تێگەیشتن لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین گرنگی و پێویستیەکی سەرەکی هەر ڕێکخستن و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیە. زەحمەتی لەوەدا نابینین کە درک بەوە ڕاستییە بکەین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی ناوین بنگەی شۆڕشە گەورەکانی مرۆڤایەتی بووە. ئەمەش وایکردووە لێکەوتەی فراوانی لەسەر ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی هەبێت تا بەمڕۆش.
هەموو ئەو هەوڵانەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەی دەبات، خۆی لەژێر ئەم ڕاستییەدا حەشار داوە. ئامورەکانی سەرمایەداری هۆشیاریەیان بەوە هەیە کە بەبێ باڵادەستبوونیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ناتوانن پایەکانی خۆیان دامەزرێنن.
قۆناغی سەرمایەداری "کەپیتاڵیزم" ڤێنیسیا لەسەر بنگەی دەوڵەت + نەتەوە و پاوانخوازی ئابووری و بەردەوامکردنی شەڕ خۆی ئاواکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە خودی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دژی ئابوورییە! دژی مرۆڤایەتی و ژینگەشە! ئەم سیستەمە دێوە زمەیە زۆر بە ئاگاییەوە بەردەوامی بە چاو جنۆکی خۆی دەدات. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری خاوەن لەشکرێکی دڕندەی برسییە لە ڕۆشنبیری خۆی؛ لەپێناو بەردەوامکردن و دەستخستنی ئامانجەکانی خۆی ؛کە کەڵكە کردنی سەرمایەیە، بۆیە ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات لە کردار "پراکتیک"ـدا پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکات.
لە مێژووی دەرکەوتنی ئەم دێوە زمەیەوە کەم فەیلەسوف درکیان بەم ڕاستینەیە کردووە. هەتا کەسانێکی وەک "مارکس و ئەنگڵس"ـیش فریوی ئەم دێوە زمەیان خواردووە. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "بنگەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرکەوتووە"؛ بەبێ ئاگایی لەم ڕاستییە فامکردنی ئەم دێوە زمەیە کارێکی ئاسان نابێت.
ئەم سیستەمە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئاواکردنی دەوڵەت نەتەوەکانەوە، جۆرە فەلسەفەیەکی پێشخستووە بەتایبەت لە کوردستان کە ڕیبەر ئاپۆ ناوزەدی کردووە بە فەلسەفەی "مردن"! هەڵبەت مەبەستمان تەنیا لەناوجوون یان مردنی جەستەی نییە! ئەوەی بەدرێژای ئەم سەد ساڵە بەڕیوە دەبرێت لەسەر کوردان تاقیکردنەوەی هەموو جۆرەکانی مردنی لەخۆ گرتووە. بەجۆرێک مرۆڤی کورد ڕووبەڕووی چارەنووسێکی وەها کرابوویەوە کە شەرم لە بوونی خۆی بکاتەوە.
لەبەرانبەر ئەو ڕەوشەی مرۆڤی کورد کە نە دەرگیری بەهای مرۆڤبوون بێت و نە لە دۆخی ئاژەڵیشدا بوو وەک ڕێبەر ئاپۆ درکی پێکردبوو، دەستی بە شۆڕشێکی ژیان دۆستی کرد بەجۆرێک پێی وتین ژیان کاتێک دەبێتە ژیان کە تێکۆشانی بۆ بکرێت. پرسی "چۆن بژین، چیبکەین و لەکوێوە دەستپێبکەین" بوە دەروازەیەک بۆ تێکشکاندنی ئەو ژینگە مەرگ دۆستیەی کە کرابووە چارەنووسی کوردان. لە پەرتوکی قەیرانی شارستانییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕێگەچارەی شارستانێتی دیموکراتیدا، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "لە کولتووری رۆژهەڵاتی ناویندا زاراوەکانی حەقیقەت و "مردن و ژیان لەپێناو حەقیقەت"ـدا دەستەواژەگەلێکی گرنگن. بەڵام دەستەواژەی حەقیقەت کە لە کولتووری ئەوروپادا وەک دوالیزمی تیۆر- کردار پیشان دەدرێت ناوەڕۆکەکەی خاڵی کراوەتەوە، پارچەپارچە بووە و هەمووێتییەکەی خۆی لەدەست داوە". ناسکردنی ڕاستینەی خۆمان پێویستیەکە تا درک بوونی خۆمان بکەین. کۆمەڵگەیەک گەر ئاشنای ڕاستینەی مێژووی خۆی نەبێت چۆن دەتوانێت خۆی لەو کورە گەورە و دڕندەی مەرگ دۆستی نەفرەت لەخۆ کردنە بگات؟ لێرەوە باشتر لەو وتەی ڕێبەر ئاپۆ تێدەگەین کە دەڵێت: "مرۆڤ گەر ئاشنای مێژووی خۆی نەبێت کەسایەتیەکی لاواز و دەست و پێ سپی لێ دروستدەبێت". بە قووڵبوونەوە لە ڕاستینەی مێژووی کورد کە ڕیشەی دەگەڕیتەوە بۆ قۆناغی چاخی بەردینی نوێ "نیۆلۆتیک"، ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە شۆڕشێکی زیهنی کرد؛ لەپێناو بەرکەنارکردنی ئەو شێوە ژیانەی کە دووژمن وەک ڕاستییەک لەبەردەم گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی گەلی کورد داینابوو، بەوەی یان "مردن یان ژیانێکی ڕەزالەت و کۆیلایەتی"! گەر درۆ لەگەڵ ویژدانی خۆمان نەکەین دەبینین لەگەڵ دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو ئەو پێناسە باوانەی کە بۆ بوونی کورد و مێژووەکەی کرابوون هەرەس دێنن، پێناسەی ئەم ڕێبەرە شۆڕشگێڕە تەواو جیاوازە لەوانی دی!
