له‌ کەرکووک یادی هونەرمەندی گەورەی مەقامبێژی میقداد محەمەد کرایەوە

یادی چلەی ماتەمینی کۆچکردنی هونەرمەند مامۆستا میقداد محەمەد لە چالاکییەکدا بەرز ڕاگیرا.

مامۆستا میقداد محەمەد عومەر ساڵی ١٩٤١ لە شاری کەرکووک لە خێزانیکی هونەری لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە لە سەرەتای ساڵانی ٦٠ کان  ڕووی لە تەکییەی تاڵەبانی کردووە سەرەتاکانی مەقامی هەر لەوێ فێربووە و دواتر بۆ هونەری مەقام زۆر شوێنی کوردستان و عێراق گەڕاوە و لە تەواوی عێراق و لای مەقامبێژان وەک مامۆستایەکی ئەکادیمی مقام دەبینرا.

ئەمرۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک لە چلانەی ماتەمینی کۆچکردنی مامۆستای مەقام و هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد مامۆستا میقداد محەمەد عومەر لە مەراسیمێکی تایبەت یادی ئەو هونەرمەندە بەرز ڕاگیرا.

لە یادکردنەوەوکە رۆشنبیران و هونەردۆستان و کەسایەتیەکانی شاری کەرکوک و لایەنە سیاسیەکان بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد.

لە مەرسیمەکدا خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش کرا بەو هونەرمەندانەی کە قوتابی مامۆستا میقداد بوون و لەگەل ئەو هونەرمەندانەی بەشداریان کرد لە بەرزڕاگرتنی یادکردنەوەی هونەرمەند حەسەن زیرەک، مێدالیای ئاڵتونی میقداد محەمەد وەکو خەڵاتی ریزلێنان بەخشرایە چەند کەسێک کە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی هونەری مەقامبێژی.

نورەدین زەنگەنە، بەرپرسی ناوەندی عەلی دەربارەی ئەم مەراسیمە بۆ یادکردنەوەی ئەم مەقامبێژە مەزنەی گەلی کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)وتی: "ئێمە ئەمرۆ وەکو ناوەندی عەلی مەردان و ماڵی هونەر هەڵستاین بە سازدانی ئەم چالاکییە وەکو وەفایەک بۆ ئەم هونەرمەندە کە سەردەمانێکی زۆر لە ژیانی خۆی خزمەتی شاری کەرکوکی کردووە ،مامۆستا میقداد ئەندامێکی سەرەکی ماڵی مقام بوو پاشان ناوەندی عەلی مەردانمان دامەزراند ئەویش لەگەلمان بوو وەکو ئەندامێکی دامەزرێنەری ئەو ناوەندە."

هەروەها نورەدین زەنگەنە ڕاشیگەیاند لە ناوەندەکە خولێکمان کردبووەوە بۆ مەقامبێژی مامۆستا میقداد وانەی مەقامیژی دادیە کچان و کورانی هەموو نەتەوەکانی کەرکوک، وە هیوادارم قوتابیەکانی مامۆستا میقداد بەردەوامی ڕێبازی ئەوبن چونکە شاری کەرکوک هەمیشە ناوەندێکی مەقامبێژی بووە."

لە کۆتایی مەرسیمەکدا هەموو ئەو هونەرمەندانەی شاری کەرکوک کە بەشداری مەراسیمەکایان کردبوو بەیەکەوە گۆرانی (فاتیمە تو چاوی مەستی)ی مامۆستای گەورەی مەقامبێژ عەلی مەردان-یان ووتەوە.

ق.ف