٦١٨میلیار دینارەكە وەعدی سەرخەرمانە!!
بارزانی و بنەماڵەی بارزانی وایان لەپێگەی هەرێمی باشوری كوردستان كرد كە دوایین جار بۆ بابەتی مووچە نێچیرڤان بارزانی بەخۆی بچێتە بەرپێی سەرۆكوەزیران و سواڵی بوودجە بكات.
بارزانی و بنەماڵەی بارزانی وایان لەپێگەی هەرێمی باشوری كوردستان كرد كە دوایین جار بۆ بابەتی مووچە نێچیرڤان بارزانی بەخۆی بچێتە بەرپێی سەرۆكوەزیران و سواڵی بوودجە بكات.
چوونی ئەم دوایانەی سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی بۆ لای سەرۆكوەزیرانی عێراق"محەمەد شیاع سودانی" و داواكاری پارە بۆ مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و وەعدی سەرخەرمانی سودانی بۆ ئەرێ كردنی ٦١٨ ملیار دینار وەك لەڕاگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە بڕیاری لەسەر دراوە و بانگەشەی بەیانی، دووبەیانی ئەو بڕە پارەیە دەگاتە هەرێم و بەسەر بنكە و ناوەندەكانی دابەشكردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران دابەشدەكرێت، بەڵام وا دەرنەكەوت و ئەوەی دیارە تەنیا بانگەشەیەكی بەردەم كامێراكان و پروپاگەندەیەكی رووتی حیزبیانە بوو.
سەرۆكوەزیران محەمەد شیاع سودانی، پیاوی دەوڵەتە. پیاوی دەوڵەت لەگەڵ دامەزراوەی فەرمی دەوڵەتان مامەڵە دەكات. بەسۆز و بەڵێن و رێككەوتنی زمنی یا ژێربەژێر خۆی ناخاتە هەڵەوە و مێشكی ناوەندی و ئیداری دەوڵەتیش ئەوە لە سەرۆكوەزیران قەبوڵ ناكات.
بەپێی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، هەر سێ دەزگای تەنفیزی و جێبەجێكار و دادوەری هەرێمی باشوری كوردستان كە دوو مانگ لەمەوبەر داویەتی، ماوەی یاساییان تەواوە بووە و لەڕووی دامەزراوەییەوە نایاساین و هەرێمی باشوری كوردستان لەبۆشایی یاسایی دایە. سەرۆكی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سروشتی بە ماوە بەسەرچوو حیسابیان بۆ دەكرێت و رەوایەتی یاساییان نییە. لەبەر ئەم هۆكارە ئەگەر حكومەتەكەی سودانی بەپێی میزاجی خۆی و بەشێوەیەكی 'دەرە یاسا' پارە بەهەرێمی باشوری كوردستان بدات، دەتوانرێت لەلایەن ئەندام پەرلەمانتاران و وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی حكومەتی ناوەندی، یاخود هەر كوتلەیەكی تر سكاڵای یاسایی بەرامبەر بە سودانی بجووڵێنن لە دادگای باڵای فیدراڵیدا.
لەلایەكی تر محەمەد شیاع سودانی وەك سەرۆكوەزیران ئەگەر لەباڵاترین پۆستی دەوڵەتدا، پابەند نەبێت بەبڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەمەڕ هەرێمی باشوری كوردستان ئەوا دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەمجارە لەبەرامبەر بە سودانی بڕیاری جیاواز دەركات، یاخود هەر ئەندام پەرلەمانێك دەتوانێت سودانی راپێچی بەردەم دادگا بكات. ئەم هۆكارانە وا دەكات كە سودانی نەتوانێت بەئاسانی ئەو بارە قورس و گرانە لەئەستۆ بگرێت و بەپێی لێدوانەكانی سودانی و ئەندام پەرلەمانتارانی كوتلەكانی تری پەرلەمانی و بریكاری وەزارەتی دارایی، سودانی تەنیا وتوویەتی :دەكرێت هەندێ پارە بە حكومەتی هەرێم بدرێت، وەك ئەوەی نێچیرڤانیش لەبەردەم مایكی كامێراكاندا باسی لێوەكرد بڕی ئەو پارەیەش ٦١٨ میلیار دیناری عێراقی دەبێت، بەڵام بەمەرجێك بەهۆی ئەوەی دامەزراوەیەكی یاسایی لەهەرێمدا نەماوە كە سودانی و بانكی ناوەندی عێراقی و وەزارەتی دارایی مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بڕە پارەكەی بۆ رەوانە بكەن، بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی ناوەند فێڵێكی شەرعیان بۆ داتاشیون، ئەویش پێكهێنانی لیژنەیەكە بۆ ئەوەی گوایە لیژنەكە لەسەر چۆنیەتی خەرج كردنی ئەو بڕە پارە دەبێت و بۆ ئەوەش لیژنەكە دەبێت بەسیفەتێكی یاسایی راپۆرتی خۆی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەرز بكاتەوە.
