لە کەرکوک مەراسیمێکی مەقام و گۆرانی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردی سازکرا
لە مەراسیمێکی مەقام و گۆرانی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردیدا لە کەرکوک، هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان یادکرایەوە.
لە مەراسیمێکی مەقام و گۆرانی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردیدا لە کەرکوک، هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان یادکرایەوە.
کاتژمێر ٦:٣٠ی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سەکۆی باخچەی شۆرجە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و هونەردۆستان و خەڵک و کەسایەتییەکانی شارەکە، بەبۆنەی ٤٣هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد و پاشای مەقامات عەلی مەردان، مەراسیمێکی مەقام و گۆرانی فۆلکلۆری ڕەسەنی کوردی سازکرا.
لە مەراسیمەکەدا، هەریەکە لە هونەرمەندانی مەقامبێژی گەرمیانی حوسێن قادر کەرەمی، داود جێژوان و مۆسیقاژەن حامید ژەنیار، بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانی عەلی مەردان چەندین مەقاماتی ئەو کەڵە هونەرمەندەیان چڕییەوە.
"تاکە کەس بوو مەقاماتی کوردی بە دیکۆمێنت کرد"
سەبارەت بە عەلی مەردان و هونەرەکەی، محەمەد حوسێن کەسایەتی کاکەیی و ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کۆمەڵەی یارسانی کاکەیی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "مامۆستا عەلی مەردان بە باوکی مەقاماتی کوردی دادەنرێت وە تاکە کەس بوو مەقاماتی کوردی بە دیکۆمێنت کرد بە نۆتە نووسی و لە لەناوچوون پاراستی و کردی بە موڵکی کورد، ئەمەش کارێکی گەورەیە کە مەقاماتی بە نۆتە نووسیوە، ئێمە یادەوەریمان هەیە لەگەڵ مامۆستا عەلی مەردان چونکە سەپانی ماڵی نەنکم بووە لە گوندی "ئەلبو سەباح" سێ ساڵ لەوێ بووە بۆئەوەی لە خولەی ئۆمەرەوە فێری مەقامی خاترەوە ئەڵاوەیسی بێت".
"پێویستە ئەم بەرهەم و کەلتوورەی کورد لەناونەچێت"
هەروەها محەمەد حوسێن کاکەیی لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "هیوادارم هونەرمەندەکانمان ڕێچکەی گەورەکان بگرن و خۆیان فێر هونەری مەقامات بکەن بۆئەوەی ئەم بەرهەم و کەلتوورەی کورد لەناونەچێت، ئەرکە لەسەر هەموو کوردێک یادی مامۆستا عەلی مەردان بکاتەوە شانازی بکات کە هونەرمەندێکی وەکو عەلی مەردانی هەبووە، عەلی مەردان مەقامێکی زیاد کردووە بۆ لیستی مەقاماتی کوردی کە ناوی مەقامی هیجرانییە ئەمەش خزمەتێکی زۆر گەورەیەوە بە هونەری کوردی".
"نەتەوە واتا خاک، زمان، هونەر و ئەدەب"
لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد حوسێن ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو ساڵێک یادی ئەم هونەرمەندە گەورەیە بکرێتەوە تاوەکو نەتەوەکەمان ئەو هونەرمەندە گەورانە بناسێتەوە کە خزمەتی هونەر و کەلتووری کوردییان کردووە تاوەکو وون نەبێت، چونکە نەتەوە واتە خاک و زمان و هونەر و ئەدەب، ئەمانە پایەکانی نەتەوەن، ئێمە لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن کوردین، نەتەوەیەکین کە ئەدەب و فۆلکلۆرێکی زۆر گەورەمان هەیە و بەهیوای ئەوەی خاکەکەشمان بەدەست بهێنینەوە، بە قسەی مامۆستا حوسین ئەلئەعزەمی کە گەورەترین زانای مەقاماتی عێراقییە "کوردستان لانکەی مەقاماتی عێراقییە".
"وەکو خزمەتێک بە هونەر ئەم مەراسیمەمان سازکرد"
لەلای خۆیەوە، هیوا حەسەن چالاکوان و ڕێکخەری مەراسیمەکە گوتی: "لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا عەلی مەردان، وەک سەرپەرشیارانی سەکۆی باخچەی شۆرجە هەستاین بە سازکردنی مەراسیمێکی مەقام و گۆرانی ڕەسەنی کوردی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندی کەرکوک، سلێمانی و مەقامبێژی گەرمیان، ئەمڕۆ ئێمە بە پێویستمان زانی لە ساڵیادی ئەو هونەرمەندە مەزنە مەراسیمێک بۆ خزمەتکردنی هونەر ڕێک بخەین".
"عەلی مەردان قوتابخانەی مەقام بوو"
لە کۆتایی قسەکانیدا هیوا حەسەن ڕێکخەری گوتی: "ئەو هونەرمەندانەی لەم مەراسیمەدا مەقام و گۆرانی ڕەسەنی کوردی پێشکەش دەکەن، هەموو بەرهەمەکانیان بەرهەمی هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردانە، دیارە عەلی مەردان نەک تەنها بۆ کەرکوکییەکان بەڵکو بۆ هەموو کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان گرنگی خۆی هەیە، چونکە ئەو کەڵە هونەرمەندە قوتابخانەی مەقامی کوردی و گەرمیانە لە هەموو کوردستان و عێراق".