کۆمیتەی پەروەردەیی کەجەکە جەژنی زمانی کوردیی پیرۆز کرد

کۆمیتەی پەروەردەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە – KCK) بەبۆنەی ١٥ی ئایار/٢٥ی بانەمەڕ رۆژی زمانی کوردی، جەژنی زمانی کوردیی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، پێویستە زیاتر خاوەنداری لە زمان و رۆشنبیریی خۆمان بکەین.

کۆمیتەی پەروەردەی کەجەکە، بەبۆنەی ١٥ی ئایار/٢٥ی بانەمەڕ، ڕۆژی زمانی کوردی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و جەژنی زمانی کوردیی پیرۆز کرد.

لە راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى پەروەردەى کەجەکەدا هاتووە:

"لە قۆناغێکدا، کە ئیرادەیەکی شکۆدار لە کەسایەتیی چالاکوانى رۆژووی مردن و چالاکییەکانی مانگرتن لە زیندانەکانەوە دەستیپێکردووە و گەشەی کردووە. لەوێوە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و بە جیهان دا بڵاوبووەتەوە و بە بەرخۆدانی دایکانیش گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی، ئێمە لەم کاتەدا پێشوازی لە جەژنی زمانی کوردی دەکەین. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەو بەرخۆدان و قوربانیدانە هەڵوێستی میژوویی پاراستن و ژیانە و پێش هەموویان پاراستنى زمانەکەمان و هەموو بەها و پیرۆزییەکانی ترمانە. لەو واتایەدا سەرەتا لە رێبەر ئاپۆ، کە هەموو بەهاکانی بوونمانی سەرلە نوێ ژیاندەوە، جەژنی زمانی کوردی لە گەلە بەرخۆدێرەکەمان و هەڤاڵانمان پیرۆز دەکەین".

هەر وەک دەزانرێت لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) گۆڤاری هاوار، کە بە پێشەنگایەتیی جەلادەت بەدرخان بڵاودەکرایەوە. نووسینی ئەلف و بێى لاتینی بۆ زمانی کوردی وەکو دەستپێکێک و هەنگاوێک بوو و خاوەن واتایەکی مێژوویی بوو، بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدواوە رۆژی ١٥ی ئایار / ٢٥ی بانەمەڕ و هەفتەکەی وەکو جەژنی زمانی کوردی پیرۆز دەکرێت.

ئەو راستییانەى لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی زمان، مێژوو، ئیتمۆلۆژی (ریشەناسیى وشەکان) و ئارکیۆلۆژی (شوێنەوارناسی) دێنەگۆڕێ ئەوە نیشان دەدەن، کە زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە هەرە دێرین و میژووییەکانی مرۆڤایەتی. گەل و وڵاتی کورد بە درێژایی مێژوو لەگەڵ ئەو هەموو هێرش و داگیرکاری و تواندنەوەیەی رووبەڕووی کراوەتەوە، بەڵام هێشتا زمان و کەلتورەکەی لەسەرپێ ماوەتەوە و خۆڕاگری دەکات، بێگومان ئەوەش پەیوەندیی بە ڕەگوڕیشە قوڵەکەییەوە هەیە. زانا و هۆشمەندی مەزنی کورد ئەحمەدی خانی باسی ئەو راستییەی کردووە. سیاسەت و بڕیارەکایی قڕکردن و سڕینەوە و داگیرکاری، کە گەلی کورد و زمانەکەیان کردووەتە ئامانج نەیانتوانییوە ئەو راستییە ریشەییە نغرۆ بکەن و هەر وەک گیاییەک کە لە ژێر بەردەکاندایە تامەزرۆیی بۆ ژیان نیشان داوە.