رەنگە ئەمە وەك تەڵەیەك وا بێت، چونكە لەئەگەری قەبوڵكردنی پێكهێنانی لیژنەكە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری كوردستان بەدەستی خۆیان، پێگەی هەرێمی كوردستان دەخەنە ژێر پرسیار؛ وە هەروەها ڕەوایەتی دەستوری هەرێمی باشوری كوردستان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ناوەند دیارە وەعدێكی سەرخەرمانەی بە نێچیرڤان بارزانی دابێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیە وەك خەفێك لەبەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری كوردستان دانراوە و زیاتر لەرێككەوتن تەنیا سەفەقیەكی ژێربەژێرە كە لەئەگەری قەبوڵكردنی بارزانیەكان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری كوردستان تەنیا بەو شێوەیە دەتوانن دەستیان رابگاتە ئەو بڕە پارەیە، ئەگەر نا ئەوا رێكردنی پارە بەبێ دەركردنی یاسای بوودجە لەناوەندەوە، تەنیا وەعدەی سەرخەرمانە و بەس!!
خاڵێكی تر بابەتی بەشە بوودجە و مووچە و شایستە دارایەكانی هەرێمە. لەم بابەتەشدا حكومەتی ناوەندی تێبینی زۆری لەسەر لیستی مووچەخۆران و ناوەكان و ژمارەی راستەقینەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەیە. بەرپرسانی حكومەتی ناوەند لەو باوەڕەدان كە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم پاك نییە و بن دیوار و سەردیواری زۆر تێدایە.
حكومەتی ناوەندی بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك رێژەیەكی بۆ مووچەخۆر، خانەنشینی، هێزەكانی پۆلیس و ناوخۆ و پۆلیسی مەدەنی دیاری كردوە. لەبابەتی میزانیەش بەهەمان شێوە مامەڵە دەكات.
یەكەم حكومەتی ناوەندی بەهۆی ئەوەی ئامارێكی دروستی لەبەردەستدا نییە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق و لە ناویاندا هەرێمی كوردستانیش بەگریمانەیی دیاری كراون. لەبەر ئەو یەكەش حكومەتی ناوەندی و زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوتلەكانی سەر بە پێكهاتەی شیعە ئەو بڕە پارەیەی وەك میزان بوودجەی ساڵانای حكومەتی هەرێم دیاری كراوە بە زێدە دەبینن و دەڵێن هەرێم ئەوەندەی شایستە دارایی و بەشە بوودجەی شایستە نابێت.
