ڕێبەر ئاپۆ چۆن دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت؟
بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگیرێت کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە. بەپێچەوانەوە، بە مانەوەی گۆشەگیری، داوای "ڕۆڵگێڕان" لە ڕێبەر ئاپۆ لە پراکتیکدا واتا و بەهایەکی وای نابێت.
بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگیرێت کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە. بەپێچەوانەوە، بە مانەوەی گۆشەگیری، داوای "ڕۆڵگێڕان" لە ڕێبەر ئاپۆ لە پراکتیکدا واتا و بەهایەکی وای نابێت.
پاش ٤٣ مانگ دیدار لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا. لە ٢٣ ی تشرینی یەکەم، عومەر ئۆجالانی برازای چووە ئیمراڵی و دیداری ئەنجامدا. ڕەوشی تەندرووستی و سڵاوی ڕێبەر ئاپۆی بۆ هەموو گەلی کورد و ژنان و مرۆڤایەتی گەیاند. هەر ئەمەش کاریگەرییەکی مەزنی لە هەموو گۆڕەپانەکان کرد. ئەمە بۆ هەموو ئەوانەی لایەنگری دیموکراسی و چارەسەرن و داوای ئاشتی و ئازادی دەکەن، مۆراڵێکی مەزن بوو، بۆ ئەوانەیش کە شەڕخواز و دەوڵەتپارێزیش دەرفەتی هەناسە هەڵمژینێک بوو. چونکە دەرفەت و هیوای چارەسەری دیاری کرد بۆ ناچارەسەری و ئەو کەسانەی ئەویان بەدیل گرتووە.
بێگومان پاش ٤٣ مانگ، پەیدابوونی هیوایەکی وەها، لەخۆوە نەهاتەدی. بە خیانەتی هێزەکانی دەوڵەت و ئەو دەسەڵاتانەی کە هەبوونی خۆیان لەسەر شەڕ و بارمتەگرتن ڕاگرتووە، نەهاتەدی. هەموو شتێک بە ڕەنجێکی مەزن بەدەست هات. ئەو دیدارەی پاش ٤٣ مانگ هێز و هیوای ئێمەی بەهێز کرد، بە تەواوەتی بەرئەنجامی تێکۆشانە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا. هەڵمەتی ئازادیی جیهانی لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندرا، یەکەم ئەنجامی خۆی لە سەرەتای دووەمین ساڵیدا لە ٢٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەدەستهێنا. بۆیە پێویستە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت لەم ڕووەوە هەوڵیان هەبووە.
هەڵبەت دەتوانین ئەنجامی گرنگ لەم ڕەوشەوە دەربهێنین. دیدارەکەی ٢٣ ی تشرینی یەکەم دەریخست کە تێکۆشان سەرچاوەی سەرکەوتنە، گەر تێکۆشانی کاریگەر و ڕاست هەبێت، ئەنجام بەدەست دێت. واتە هەموو شتێک بە تێکۆشان دێتەدەست. پێشتر ئەمەمان وەک پێشبینی و باوەڕ بڵاودەکردەوە، وەک وانەیەک بۆ پاشەڕۆژ گوزارشتمان لێ دەکرد، لەمڕۆدا ئیدی ئەمەمان لە تێکۆشانی خۆمان سەلماند. کاتێک دەڵێین، تێکۆشان سەرچاوەی سەرکەوتنە، ئێمە گوزارشت لەو شتانە دەکەین کە بینیومانە و بەسەرماندا هاتووە و ئافراندوومانە. ئەمەش هیوا و باوەڕمان بەهێزتر دەکات بۆ دەسکەوتی زیاتر. پاشان ئەگەر زیاتر و کاریگەرتر تێکۆشان بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین. دیداری ٢٣ی تشرینی یەکەم ڕێگەی بۆ ئەمە خۆش کرد؛ ئەو تێکۆشانە گەورەیەی کە ئێمە بەڕێوەی دەبەین، ئەمە بەدی دەهێنێت. لەسەر ئەم بناغەیە ئێمە لە ئێستادا و لە داهاتوودا هەڵمەتی ئازادی بەشێوەیەکی بەهێزتر بەڕێوە دەبەین.
