جەژنی ئەکیتۆ: میراتی ٧ هەزار ساڵەی میزۆپۆتامیا

جەژنی ئەکیتۆ بە میراتی ٧ هەزار ساڵەی خۆیەوە، هەموو ساڵێک لە ١ی نیسان پیرۆز دەکرێت. ئەم جەژنە کە لە میزۆپۆتامیاوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، هاتنی بەهار و هیوا پیرۆز دەکات.

جەژنی ئەکیتۆ بە یەکێک لە کۆنترین جەژنەکانی جیهان دەناسرێت کە لە خاکی بەرهەمداری میزۆپۆتامیا دەستی پێکردووە و بە هەزاران ساڵە لەلایەن شارستانیەتە جیاوازەکانەوە پیرۆز دەکرێت و هەتا رۆژی ئەمڕۆ هاتووە. ئەم جەژنە واتە هاتنی بەهار و بوژانەوەی سروشت و سەرەتای ساڵی نوێ، نیشانەی شوناسێکی کولتوورییە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئاشووری، سریانی و کلدانی. کەواتە جەژنی ئەکیتۆ چۆن دەستی پێکرد، ڕێرەوە مێژووییەکەی چۆن بڕیوە و چۆن پیرۆز دەکرێت؟ ئەمە چیرۆکی ئەم جەژنە بێوێنەیە.

دەستپێکردنی ئەکیتۆ لە میزۆپۆتامیا

جەژنی ئەکیتۆ لەسەردەمی سۆمەرییەکاندا، کە یەکێکە لە کۆنترین شارستانیەتەکانی مێژوو لە جەژنی زاگموکەوە دەستی پێکردووە کە بە واتای سەرەتای ساڵە بە زمانی سۆمەریی. دواتر لە نێو شارستانیەتەکانی ئاکاد، بابل و ئاشوورییەکان گەشەی کرد و بوو بە نەریتێک کە وەک کۆتایی ئادار، سەرەتای نیسان پیرۆز دەکرا. ئەم جەژنە کە گرێدراوی ژیانی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکانی میزۆپۆتامیا دەستی پێکرد، بۆ پیرۆزکردنی سەرەتای کشتوکاڵ و گەشەکردنی سروشت بەڕێوە دەچوو.

ئەکیتۆ لە بابل جەژنێکی ١٢ڕۆژە بووە و لە یەکەم ڕۆژی نیساندا دەگەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. لەو کاتەدا، "داستانی ئەنوما عەلیش" خوداوەندی سەرەکی بابل مەردووک لە پەرستگاکاندا ستایش دەکرا، کە سیستەمی گەردوونی زیندوو دەکردەوە. پاشا بە ناوی گەلەوە داوای لێبوردنی لە خوداوەندەکان کرد، لە پەرستگاکان نزای دەکرد، پەیکەرەکانی خودا لە پەرستگای ئەکیتۆ (بیت ئاکیتی) لە تەنیشت ڕووبارەکان دادەنرا. ئەم ڕێوڕەسمانە نیشانەی ئەوە بوون کە خودا لە جیهانی ژێر زەوینەوە هاتووتە دەرەوە و بە بەهارەوە گەڕایەوە سەر زەوی.

لەنێو ئاشوورییەکان، جەژنەکە بۆ ڕێزلێنان لە خوداوەندی شەڕی ئاشوور پیرۆز دەکرا. مەراسیمەکان لە دەرەوەی قەڵاکانی شار لە خانووە تایبەتەکانی ئەکیتۆ پیرۆز دەکرا.

گۆڕانکاری مێژوویی

جەژنی ئەکیتۆ دوای کۆتایی هاتنی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا بەردەوام بوو. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی سەلیوکوس (٣١٢-٦٣ب.ز) و ئیمپراتۆریەتی ڕۆم پیرۆزکردنی جەژنەکە بەردەوامی بوو. بۆ نموونە، ئیمپڕاتۆری ڕۆما ئەلاگابالوس کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی سووریایە (پ.ز ٢١٨-٢٢٢)، ئەم جەژنە گەیشتە ئیتاڵیا و بە ناوی خودا ئێلاگابال پیرۆز کرا. بەڵام بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت و شێوانشێوی سیاسی لە میزۆپۆتامیا تاڕادەیەک پەرەسەندنی ئەکیتۆی ڕاگرت. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگەکانی ئاشووری، سریانی و کلدانی ئەم نەریتە کۆنەیان لەبیر نەکرد. ئەم کۆمەڵگایانە، کە لە گەلانی ڕەسەنی میزۆپۆتامیا بوون، ئەکیتۆیان وەک جەژنی بەهار و سەر ساڵی نوێ پاراست و بەڕێوە بردووە.