سیستمی نێونەتەوەیی ئەمڕۆ، باڵادەستی و سەروەریی خۆی بەڕێوەدەبات راستیی ژیان نابینێت، بەڵام نکۆلیلێکردنی بەسەردا دەسەپێنێت. نمونەی هەرەبەرچاویش ئەوەیە، کە ڕێکخراوی بە ناو 'نەتەوە یەکگرتووەکان'ە، لە راستیدا نەک بە هزری 'نەتەوە و گەل'، بەڵکو بە هزری 'دەوڵەت و دەسەڵات' لە پرسەکان دەڕوانێت. ئەگەر لە ڕاستی و کرۆکی سەرەتای دامەزراندنەکەیدا راستیی گەل، یان کۆمەڵگە هەبوایە گەلی کوردیش بە زمان و کەلتور و رەنگی خۆی لەوێدا جێگەی دەبوویەوە. گەلی کورد کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن چوار دەوڵەتەوە پارچە پارچە کراوە و بەو هۆیەوە بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە؛ بە کەلتور و زمان و زاراوە دەوڵەمەندەکانییەوە، کە دەگاتە نزیکەى ٤٠ ملیۆن کەس هێشتاش روبەڕووی سیاسەتی قڕکردن و نکۆڵیلێکردن دەبێتەوە. ئەمە کرۆکی راستیی ئەو سیستمە نێونەتەوەییە، کە باسی دەکەین و راستییەکەی دەخاتە بەرچاوان. لەو لایەنەوە قبوڵکردنی راستیی گەلی کورد لە جیهاندا پێوەرێکی مرۆڤایەتیی بنەڕەتییە.

بەهۆی ئەوەی ناوەڕۆکی سیستمی نێونەتەوەیی بەم شێوەیەیە، ئەمە واتای ئەوە نییە کە گەلەکەمان ئەو شتە قبوڵ بکات یان لە چاوەڕوانی چارەسەرکردنیدا بێت. لە راستیدا ئەو بەرخۆدانەی کە هەیە، هەڵوێست نیشاندانە بەرانبەر ئەو سیستمەش. زۆر ئاشکرا و دیارە، کە لە لایەکی دیکەوە لە پووچەڵکردنەوەی پلان و سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردنەکانی سیستمی سەردەستیش کەموکوڕیی جدی لە گۆڕێدایە. بەتایبەتیش لە هەموو زەمینەیەکی ژیاندا لە بەکارهێنان و قسەکردن، نووسین و تێڕامان و هەروەها زمانی پەروەردە، راگەیاندن، وێژە، سیاسەت، ئابووری و بازاڕیش دا ئەو کەموکوڕییە هەیە، بۆیە گەشەپێدانی زمانی کوردی وەکو بەرپرسیارییەکی زۆر جدی لەئەستۆی گەلەکەمان و رۆشنبیرەکانماندایە. ئیدی زۆر ئاشکرا و دیارە کە هیچ واتا و ناوەڕۆکی قسەکانی وەکو 'ناتوانم بە زمانی دایکیی خۆم قسە بکەم، بنووسم، تێبگەم، بیربکەمەوە' نەماوە. کاتێک پرسی کەلتور و زمان پێویستی بە هەڵوێست، چالاکی هەبێت، دەبێت ئەو قسە و هەڵوێستانە چارەسەر بکەیت و رێبەرایەتیی هەڵوێستێکی مێژوویی بکەیت. دەبێت واتای ئەو قسەیەی رێبەر ئاپۆ کە دەڵێت: 'زمان جەستەیە، کولتور و رۆشنبیریى جەستەیە، جوگرافیای جەستەیە و خاوەنداری لە جەستەی خۆتان بکەن' ئەو هەڵوێستەمان پیشان دەدات، کە پێویستە بۆ رێگا نیشاندانى ژیان و رابەریکردنى ژیان.

بەپێى ئەو تێگەیشتن و لەو مانایەدا ئەو قۆناغەی ژیان کە تیکۆشانەکەمان بە قوربانیدان و بەرخۆدانی مێژوویی پێی گەیشتووە، پێویستە لە هەموو کات زیاتر خاوەنداری لە زمان و رۆشنبیریى خۆمان بکەین و لەگەڵی بژین و پێشی بخەین. دەبێت بە شێوەیەک بجوڵێینەوە کە زمان و کلتورەکەمان لە ناو دەریای کەلتوورە گەردونییەکان جێگە و پێگەى خۆی بەدەست بهێنێت. لەسەر ئەو بنەمایە جارێکی دیکە ڕۆژی واتاداری جەژنی زمانی کوردی لە هەڤاڵانمان، کە لە بەرخۆدانی مێژووی دان و لە هەموو گەلەکەمان پیرۆز دەکەین. هەروەها داوا دەکەین نەک تەنیا لەم ڕۆژەی ساڵدا، بەڵکو لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا زیاتر لەناو زمان و کەلتوری کوردیدا بژین و گەشەی پێبدەن."

ر.م