لای ئەم ڕێبەرەمان "هەبوونی کورد گوزارشت لە هەبوونی گەردوون دەکات"! مرۆڤ کاتێک بەنێو پەرتووکەکانی ئەم ڕێبەرەدا گوزەرێک دەکات سەری سووڕدەمێنێت ئەم هەموو بوێرییەی لە کوێوە هێناوە کاتێک پێناسەیەکی بەم ڕەنگە بۆ بوونی کورد دەکات! ئەوەی من لەم نیهێنیە تێگەیشتبێتم ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ؛ ئەم بوێریەی لەو قووڵبوونەوە مێژوویە بەدەست هێناوە. لێرەوە درک بەوە دەکەین مرۆڤی کورد لەدوای ڕووخانی فیدراسیۆنی مادەوە بۆ هێندە لاوازە لەبەرانبەر هەر ئاریشە و گۆڕانکارێکدا!.
ڕیبەر ئاپۆ بە باوڕیەوە پێداگیری لەسەر ئەو ڕاستیەکردەوە کە "پەکەکە دەبێت ببێتە سەکۆی ئاواکردنی ژیانێکی ئەخلاقی و ئازاد نە تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی"! مرۆڤ گەر ئاشنای ڕەگە مێژوویەکەی کورد نەبێت ناتوانێت لەم گوتارەی ڕێبەر ئاپۆ تێبگات. دەستپێکی شۆڕشی نیۆلۆتیک کە لەسەر خاکی زاگرۆس، سەریهەڵداوە هەموو ئەو شۆڕشانەی دواتریش تا بە دەرکەوتنی پیشەسازگەرای لەم چەند سەد ساڵەی دوایدا ڕیشەیان دەگەڕیتەوە بۆ قۆناغی نیۆلۆتیک، لێرەوە لەو خیانەتە تێدەگەین کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری چۆن نکۆڵی لە هەبوونی نەتەوەی کورد دەکات.
وەلاوەنانی نەتەوەی کورد بەواتای وەلاوەنان و خیانەتیش دێت لە کۆی مرۆڤایەتی و گەردوونیش. بۆ دربازکردنی هەموو ئەو قەیرانانەی کە مرۆڤایەتی و گەردوون "ژینگە" تێیکەوتووە، سەرپێخستنی فەلسەفەی ژیانێکی واتادار و ئازاد پێویستیەکە.
ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەی مردنی شیکردەوە کە دووژمن پێشیدەخات، بەجۆرێک شیکردۆتەوە کە مردنی بێکاریگەر کردووە لەمڕۆدا هەم لە شەخسی ئەم ڕێبەرەدا و هەم لە شەخسی کادیرانی ئاپۆیدا بەڕوونی درکی پێدەکرێت. لەخۆڕا ئەم ڕێبەرە نەی فەرمووە: "ئێمە "پەکەکە" لە مردن ژیانمان ئافراند" یان "شۆڕشی ئێمە شۆڕشی خولقاندنی خۆشەویستییە" یاخود "بە ئەشقەوە بژین و ئەشقیش بدەنە ژیان" یاخود شەهید مەزڵوم دۆغان لە دۆزەخەکەی زیندانی ئامەداد بەو پەڕی باوڕییەوە بە دۆزەی شۆڕشەکەی دیوت "بەرخۆدان ژیانە و تەسلیمبوونە مردنە"!.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ دەرکەوتنی ماهیر چایان و هاوڕێکانی لە گۆرەپانی سیاسیدا وەک هێزێکی چەپ دەرکەوتبوونە سەر تختی شانۆ، ئەما چونکە هۆشیارێکی باشیان بەو زەمینە نەبوو لەماوەی دوو ساڵدا کەوتنە بەر نەفرەتی دەسەڵات و پاکتاوکران؛ لەکاتێکدا دەبوایە سیاسەتێکی ژیرانەیان بگرتایەتە بەر بۆ مانەوە و درێژەدانیان بە ئامانجەکەیان. لە زۆرێک لە گفتووگۆکانیدا ڕێبەر ئاپۆ لەبارەی ماهیر چایان و هاوڕێکانیەوە نرخاندنی کردووە، بۆیە تەواوی هەوڵی خۆیداوە ڕێبەرایەتی کە هەڤاڵەکانی وا پەروەردە و ئامادەبکات بۆ ئەو ئەرەکە پیرۆزەی سەر شانیان کە لەخۆڕا ڕووبەڕووی شەهیدبوون نەبنەوە گەر شایەن بە شەهیدبوون نەبێت.