بەڵام لە سەدەی ٢٠دا بە تایبەتی بە هۆی کۆمەڵکوژی سەیفۆ لە ساڵی ١٩١٥و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشووری، کلدان و سریانیەکان ژمارەیەکی زۆریان ناچار دەبن لەو خاکەوە کۆچ بکەن. ئەم ڕەوەندە سنووری جوگرافیای ئەکیتی فراوانتر کرد و ڕۆحی جەژنەکەی گەیاندە زۆر شوێنی جیهان. لە تورکیا جەژنی ئەکیتۆ وەک نەریتێک لە نێو کۆمەڵگەی ئاشووریدا بە ساڵان بە بێدەنگی مایەوە و پیرۆز دەکرێت. لە سەدەی ٢٠دا بە هۆی 'ئەمنیەت'ـەوە ڕێگە نەدەدرا بە فەرمی جەژن بگێڕدرێت و ئەم جەژنە بە شێوەیەکی سەرەکی بە نهێنی لە ماڵەکاندا یان لە کۆمەڵگە بچووکەکاندا بەڕێوەدەچوو.

لە سەردەمی ئەمڕۆدا ئەکیتۆ: هێمای یەکگرتوویی و هیوایە

 لە سەردەمی ئێستادا جەژنی ئاشووری، کلدان و سریانی بە جۆش و خرۆشەوە لەلایەن گەلانی ئاشووری، کلدان و سریانییەوە لە هەموو جیهاندا بەڕێوەدەچێت. بەهەمان جۆش و خرۆشەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش پێشوازی لێدەکرێت. جەژنەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بەڕێوەدەچێت، بە پێچەوانەی جەژنەکانی سەردەمی کۆن کە ١٢ڕۆژان بەڕێوە دەچوو. لەم جەژنەدا گەلان لە یەکەمی نیساندا کۆدەبنەوە و گەشەکردنی سروشت پیرۆز دەکەن. جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان وەک نەریتێک لەبەر دەکەن و بە زمانی زگماکی خۆیان گۆرانی دەڵێنەوە و سەما دەکەن و لە ناوچە سروشتییەکان جەژن بەڕێوە دەبەن.

هەروەها لە هەندێک ناوچەدا ژنان تاجە گوڵینە دروست دەکەن و بە دەرگای ماڵەکانیانەوە هەڵیدەواسن. ئەم نەریتە کە بە 'دەقنا نیسان' واتا (رێگای نیسان) ناسراوە، هێمای بەرهەمداری بەهارە. ئەکیتۆ هێمای هیوا و پشتیوانی کۆمەڵایەتییە. سەرەڕای شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزێکە لە نێو گەلاندا یەکگرتووی دەخوڵقێنێ.

پاش شۆڕشی ڕۆژئاوا، بە ئازادی و ڕەنگە جیاوازەکانەوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت و جەژنی ئەکیتۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گرنگییەکی کولتووری و هەم گرنگییەکی ئایینی هەیە، بە تایبەت لە کانتۆنی جزیرە کە دانیشتووانی سریانی و ئاشووری زۆرن. پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، ئەو جەژنە زۆر بە ئاستەنگی بەڕێوەدەبرا و زۆرجار قەدەغە دەکرا. بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سیاسەتێکی نەتەوەیی گرتەبەر کە پاڵپشتی لە ئازادیی کولتووری سوریانی، کورد، عەرەب و گەلانی دیکە دەکات.

کۆمەڵگای سریانی و ئاشووری لە ناوچەکەدا بە درێژایی مێژوو هەمیشە ڕووبەڕووی ستەم و ئاوارەبوون بوونەتەوە، بەڵام لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا (٢٠١١) دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە بە ئازادی جەژنەکەیان بگێڕن. هاوکات کورد، عەرەب و تورکمانیش بەشداری ئەو جەژنەکەیان بوون و پشتیوانی خۆیان نیشان دا.

ئیدارەی خۆبەریوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە جەژنی ئەکیتۆدا پشووی فەرمی راگەیاندووە. ئامادەکارییەکان پێش جەژن لەلایەن پارتی یەکێتی سوریانیەوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت. ئەم ئامادەکاریانە بریتین لە دیاریکردنی بەرنامەکانی بۆنە و ڕازاندنەوەی شوێنەکان و هەروەها ڕێکخستنی شوێنی جەژنەکان. ئەمساڵ لە ١ی نیسان لە گوندی گرشێرانی تربەسپی و گوندی وەردیاتی تل تەمر و گوندی حەکمیەی دێرک جەژنی ئەکیتۆ پیرۆز دەکرێت.

ئەمساڵ جەژنی ٦هەزارو ٧٧٥ هەمینی ئەکیتۆ پیرۆز دەکرێت

جەژنی ئەکیتۆ ئەمساڵ بۆ ٦هەزارو ٧٧٥ هەمین جار پیرۆز دەکرێت. ئەوە تەنیا جەژنی سەر ساڵی نوێ نییە؛ لە هەمان کاتدا هێمای تێکۆشانە بۆ پاراستنی ناسنامەی گەلانی ئاشووری، کلدان و سریانی. ئەم جەژنە کە لەگەڵ هاتنی بەهار وەک زیندووبوونەوەی سروشت بەڕێوەدەچێت، هێمای خواستی نوێبوونەوە، بەرهەمهێنان و ئاشتییە.

ئەم میراتە وەک یەکێک لە کۆنترین نەریتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، لە خاکی کۆنی میزۆپۆتامیا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئەوانەی هەموو ساڵێک لە یەکەمی نیساندا جەژنی ئەکیتۆ دەگێڕن، پەیامێکە لە قووڵایی مێژووەوە دووبارە دەکەنەوە: بوژانەوەی سروشت، و گەشەکردنی هیوایە.