سێهەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بە بەشداری هەر چوارپارچەی کوردستان دەستی پێکرد

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بە بەشداریی هونەرمەندان و شانۆکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان سێهەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک دەستی پێکرد دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

 ئێوارەی دوێنێ شەممە، بە بەشداری هەردوو وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لە سەنتەری رۆشنبیری سێهەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک دەستی پێکرد، ئەم خولەی فیستیڤالە لەژێر دروشمی (کەرکوکی پێکەوەژیان) بوو.

ئەم فیستیڤاڵە ماوەی شەش رۆژ دەخایەنیت، لەماوەی ڤستیڤالەکەدا زنجیرەیەک شانۆی شەقام و شانۆی سەر تەختە لە ناوهۆڵ پێشکەش دەکرێت، ئەو شانۆیانەش بە ئێواران و شەوان لە چەندین شوێنی جیاوازی شارەکە نمایش دەکرێت.

هەروەها جێگای باسە لەم فیستیڤاڵەدا نەک تەنها شانۆکاران و هونەرمەندانی باشوری کوردستان، بەڵکو هونەرمەندانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکوری کوردستانیش بە تیپی شانۆی بەشدارییان لە فیستیڤاڵەکە کردووە، بەڵام بەهۆی کێشەی هاتنی بەشێک لە تیپە شانۆیەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەڕێگەی دەروازە سنورییەکانی باشوری کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتی شارەکەوە ڕێگەیان پێنەدرا بێنە شاری کەرکوکەوە بەهۆی ئەوەی لەدەروازەی حکومەتی فیداڕڵی عێراق نەهاتوونەتە ناو ووڵات، بەو هۆیەوە بەشێک لەشانۆکارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە دەرەوەی شاری کەرکوک نمایشەکانیان پێشکەش دەکەن.

لەلای خۆیەوە نەژاد نەجم یەکێک لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵە و بەرپرسی شانۆی شەقام لە فیستیڤاڵەکە، سەبارەت بە دەستپێکردنی فیستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بەبڕیاری وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو شانۆی شەقام و شانۆی هۆڵ لەیەک فیستیڤاڵدا دەکرێت کە ماوەی شەش رۆژ دەخایەنێت، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک ئاستەنگی و کێشە هاتنە بەردەوام پلانەکانمان بۆ هاتنە ژوورەوەی میوانانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەهۆی ئەوەی لەدەروازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە عێراق نەک دەروازەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بۆیە دەبێت شەش لەونمایشانە لە دەرەوەی شاری کەرکوک ئەنجام بدەین".

لە کۆتایدا نەژاد نەجم سەبارەت بە پەیامی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کەرکوک ووتی: "پێویستە پەیامی ئێمەی شانۆکاران و هونەرمەندان لە فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک پەیامی پێکەوەژیان، برایەتی، هونەری و مرۆڤایەتی بێت".

ژ.ت