کەنەکە بانگەوازی کرد: هەموو گۆڕەپانەکان بە ڕەنگی نەتەوەیی بڕازێننەوە

لە دژی هێرشە ڕەگەزپەرستیەکانی سەر زمان و کولتووری کوردی، کەنەکە داوای لە گەلی کورد کرد هەموو ماڵ و کەمپ و شوێنەکانی ژیان بە ڕەنگی نەتەوەیی بڕازێننەوە.

کۆمیسیۆنی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بەهاکانی گەلی کورد ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ئەوکوشتن، کۆمەڵکوژی و تاڵانکاریانەی دەوڵەتی فاشیستی تورک ساڵانێکە بەسەر کورددا دەیسەپێنێ بەس نییە، ئێستا لە دژی سەما و ئاوازی کوردیی خۆیان پێناگیرێت و گەنج و لاوی گەلەکەمان دەستگیر دەکەن و دەیخەنە زیندانەوە. لەلایەن شارەوانییەکانی باکوری کوردستانەوە کە لەدەستی حکومەتدایە، نوسینەکان، هێما و تابلۆەکان کە بە زمانی کوردی نوسراون لەسەر جادە و شەقامەکان کۆ دەکرێنەوە و دەسڕێندرێنەوە هەروەها پۆستەری ئەحمەدی خانی-یان شکاندووە، چەندین تاوانی تریان ئەنجامداوە."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت و بێدەنگی هەبێ بەرامبەر بەم تاوانانەی دژ بە نەتەوەی کورد، پلانە ڕەگەزپەرستییەکان فراوانتر دەبن و تەنانەت بەتاوانی ئەوەی گەلەکەمان زمانی تورکی نازانن سزای گەورەیان بۆ دەردەکەن. ئەمە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی فاشیزم و ڕەگەزپەرستییە. کۆماری فاشیستی تورک دەیەوێت دەستکەوتەکانی تێکۆشانی ١٠٠ ساڵەی گەلەکەمان لەناو ببات، چونکە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبەردەوامی لەسەر خاکی خۆی هەزاران ساڵە دەژیت و خاوەن مێژوویەکی کۆنە. لەبەر ئەوە دەیانەوێت بە کردەوەی ڕەگەزپەرەستی سامانی نەتەوەیی کورد، کولتوور، هونەر و ئەدەبیاتی و مێژووەکەی بسڕنەوە.

هەر نەتەوەیەک بە زمان، ئەدەبیات، کولتوور و هونەری خۆیەوە دەژی. ئەگەر ئەم شتانە نەمێنن، بە دڵنیاییەوە ئەو نەتەوەیە بەرە بەرە مێژووەکەی نامێنێت ولەناو دەچیت.

ئەم کۆمارە فاشیستە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە کۆمەڵکوژیی بەسەر ئێمەی کورددا سەپاندووە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە خراپترین کۆمەڵکوژی لەناوبردن و ئاسمیلەکردنی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناو تورکیایە و لەناوبردنی بەها نەتەوەیی و مرۆییەکانە. بۆ کۆتایی هێنان و لاوازکردنی ڕەگەزپەرستی، سەرەتا دامەزراوەکان، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەدارانی کورد و پێویستە گەلی کورد و کوردستان بە گشتی هەڵوێستی نەتەوەپارێزی خۆیان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک نیشان بدەن و هەموو ماڵ و کەمپ و شوێنەکانی ژیان بە کولتوور، هونەر، ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی و سەمای فۆلکلۆری بڕازێننەوە و ڕۆحی نەتەوەیی بەهێزتر بکەن."