ڕێبەر ئاپۆ لە دیداری ٢٣ ی تشرینی یەکەم، بە ڕستەیەک هەڵوێستی خۆی بەرامبەر گفتوگۆکانی ئێستە نیشاندا. دەریخست هێزی تیۆری و پراکتیکی هەیە کە شەڕی ئێستە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی یاسایی و سیاسیی. بەم شێوەیە، هەم وەڵامی بەخشی بەو شتانەی تاوتوێ دەکرێت، هەم ڕێگەی چارەسەری نیشاندا. هەرچەند دەرفەتەکانی سنوورداریش بن، بەڵام بە هەستی بەهێزی خۆی نیشانیدا کە لە هەمووان زیاتر چاودێر و ئاگاداری پرۆسەکەیە. ئەم ڕەوشی هەنوکەی دەستنیشان کرد و هەم ئەوەی پێویستە ڕوونی کردەوە. هەڵبەت وەک هەموو جارێک، ئەمجارەش دەستنیشانی کرد کە خاوەنی هێزە، دەیەوێت بەرپرسیارێتی بگرێتەئەستۆ.
بێگومان هەڵوێستێکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە و دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بێگومان لە ڕۆژگارێکدا کە بەهۆی زیهنیەت و بەرژەوەندیی کەسییەوە هەموو شتێک سەروژێر بووە، ئەمە زۆر گرنگە. داوای ڕۆڵگێڕان بۆ چارەسەری دیموکراتیک، زۆر گرنگە و ڕێگە بۆ دەرفەتێکی مێژوویی دەکاتەوە.
بەڵام ئەمە چۆن دێتەدی، یان چۆن بەدی دەهێنرێت؟ لێرەدا پرسێکی سەرەکی خۆی نیشان دەدات. ڕێبەر ئاپۆش بۆ چارەسەر پرسی هەنوکەیی، تیشکی خستەسەر ئەو گۆشەگیرییەی هێشتا بەردەوامە. ڕایگەیاند کە گۆشەگیری بەردەوامە و نیشانی دا کە بەربەستی سەرەکی گۆشەگیرییە. پاشان بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە لێرەوە دەست پێبکەین، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەم گۆشەگیریەی کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە، هەڵبگیرێت. بەپێچەوانەوە، بە مانەوەی گۆشەگیری، داوای "ڕۆڵگێڕان" لە ڕێبەر ئاپۆ لە پراکتیکدا واتا و بەهایەکی وای نابێت. هەروەها گەلی کورد بەرامبەر ئەم نزیکایەتییانە بە یەکدەنگی ئەمانەی وەک "تاکتیک و گەمەی شەڕی تایبەت" پێناسە دەکەن و نیشانی دەدەن کە ئیتر بەم گەمانە فریو ناخۆن. بە ڕوونبوونەوەی ئەم ڕەوشەش، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکەش ڕایگەیاند کە ڕێکخراوبوونی گەلی کوردی وڵاتپارێز و گەلی کورد پشتگیری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و ئەو نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی کورد دەکات. هەڵوێستی لەمە ڕوونتر نابێت. ئەمە واتە گەلی کورد یەکە و بۆ چارەسەری دیموکراتیک ئامادەیە. ئەوانەی بە فێڵ و درۆ هەوڵدەدەن پێچەوانە بکەنەوە، ناتوانن ئەم ڕاستییە بگۆڕن.
گەر سەرنج بدەین، دەبینین هەرچەند زۆریش ڕوون نییە، بەڵام داوای ڕۆڵگێڕان لە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت بۆ چارەسەری پرسی کورد، لێدوان هەیە و ئەم داواکارییەی هەڵگرتووە. ئەوەی ماوەتەوە، ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەمەش گرێدراوە بە دابینکردنی هەلومەرجی تەندرووستی و سەلامەتی و خەباتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆوە. گەر ئەمە نەیەتەدی، هەنگاونەنرێت بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئەوەی دەگوترێت هیچ واتایەکی نابێت، بێجگە لە گەمەی شەڕی تایبەتی هیچی تر نین. بۆیە دەبێت ئەو گۆشەگیرییەی ٢٦ ساڵە بەردەوامە، کۆتایی بێت و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دابین بکرێت.
