سەدان ئەندامی تیپەکانی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ لە کاتژمێر ١٠ی ئەم بەیانییەدا لەبەردەم وێستگەی ناوەندیی شەمەندەفەر لە هانۆڤەر کۆ بوونەوە و شارەکەیان بە رەنگی کوردی رازاندەوە.
تیپەکانی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ لە چەندین شاری ئەڵمانیا، فەڕەنسا و سویسراوە چوونەتە هانۆڤەر و بە دەم دەهۆڵ و زوڕناوە ئاهەنگ و شاییان گێڕا.
دواتر رێپێوانی فێستیڤاڵەکە دەستیپێکرد. لە رێپێوانەکەدا بوکێک بەسەر ئەسپێکی رازاوە بە رەنگی سەوز و سوور و زەرد لە پێش هەموویانەوە دەڕۆیشت و لەپشت ئەویشەوە جەماوەر بەپێ دەڕۆیشتن.
ئاهەنگگێڕەکان بە چەپڵە و تیلیلییەوە گەیشتنە ناوەندی رۆشنبیریى پاڤلۆن تاوەکو لەوێ پێشبڕکێی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ و شاییەکان بەڕێوەدەچێت.
سەرەتا بولەند توران بەناوی کۆمیتەی ئامادەکار و خەزاڵ ئەرتاش هاووتەبێژانی بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەری (تەڤ – چاند / TEV-ÇAND) وتەیان پێشکەشکرد.
هاووتەبێژەکان رایانگەیاند، فێستیڤاڵەکە لە کەلتوری کوردستاندا بایەخێکی گەورەی هەیە و وتیان: "ئەوانەی خاوەنداری لەو کەلتورە دەکەن گەنجەکانمانن".
لە ناوەندی رۆشنبیریی دیموکراتیکی کورد لە هانۆڤەر ئایفەر ئامارا و جوان چەولک وتەیان پێشکەشکرد و باسیان لە خۆشحاڵیی خۆیان کرد بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەشداران خواست.
ئەمڕۆش تیروپشک بۆ ئەو تیپانە دەکرێت، کە چالاکی و کاری هونەری پێشکەش دەکەن. ئەو تیپانەش بریتین لە تیپی هەڵپەڕکێی منداڵان، تیپی جانگۆری و تیپی مام زەکی-ین، کە دەچنەر سەر تەختە و هونەرەکانیان پێشکەش دەکەن.
لە فێستیڤاڵەکەدا ٢٦ تیپ بەشدارن و هەر یەکەیان پێشبڕکێ بۆ یەکەمینی هونەرەکەى دەکات و بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەن بە باشترین شێوە هونەرەکەیان پێشکەش بکەن.
ر.م