دووەم، حكومەتی ناوەندی ناتوانێت بەو ژمارە زۆرەی خانەنشینی و كەم ئەندام و هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیس و پاسەوان و پێشمەرگە دیاری كراون مووچە بدات. بەرێژەیەكی دیاری كراو كە تەعبیر لەراستینەی كۆمەڵایەتی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بكات دەتوانرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
تا ئێستا بابەتی مووچە بەگشتی پشت 'بەمیزانیەی ساڵانە' دیاری دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی ناوەندی ناتوانێت لەكاتی خۆیدا میزانیەی ساڵانە و یاسای بوودجە دەربكات، ئەوا پرسی بەشە بوودجە و مووچەی هەرێمیش لەنێوان وەفدەكانی پارتی و دەسەڵاتدارانی هەرێمدا ماوەتەوە و رەنگی یاسایی بەخۆی نەگرتووە. ئەوەی راستی بێت میزانیەی ساڵانەی وڵات چەندە بێت بەپێی دانیشتوانی پارێزگاكانی وڵاتیش بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت. بەرەچاوكردنی خەرجی و مەرسووماتی حكومەتی ناوەندی. ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی ئەو گفتۆگوویانەی لەنێوان لایەنی كوردی و لایەنەكانی تری حكومەت پێكهات. سەدا ١٧% لەمیزانی بوودجەی گشتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاری كرا. دیاری كردنی ئەم رێژەیە وەك ماددەیەكی تایبەت و نەگۆڕ جێگیر نەكرا و بەتێپەڕبوونی كات و گۆڕانی دۆخی عێراق و هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین و دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕی جیهانی كەمی میزانەی ساڵانەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ خۆیدا هێنا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەگەڵ گۆڕانی هەر حكومەتێك، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ وەەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و بەشە بوودجەی ساڵانەی هەرێمەكەی، رێككەوتنی نوێ واژۆ دەكات، ئەوەش بۆ هەردوو حكومەت لواوە و باشتر توانیوویانە تەسەڕوف بە بوودجەی وڵاتەوە بكەن. هەر حكومەتێكیش بەپێی هەستیاری دۆخی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەچێتە رێككەوتن و بوودجە و مووچەی بۆ رەوانە دەكات. ئەم شێوە لەتەعامول كردنە تا چەند خولێكی پەرلەمانی بەرێوە چوو. بەڵام لە ٢٠١٤ ەوە ئەم دۆخە كۆتایی پێهات. ریفراندۆمە شكست خواردووەكەی بارزانی و بنەماڵەكەی بەفیتی دەوڵەتی توركیای داگیركەر و هەندێ هێزی نەیار و بڕیاری فرۆشتنی نەوتی خۆماڵی و ئابوری سەربەخۆ، شكستێكی گەورەی سیاسی لەپێگەی هەرێمی كوردستانی وەشاند. هەرێمی كوردستان هەم لەرووی سیاسی، ئابوری، خزمەتگوزاری و یاسایی و پاراستنیەوە و ...هتد بەجیاوازیەكی زۆرەوە بۆ دواوە گەڕایەوە و پاشەگەردانی لەبەرێوەبردن و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان هاتە ئاراوە.
پەدەكە كەشێكی لەباشوری كوردستان و شەقامی كوردیدا خولقاندبوو كە گوایە هەندێ لایەنی كوردی لەدژی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردین و تەنیا ئەوانن كە خەمی دروست بوونی دەوڵەتی كوردی و پێگەی هەرێمی كوردستان دەخۆن. كەچی بەو لۆژیكە داگیركارییەی نەیاران نیوەی زیاتری خاكی باشوری كوردستان كە دەگاتە"٥١% لەدەستی كوردان دەرهێنرا. عەقڵیەتی كورت بینی بارزانی و بنەماڵەكەی و ریفراندۆمە شكست خواردوەكەی پێگەی هەرێمی باشوری كوردستانی بۆ دواوە گەڕاندەوە. بارزانی و بنەماڵەی بارزانی وایان لەپێگەی هەرێمی باشوری كوردستان كرد كە دوایین جار بۆ بابەتی مووچە نێچیرڤان بارزانی بەخۆی بچێتە بەرپێی سەرۆكوەزیران و سواڵی بوودجە بكات.
سیاسەتە حەكیمانەكەی بارزانی و بنەماڵەكەی و حكومەتی پۆلیسی لەوەی كەهەیە باشتری پێ ناكرێت، وەك خەڵكی سلێمانی دەڵێن، باشی مەكە با خراپ نەبێت و هەوڵەكەی نچێرڤانیش بۆ مووچە و بوودجە لەوەعدی سەرخەرمان دەچێت.