کەنەکە: جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز بێت

کەنەکە بە بۆنەى ڕۆژی جەژنی زمانی کوردییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند، " هەر نەتەوەیەک لە جیهاندا خاوەنی رۆژگەلی تایبەت و بە نرخن. ئەوان ئەو رۆژانە وەکو سامان و مایەی بەنرخی نەتەوەیی دەناسن".

کۆمیسیۆنی فەرهەنگ و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ڕۆژی جەژنی زمانی کوردییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "هەر کۆمەڵگایەک تاوەکو زمانەکەی لە ژیانی رۆژانەیدا بەکارنەهێنێ، ناتوانێ بوونی خۆی بسەلمێنێ و ناسنامەکەی بە شێوەیەکی زەڵال و بێ کەم و کورتی نیشان بدات. هەر بۆیەشە دوژمن و ناحەزانمان راستیی زمانی کوردی ناناسێنن و قەبوڵی ناکەن. بە داخەوە، گەلەکەمان تا ئێستا ئەو راستییەی وەکو پێویست نەبینیوە، نەیناسیوە و تێنەگەیشتووە".

کەنەکە ڕاشیگەیاندووە، "کەسایەتیی مرۆڤ لە زمانی مرۆڤەوە دێت. زمان رامان و پێناسەیە، رامان و پێناسەیش بە زمان دەوڵەمەند دەبێ. ئەم سەدساڵە ئەمەی فێرکردین و پەروەردەکردنی زمانی زکماکی نەک وەک بارێک، بەڵکو وەکو مافێکی سروشتی قبوڵمان کرد. زمان بۆ گەلان پەڕگالی بەردەوامبوون و ژیاندنی فەرهەنگ و ناسنامەیە".

کەنەکە ڕاشیگەیاندووە، "بەم بۆنەیەوە، ئێمە بانگی هەموو پارت، دەزگا، سازیی فەرمی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتی و هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان دەکەین، کە واز لە ناکۆکی و دووبەرەکی بێ مانا و بێ سوود بێنن و وەرن با پێکەوە شانمان بدەینە ژێر باری زمانەکەمان. زمانی کوردی لە مەترسی دایە. کاتێک کە زمان نەما، ناسنامەیش نامێنێ و ئەو کات هەبوون و نەبوونمان  وەکو نەتەوە دەکەوێتە بەر مردن و لەناوچوون".

کەنەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "چەند ساڵ پێشGoogle بە هەوڵ و رەنج و خەباتی جوامێرانەی چەند دڵسۆز و وڵاتپارێزان زمانی کوردی ( زاراوەی کورمانجی ) یان خستە ناو لیستەی وەرگێڕانی Google وە. لەم مانگەی گوڵانی ئەم ساڵدا دیسان بە هەوڵ و کۆشش و رەنج و خەباتی چەند بەڕێزێکی تر زمانی کوردی ( زاراوەی سۆرانی) یش کەوتە ناو لیستەکە. ئێمە ئەم کارە پیرۆزە کە بە روداوێک و دەستکەوتێکی مێژووی دەبینین، ئەم جەژنە رۆشنتر و پیرۆزتر دەکات".

دەقی ڕاگەیاندراوەکەى کەنەکە:

"جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز بێت

 ١٤، ١٥ و ١٦ ـی گوڵان، جەژنی زمانی کوردی یە. لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم سێ رۆژانە وەکو جەژنی زمانی کوردی ناسدەکرێن و بە شکۆوە پیرۆز رادەگیرێ. ئامانجی ئەم بیرەوەرییە ئەوەیە کە گەلی کورد بە گشتیی و کەسانی کوردی ئاخێو بەتایبەتی خاوەندارێتی زمانەکەیان بکەن و بیپارێزن.

هەر نەتەوەیەک لە جیهاندا خاوەنی رۆژگەلی تایبەت و بە نرخن. ئەوان ئەو رۆژانە وەکو سامان و مایەی بەنرخی نەتەوەیی دەناسن. بە بیرەوەی و یادکردنەوەیان خۆیان بە شاد و سەرفەراز دەبینن و هەبوونی خۆیان پتەوتر و بەهێزتر دەکەن. بۆیە گەلی کوردیش وەکو نەتەوەیەکی رەسەن و زیندوو پێویستە خاوەندارێتیی سیمبول، بیرەوەریە مێژووییەکانی خۆی بکات و بە پیرۆزیەوە بیپارێزێت.

هەر کۆمەڵگایەک تاوەکو زمانەکەی لە ژیانی رۆژانەیدا بەکارنەهێنێ، ناتوانێ بوونی خۆی بسەلمێنێ و ناسنامەکەی بە شێوەیەکی زەڵال و بێ کەم و کورتی نیشان بدات. هەر بۆیەشە دوژمن و ناحەزانمان راستیی زمانی کوردی ناناسێنن و قەبوڵی ناکەن. بە داخەوە، گەلەکەمان تا ئێستا ئەو راستییەی وەکو پێویست نەبینیوە، نەیناسیوە و تێنەگەیشتووە.

