ئاکادیمیای شەهید سەرحەد لە ١ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) کرایەوە. لەم ئاکادیمیایەدا خولی پەروەردەی ئامێرەکان لە ژێر ناوی شەهید دەڤریم دەستی پێکردووە. مامۆستایان و قوتابیانی ئەم قۆناغە سەبارەت بە پەروەردە و فێرکردنیان قسەیان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات دا کرد و داوای خاوەندارییان لە کولتوور و هونەری کوردەواری کرد.
هەلەنا هیلالی، مامۆستای گیتار ڕایگەیاند، لە ئاکادیمیای شەهید سەرحەد دا، خولێکی پەروەردەمان بەناوی شەهید دەڤریمەوە کردووتەوە و وتی: "قوتابیەکان لەم ئاکادیمیایەدا بەشێوەیەکی سەرەتایی فێری بەکار هێنانی ئامێرەکان دەبن، بە شێوەیەکی پیشەیی دەستمان بە پرۆڤە و ڕاهێنان کردووە. جیا لەمە چەندین پڕۆژەی دیکەمان هەیە، وەک شانۆ، سەما، ئاواز و هتد. بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوامی بەڕێوەدەچێت."
'منداڵانی کەمپە بە تامەزرۆیی و حەزکردنەوە ڕوو لە ناوەندەکە دەکەن'
مامۆستا هەلەنا لە میانەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە قوتابیەکان بە دوو گروپ دابەشکراوە، گروپی دووەم گەنجن، منداڵانی کەمپەکە بە تامەزرۆیی وحەز کردنەوە سەردانی ناوەندەکە دەکەن. لێرەدا ئامانجمان تەنها فێرکردنی ئامێرەکان نییە، بەڵکو فێرکردنی کولتوور و ئەخلاقی کوردەواریی باب و دایکە گەورەکانمانە کە تا ئەمڕۆ هاتووە و پاراستوویانە. هەروەها لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بەرێکخستنیان دەکەین. ئەگەر ئێمە نامانەوێت کۆمەڵکوژی کولتووری بەسەرماندا بێت، دەبێت لەڕووی فێربوونی ئامێرەکان و پەرەپێدانی کولتوورەوە بەرخۆدانی گەورە بکەین."
هەروەها مامۆستای تەپڵ جەماڵ حەمکی وتی: "ئامانجمان ئەوەیە قوتابیەکان بگەیەنینە ئاستێک کە لە داهاتوودا بتوانن پرۆڤە و ڕاهێنان بدەن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان ئەوەیە لێرەدا سیستەمێکی وەک ئۆرکێسترا دروست بکەین. ئێمە لەسەر ئاستی پیشەیی وانە بە قوتابییەکان دەڵێینەوە.
لە کۆتاییدا مامۆستا جەماڵ حەمکی داوای لە هەموو گەنجانی کورد کرد کە خاوەنداری لە کولتوور، زمان و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەیان بکەن.
'بۆ ئەوەی کولتووری کوردەواری لەناو نەچێت فێری کولتوور وهونەر بن'
لەناو قوتابیاندا، دویگو بەنەک باسی حەز و سۆزی خۆی بۆ فێر بوونی گیتار کرد و بانگەوازی لە گەنجانی کەمپەکە کرد لە سەنتەری ئەستێرەی زێڕین و ئاکادیمیای شەهید سەرحەد دا فێری بەکار هێنانی ئامێرەکان بن.
دویگو بەنەک لە گەڵ دەربڕینی هەستەکانی دا وتی، زۆر دڵخۆشم کە هاتوومەتە ئاکادیمیا، ژەنینی ئامێرەکە وەک خولیایەک وایە بۆ من. لێرەدا تەنها فێری کولتوور و هونەری کوردی نابم، بەڵکوو خەونی بنەماڵەکەم بەدی دێنم. بانگەوازی من بۆ هەموو منداڵانی کورد ئەوەیە بۆ ئەوەی کولتووری کوردەواری لەناو نەچێت فێری کولتوور و هونەر بن.