیەکی تیۆری لەم دووانە، وە تەرکیزم کردۆتە سەر تەکنیکە نوێیەکانی چیرۆک وڕەنگدانەوەی ئەم تێکەڵە نوێیانە لە چیرۆکی کوردییەدا، تەکنیکە نوێیەکان فرەی چیرۆکبێژی یان چیرۆکبێژێک کە خۆی بەناوی خۆیەوە بەشدارە، گرنگتر شێوازێکی نووسینی تازەیە بە تایبەتی لە چیرۆکی کوردی، لە ئەدەبیاتی ئەوروپی پێشکەوتوو تا ڕادەیەک لە عەرەبیش تازەیە، پێی دەوترێت ڕیالیزمی پیس لەدوای ساڵانی ٢٠٢١ بەدواوە لە چیرۆکی کوردی خەریکە سەرهەڵدەدات و ڕەنگی داوەتەوە بە تایبەتی لای چیرۆک نووسی گەنجان، بە زمانێکی سادە باسی ئەو کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییانە دەکات کە مرۆڤی سادە لە ژیانی ڕۆژانەدا دووچاری دەبێت".
"کە باسی چیرۆکی کوردی دەکەین پێویستە باسی چیرۆکی هەموو پارچەکانی کوردستان بکرێت"
لەلای خۆیەوە، سابیر ڕەشید چیرۆک نووس و توێژەر لە بواری چیرۆک و رۆمان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) بەم شێوەیە باسی لە باسی خۆی لە پانێڵەکە کرد: "لە بانێڵەکەدا باسی بابەتی کتێبێکی خۆم کرد کە ئێستا لەژێر چاپە بەناوی "کاروانی چیرۆکی کوردی"، باسی چیرۆکی هەموو پارچەکانی کوردستانم کردووە، بە پێچەوانەی توێژەرەکانی تر، ئێمەی چیرۆک نووسانی و نووسەرانی باشوری کوردستان بێ ئاگاین لە چیرۆک و چیرۆک نووسانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام کوردستان هەمووی یەک پارچەیە کاتێک کە باسی چیرۆکی کوردی دەکەین، پێویستە باسی چیرۆکی هەموو پارچەکانی کوردستان بکرێت، بەڵام لە توێژینەوەکانی خۆمدا بە وردەکارییەوە باسی هەموو چیرۆکی کوردیم کردووە، لێرە توانیم تیشکێک بخەمەسەر ئەو گۆڕانکاری، تەکنیک و هۆکارانەی بەدرێژایی ئەو حەوت قۆناغانەی کە چیرۆکی کوردی پیدا تێپەڕێوە، وە توانیم لەم باسەی ئەمڕۆمدا زۆر بە کورتی، باسی هەر حەوت قۆناغەکەی چیرۆکی کوردی بکەم بە پیدا تێپەڕێوە، هەروەها دەست بخەمە سەر ئەو نووسەرانەی کە ڕۆڵی ئەرێنی و پۆزەتیفیان هەبووە لە نوێکردنەوە و تەکان دان بە چیرۆکی کوردی".