کۆمەڵگا زمانەکەی لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا بە شێوەیەکی پێویست بەکارنەهێناوە، ئەمە کاریگەری کردۆتە سەر پێشکەوتنی زمان و وای کردووە کە زمانی کوردی  لە بەرامبەر زمانی داگیرکەرانی کوردستان لاواز و بێ سەواد بمێنێ.

لە سۆنگەی ئەم راستییەوە، ئێمە لە کۆمیسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ک ن ک ـە جەژنی زمانی کوردی پیرۆز دەکەین و رایدەگەیێنین کە واتای قەدەغەکردن، ئاستەنگکردن و هەوڵەکانی جیاکردن و دووبەرەکی لەسەر زمانی کوردی، نەییکردنی هەبوونی کۆمەڵگا خۆیەتی.

کەسایەتی مرۆڤ لە زمانی مرۆڤەوە دێت. زمان رامان و پێناسەیە، رامان و پێناسەیش بە زمان دەوڵەمەند دەبێ. ئەم سەدساڵە ئەمەی فێرکردین و پەروەردەکردنی زمانی زکماکی نەک وەک بارێک، بەڵکو وەکو مافێکی سروشتی قبوڵمان کرد. زمان بۆ گەلان پەڕگالی بەردەوامبوون و ژیاندنی فەرهەنگ و ناسنامەیە.

کورد راستی وتووە کە زمانەکەمان شەرەف و ناسنامەیە، بۆیە پێویستە لە تەنیشت زمانی فارسی، عەرەبی و تورکیدا، زمانی کوردیش لە چوارچێوەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی فەرمی دەوڵەتدا هەبێت و زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێ. کاتێک کە کورد داوای ئەوە دەکەن کە زمانی کوردی بە گوێرەی رێژەی کورد بێ و بە فەرمی کوردی ببێتە زمانی دووەمی دەوڵەت. لەبری ئەوەی کە ئەم داوایە بە مافێکی سروشتی و رەوا ببینرێ، داواکە بە تاوان و گوناهـ لەقەڵەمدەدرێت. خاوەنی ئەم خواستە وەکو تاوانبار و گوناهکار سزادەدرێن. کەسانێک لەو پێناوەدا زیندانیکران و مافەکانیان پێشێلکران. زۆرێک لە قارەمانان بۆ ئەم ئامانجە رەوایە بە ناچاری چەکیان هەڵکرد و چەندەها گیانفیدایانە لە پێناو زمانەکەیان گیانیان سپارد و شەهیدبوون.

بەم بۆنەیەوە، ئێمە بانگی هەموو پارت، دەزگا، سازیی فەرمی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتی و هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان دەکەین، کە واز لە ناکۆکی و دووبەرەکی بێ مانا و بێ سوود بێنن و وەرن با پێکەوە شانمان بدەینە ژێر باری زمانەکەمان. زمانی کوردی لە مەترسی دایە. کاتێک کە زمان نەما، ناسنامەیش نامێنێ و ئەو کات هەبوون و نەبوونمان  وەکو نەتەوە دەکەوێتە بەر مردن و لەناوچوون. هەر شتێک لەدەست دەچێت. بۆیە پێویستە دەست بۆ دەست و نەوە بۆ نەوە پرۆسەی زمان و پێیەوەگرێدراوی وەک فەرهەنگ و پەروەردە بە زمانی کوردی بەرەو پێشەوە ببەین و خاوەندارێتی بکەین.

چەند ساڵ پێشGoogle بە هەوڵ و رەنج و خەباتی جوامێرانەی چەند دڵسۆز و وڵاتپارێزان زمانی کوردی ( زاراوەی کورمانجی ) یان خستە ناو لیستەی وەرگێڕانی Google وە. لەم مانگەی گوڵانی ئەم ساڵدا دیسان بە هەوڵ و کۆشش و رەنج و خەباتی چەند بەڕێزێکی تر زمانی کوردی ( زاراوەی سۆرانی) یش کەوتە ناو لیستەکە. ئێمە ئەم کارە پیرۆزە کە بە روداوێک و دەستکەوتێکی مێژووی دەبینین، ئەم جەژنە رۆشنتر و پیرۆزتر دەکات. بۆیە جێگا و شایستەی ئەوەیە کە بە گەرمی پیرۆزبایی لە گەلەکەمان بکەین و پێویستە بەهەر جۆرێک و لەژێر هەر شەرت و مەرجدا بێت زمانی شیرینی کوردی لە هەموو بوار و سەکتەرەکانی ژیاندا بەکاربهێنرێت و بپارێزرێت و لە جیهاندا زیاتر بناسرێندرێت".

ژ.ت