پەیوەست بە هەلومەرجی ئیمراڵی، نەوەک هەر ڕۆڵگێڕانی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد، ژیانی جەستەییش وەک موعجیزەیەکە. بۆیە بەگوێرەی هەلومەرجی ئیمراڵی، ڕۆڵ ناگێڕدرێت. ئەمە ڕەوشێک نییە، بە گوتەیەک خۆبەخۆ بێتەدی. بەپێچەوانەوە، پێویستی بە خەباتێکی مەزنە. چارەسەری پرسێکی سەد ساڵە، بە ئاسان نایەتەدی. بۆ ڕۆڵگێڕان لە چارەسەرێکی وەهادا، پێویستە هەلومەرجی تەندرووستی و سەلامەتی و خەباتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دابین بکرێت. چونکە دەبێت ٢٤ کاتژمێر کاربکات و بچێتە زۆر شوێن و لەگەڵ چەندین کەس کۆببێتەوە. لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار و لەنێویاندا بەڕێوەبەریی پەکەکە کۆبوونەوە بکات و هەمووان لەسەر ڕێگەی چارەسەر کۆبکاتەوە. ئاشکرایە بە مانەوەی هەلومەرجی ئیمراڵی ئەمە بەدی نایەت. بۆیە هەڵەیە مرۆڤ بڵێت بە چەند هاتن و چوونێک بۆ ئیمراڵی ئەم پرسە چارەسەر دەبێت. ئەمە دووبارەکردنەوەی ڕابردووە و بێجگە لە گەمەیەک هیچ واتایەکی تری نابێت. وەک چۆن بەبێ ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر نایەدی، بەهەمانشێوە بە مانەوەی هەلومەرجی ئیمراڵیش چارەسەر پێک نایەت، دەبێت هەنگاوی یەکەم هەڵگرتنی گۆشەگیری بێت.
پرۆسەی ٢٩ ی تشرینی یەکەم هەیە، واتە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا. گەلی کورد ئەندامی ڕەسەن و چالاکی دامەزراندنی کۆمارن. گەلی کورد لەگەڵ ئەم کۆمارە نەکەوتوونەتە ناکۆکییەوە و خیانەتیان لێ نەکردووە، بەپێچەوانەوە، ئەم کۆمارە نەیتوانی ببێتە کۆمارێکی ڕاستەقینە. ئەو کۆمارەی بەڵێنی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد نەبردەسەر، خیانەتی لە خۆی کرد. بەرپرسیاری ئەمەش، ئەو کەسانەن کە "کۆماری تورکیا"یان گۆڕی بۆ "کۆماری تورک". قڕکردن و حیساب نەکردن بۆ کورد، بەم جۆرە سەریهەڵدا.
گەلی کورد ئەمڕۆش دەیەوێت بەها ببەخشێت بە گفتوگۆی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانی وەک ئاکەپە_مەهەپە و گفتوگۆی چەپ_سۆسیالیستەکان و لایەنەکانی گەل. دەبێت ئەم لایەنانەش خۆیان لە زمانی ڕق و کینە بەدوور بگرن. لەڕاستییدا، گفتوگۆکانی ئێستە دەربارەی بابەتەکە، پەیوەستە بە لێک جیاکردنەوەی کرێخۆر و شەڕڤانەکانەوە. ڕەنگە ناوەڕۆکەکەی هەڵە بێت، بەڵام شەڕڤانێتی فیکر و کرێخۆریی لێک جیاوازن. لە پرسی کورد و ئەو شەڕەی پەیوەست بەو پرسە پێشکەوتووە، کرێخۆرییەکی مەزن دەرکەوتووە. ئەو کەسانەی قسەی بێ مانا دەکەن و دەستیان لە میراتەکە گیرکردووە، با بزانرێت کەسانێکی کرێخۆرن و دەترسن بەرژوەندییەکانیان لەدەست بدەن. بۆیە دەبێت کرێخۆر لە شەڕڤانی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە. بۆیە گرنگە ئەو کەسانەی شەڕڤانێتی ئەم کارەیان کردووە، لە ڕێگەی چارەسەردا هەنگاوی پێویست بنێن و لەسەر خاڵێکی هاوبەش کۆببنەوە و کرێخۆرەکان گۆشەگیر بکەن. گەر لایەنەکانی ئێستە لەمە تێبگەن و جێبەجێی بکەن، ئەوکات دەتوانرێت هەنگاوی بەهێز بنرێت و ڕێگەی چارەسەر بکرێتەوە.
ڕێبەر ئاپۆ بەو زیهنیەت و پرۆژەی چارەسەری دیموکراتیکەی لە پارێزنامەکانی خۆیدا پێشی خستووە، ڕۆژانە لە ڕێگەی چارەسەردا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. گەر لایەنە بەرپرسیار و پەیوەندیدارەکان هەلومەرجی گونجاو فەراهەم بکەن، لە دیداری ٢٣ ی تشریندا دووبارە مسۆگەرکراوە کە ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت لە چارەسەری سیاسییدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆیە لەم سەردەمەدا ئەرکە ڕاستەقینەکە تەنها لە ئەستۆی ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکو بێجگە لە ڕێبەر ئاپۆ، ئەم ئەرکە لە ئەستۆی هەموو کەسێکی تریشە.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا