بە دیمەن

لەژێر ناونیشانی "کچێکی نیگارکێش" پێشانگایەکی شێوەکاری لەکەرکوک کرایەوە

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "کچێکی نیگارکێش" پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ کچانی هونەرمەندی شێوەکار و وێنەکێشی شارەکە کرایەوە.

پێشانگای شێوەکاری

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، بە بەشدری دەیان کچە هونەرمەندی شێوەکار، بەناونیشانی "کچێکی نیگارکێش" پێشانگەیەک کرایەوە، کە ڕێکخراوی "کەرکوک چوار" و ژمارەیەک لە کچانی شێوەکار هەستان بەکردنەوەی،  ژمارەیەکی بەرچاوی کچانی نیگارکێشی شاری کەرکوک تێیدا بەشداربوون.

جێگای باسە، لەپێشانگەکەدا دەیان تابلۆی شێوەکاری کە بەرهەمی کچانی نیگارکێشی کەرکوک بوون نمایشکرابوون، کچانی نیگارکێشی شاری کەرکوک، لەتابلۆکانیاندا توانا و لێهاتوویی خۆیان نمایش کردبوو، سەرەڕای ئەوەی کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانەیان بە خاڵی وەرچەرخانی بۆ ئاشنابوونی کچانی نیگارکێش بە کارو چالاکییەکانی یەکتر ناوزەند دەکەن.

هاوژین فاروق کچێکی شێوەکارە و قوتابییەکی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شاری کەرکوکە، هاوژین لەگەڵ ئەوەی وەکو کچە شێوەکارێک بە تابلۆیەکی خۆی بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردووە، ناوبراو لە هەمان کاتدا یەکێکە لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە، سەبارەت بە پێشانگای "کچێکی نیگارکێش" بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "من وەکو قوتابییەکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوک ویستم پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ کچانی شارەکەم بکەمەوە، توانیم ژمارەیەک لە کچانی شێوەکاری شارەکە کۆبکەمەوە و توانیمان پێکەوە ئەم پێشەنگایە بکەینەوە".

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا هاوژین فاروق ووتیشی: "ئەوانەی بەشدارن لەم پێشەنگایە بەشێکیان قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکانن و بەشێکیانیش ئەوکەسانەن کە بەهرەمەند و خولیای وێنەکێشانیان هەیە، لەم پێشانگایەدا ٣٦ کچی شێوەکار بەشدارن بە ٤٥ تابلۆ، تابلۆکان فرەچەشنن بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی تابلۆکانی تابلۆی کچانە، لە کۆتایدا پەیامم بۆ کچان هەیە کە لە کۆمەڵگا نەترسن و توانا و بەهرەکانی خۆیان نیشان بدەن".

مەریەم ئازاد، کچێکی دیکەی شێوەکارە کە بە دوو تابلۆ بەشداری لە پێشانگای "کچێکی نیگارکێش" کردووە، سەبارەت بە پێشانگاکە مەریەم بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا: "ماوەی ساڵێک و دوو مانگە دەستم کردووە بە کاری هونەری شێوەکاری و وێنەکێشان، بەهۆی پاڵپشتی و هاندانی کچێکی شێوەکاری هاوڕێمەوە توانم بگەم بەم ئاستە لە وێنەکێشان و بڕیارمدا بەشداری ئەم پێشەنگایە بکەم".

مەریەم ئازاد کچە شێوەکار، سەبارەت بە تابلۆکانی ڕایگەیاند: "حەزم بە هەر شتێک بێت وێنەی دەکێشم، ئەمرۆش بە دوو تابلۆ بەشداری ئەم پێشەنگایەم کردووە کە یەکێک لە تابلۆکانم بریتییە لە پەری دەریا، وێنەکەی دیکەشم وێنەی ئەو شوێنانەیە کە حەزم لێیە سەردانی بکەم و هەروەها تابلۆکانم گوزارشت لە پێکەوەژیان دەکات".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو کچە شێوەکارە باسی لە گرنگی ئەم جۆرە پێشانگایانە کرد و بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "گرنگی ئەم پێشەنگایانەش ئەوەیە کە کارەکانمان بخەینەبەر چاوی خەڵکی و پاڵپشتی زیاترمان بۆ دێت و دەبێتە هۆی هاندانمان بۆ کاری جوانتر".