ژیانه‌وه‌ی زه‌یتوون: سترانێك بۆ عه‌فرین

هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی داگیركردنی عه‌فرین؛ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی كوردستانی به‌رهه‌مێكی هونه‌ریان بڵاوكرده‌وه‌ بۆ هاوپشتیی عه‌فرین.

«ژیانه‌وه‌ی زه‌یتوون» ناوی به‌رهه‌می نوێی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی كوردستانییه‌ بۆ هاوپشتی عه‌فرین. هۆنراوه‌ی ئه‌م سترانه‌ له‌ لایه‌ن مه‌سعوود فه‌تحی نووسراوه‌ و هونه‌رمه‌ندان نه‌جلا و جه‌نگیز یازگی چڕیویانه‌.

«ژیانه‌وه‌ی زه‌یتوون» له‌ ستۆدیۆی «مێترۆنۆم» تۆمار كراوه‌ و فرمێسك محه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتی تۆماركردنی كردووه‌. ئه‌مڕۆش هاوكات له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین ساڵیادی داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگه‌ی «ناوه‌خت»ه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌زگه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، «بۆ ئه‌وه‌ی سته‌م ئاسایی نه‌بێته‌وه‌ و له‌ بیر نه‌كرێت، ده‌بێ به‌رده‌وام بیربهێنرێته‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت له‌ هونه‌ردا تۆمار بكرێت، چونكوو بێده‌نگی له‌ سته‌م مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بیرمان بچێت كه‌ داگیركاریی هه‌یه‌ و جێگه‌ی سته‌مكار و سته‌ملێكراو بگۆڕێت و داگیركه‌ران خۆیان بگۆڕن بۆ ر‌زگاركه‌ر. عه‌فرین دوایین نموونه‌ی ئه‌م داگیركاریه‌یه‌ و هونه‌ر نابێ لێی بێده‌نگ بێت، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌م شه‌ره‌ دژی فه‌رامۆشی، ته‌نیا هه‌وڵێك.»

كاری موزیك و دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌ لایه‌ن «ئه‌فشین» ئه‌نجام دراوه‌ و كاری میكس ماستێره‌كه‌ی له‌ لایه‌ن «سیامه‌ك»ه‌وه‌ كراوه‌.

ده‌قی هۆنراوه‌ی سترانه‌كه‌:

ژیانەوەی زەیتون

ڕووبارێکی بەپڕتاوین
پڕ لە وزەو تینی تاوین
‎دەبینە هەور و با و ئەڤین
‎دەبارینەوە سەر زەوین

‎لێرەوە تا مانگ و ماسی
‎ئێرە وڵاتی ئێمەیە
‎لە ئێستاوە تا ئازادی
‎گەردوون بە کاتی ئێمەیە

‎جەنگە جەنگی رووناکیە
‎ولات هەموو دڵپاکییه
‎دڵمان داوە بە رزگاری
‎دڵی هەمومان خاکیە

‎دارستانی بڕواین ئێمە
‎دەوەن چۆنە، ئاواین ئێمە
(‎بیلبیلەی چاومانە زەیتوون)
‎کەژ و کێو و زەریاین ئێمە

ئێرە وڵاتی بارینە
دیلی و کەتن ژێ رە نینە
سترانێک لە گەرووماندا
بانگا ئەڤین و ڤەژینە

ئێرە وڵاتی بارینە
لێرە کۆبانی ئایینە
عەفرین ژمەڕە ئازادیە
ئازادی گیانی شیرینە.

s.m