لە مەراسیمێکدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە ٢٠ هونەرمەندی کەرکوک

لە مەراسیمێکدا سەندیکای هونەرمەندانی کەرکوک، بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشییە هونەرمەندانی بوارەکانی (شانۆ، میوزیک، فیلمسازی و شێوەکاری) لە شاری کەرکوک.

ئێوارەی دوێنێ لەسەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەلایەن لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان مەراسیمێک ڕێکخرا، کە تیدا بڕوانامەی ڕێزلێنان دابەش کرا بەسەر ٢٠ هونەرمەندی بوارەکانی شانۆ، میوزیک، فلمسازی و شێوەکاریدا، کە ئەو هونەرمەندانە ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە خزمەتکردنی هونەری و خزمەتکردنی شاری کەرکوک لەڕووی هونەرەوە.

سەبارەت بە مەراسیمەکە، سیروان عومەر سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: "ئێمە وەکو سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان پێمان باش بوو وەکو ئەرکی سەرشانی خۆمان بەم چالاکییە هەستین بە خەڵاتکردنی کۆمەڵێک هونەرمەندی کەرکوک لە پای ئەو هەموو ماندووبوونەی کە ئەو هونەرمەندانە خزمەتی هونەر و هونەرمەندانی شاری کەرکوکیان کردووە".

هەروەها سەبارەت بەو بەشانەی کە خەڵاتکراون، بەرپرسی سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە لە هونەردا چوار بەشمان هەیە کە پێکهاتووە لە شانۆ، میوزیک، فلمسازی و شێوەکاری، لەم مەراسیمەشدا لە هەر بوارێکی هونەریدا پێنج هونەرمەندی زۆر چالاکمان هەڵبژاردووە بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانە، کە رۆڵی بەرچاویان بینیوە لە خزمەتکردنی هونەر و خزمەتکردنی شاری کەرکوک دا".

لە کۆتایدا سیروان عومەر سەبارەت بە گرنگی رێزلێنان لە ماندووبوونی هونەرمەندان ڕایگەیاند: "بێ گومان بەخشینی خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنان کاریگەری باشی دەبێت بۆ هاندانی هونەرمەندان، کە پاداشتی چالاکبوونیان بکەین، ئەم مەراسیمی ڕێزلێنانە هاندەرێکی مەعنەوییە، کە وا دەکات هونەرمەندان زیاتر چالاکبن لە بوارەکانیاندا و خزمەتی زیاتری هونەر بکەن".

ژ.ت