تۆمارکردنی داستانی فیداکاری و بەرگریکردن و نابووتکردنی ترس لە مردن لە دۆزەخەکەی زیندانی ئامەدا بۆ ئەو هۆشیارییە دەگەڕێتەوە. دەخوازم بڵێم بەپێچەوانەی هەموو ئەو ڕوانگە سواو باوانەی کە سەرقاڵی نابووتکردن و بۆردوومانکردنی ڕۆح و زیهنی تاک و کۆمەڵگەی کوردین بەوەی کورد وەک هەبوونێکی لاواز و دەست و پێسپی وێنا دەکەن، پێیان وایە ئەم نەتەوەیە هیچ ئومید و هیوایەکی تێدا نەماوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووەی خۆکوشی وەک باسی لێوە دەکەن.
من باوڕیم بەوە هەیە کە کورد بەپێشەنگایەتی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەی دووژمن "مردن"ـی وەلاناوە، هەنگاوی هەڵهێناوە بۆ ژیانێکی ئازاد. لەمڕۆدا ئێمە ئاشنای دوو جۆر لە مرۆڤی کوردین! یەکیان وەک بەرخ ئامادەیەکی هەمیشەی هەیە بۆ سەر بڕین لەبەر پێی دووژمنانی ئەم نەتەوەیەدا، هاوکات ئاشنای دیوەکەی دیکەی تاکی کوردیشین کە جگە لە ژیانێکی ئازاد و شایەستە بە مرۆڤ بوون و ڕاستینەی ئەو مێژووەی کە ڕێبەر ئاپۆ شیکاری کردووە هیچ جۆرە ژیانێکی دیکە ناسناکات. لەپێناو ئاواکردنی ژیانێکی بەم ڕەنگەشدا ڕێبەر ئاپۆ هەموومانی ئەرکدار کردووە!.
دەرکەوتنی ئەم ڕیبەرە لەکاتێکدا بوو کە کورد لە کۆتا ساتەکانی گیان کێشنادا بوو! لێرەوە بە تێکۆشانێکی بێ وچان ئەم ڕێبەرە ئاشقە بووە ئەتۆمێک و کەوەتەوە ئاواکردنی جەستە نەخۆش و لاوازەکەی کورد! لێرەوە ڕێبەر ئاپۆ هاوشێوەی مۆمێک زیاد لە شەست ساڵە دەسووتێت تا مرۆڤایەتی و گەردوون ڕۆشن بکاتەوە! دواجار دەخوازم بڵێم ئەم فەیلەسوفەمان وەک گەڕیدەیەک بەدوامانەوەیە تا بمان ژێنێتەوە تا وەرمان چەرخێنێت لە لێواری ئەو چێشی مەرگ دۆستی و نەفرەتی خۆ بەکەم زانینەی کە وەک ڕاستیەک هەر چرکە ساتێک بە دەنگێکی زوڵاڵ دەدرێت بە گوێماندا "کورد و پارە و خیانەت"! ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو ئەم ڕوانگە بێ بەهایانەی دا! ڕێبەرایەتی پێ وتین "کوردبوون تاڵە بەڵام ڕاکردن لێی نامەردییە"! چۆن لەم ڕوانگەی ڕیبەرایەتی بگەین؟ لەکاتێکدا هیچ کات لەخۆڕا پەیڤێکی دەرنەبڕیوە! مەبەستیەتی پێمان بڵێت مادام هەبوونی کورد گرێدراوی گەردوونە و ژیانێکی واتادار ئازادە، پێویستە جارێکیدی بەم ڕۆڵەی خۆی هەستێتەوە تەوری ژیان بگەڕینێتەوە سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی! دواجار لەبەرانبەر دروشمە بێ واتاکەی دوژمن کە زۆرجار دەوترێتەوە بەبێ ئەوەی تێگەیشتنێک فەلسەفیمان هەبێت بۆی پێمان دەڵێن: "کورد و پارە و خیانەت" منیش لەژێر ئەشراقی فەلسەفەی ڕیبەر ئاپۆدا دەڵێم: "زانین و باوڕی و سەرکەوتن"!
هـ . ب