بردنەوە لە سەربازگە.. چیرۆکی داگیرکردنی چەند شارەوانیەکی کوردستان

لە سەربازگەیەکدا ئەگەر دەوڵەت پشت ئەستور بە زێڕ و زۆر، درۆ و دراو و گوشار و یارمەتی لە خشتەبراو و هاوکارەکانەکانی بیباتەوە سەرکەوتنێکە بە تامی دۆڕان، رێک بە پێچەوانەوە بۆ ئیرادەی گەل دەبێتە سەرکەوتن.

لە گەرمەی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خۆجێیی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکرایەوە، کە دەرکەوتووە لە وێستگەی ژمارە ١٠٤٢ لە خوێندنگەی ئەتاتورک لە قەرس لە کۆی ١٢٠ دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان لەو وێستگەیە هەیە تەنیا یەک کەسیان خەڵکی قەرسە و ئەوانی دیکە دەنگدەری هاوردەن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە تۆماری دەنگدانیان گواستراوەتەوە بۆ شارەکە.

ئەمە مشتێک لە خەرمانی راستی بەسەربازگەکردن و گۆڕینی دیموگرافیا و هاوردەکردنی دەنگدەر و سەرکەوتنی ساختەی ئاکەپە-مەهەپەی دەسەڵاتدارە لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان. هەر ئەمەش دەبێتە کرۆکی تێگەیشتن لە چیرۆکی سەرکەوتن و بردنەوەی ساختە یاخود داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی هەندێک شارەوانی لە باکووری کوردستان.

بەماوەیەکی زۆر پێش دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی دەستی بە فرت و فێڵ و گزی و ساختەکاری و ئەندازیاریکردنی پرۆسەکە کردبوو. یەک لەو رێگایانەش دەنگدەری هاوردە بوو.

شڕنەخی ناوەندی بۆتانی شۆڕشگێڕ، کە زێدی دەیان و سەدان قارەمانە، ئەم جارەش لە رێگەی بە سەربازگەکردنەوە بە زەبری چەکدار و پۆلیسەکانی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە دەستی بەسەردا گیرا، سەرباری ئەوەی شەش هەزار و ٥٤١ دەنگدەری ساختە گواسترابوونەوە بۆ ئەو شارە، بەڵام کاندیدەکەی دەسەڵات بە دوو هەزار و ٤٨٠ دەنگ توانی شارەوانی ئەو شارە زەوت بکات.

لە قلەبانی شڕنەخیش بە روونی ئەنجامی ئەم فرت و فێڵەی دەسەڵات و داگیرکردنی شارەوانی دەردەکەوێت. لەو ناوچەیە کاندیدی ئاکەپە بە ٢ هەزار و ٦٨١ دەنگ توانی سەرکەوتنی ساختە بەسەر کاندیدی دەم پارتی بە دەستبهێنێت کە ٢ هەزار و ٥٧٥ دەنگی بە دەستهێنابوو، واتە بە جیاوازی ١٠٦ دەنگ، ئەمەش کاتێک جێگەی تێڕامانە کە بزانین هەزار و ٤٠٩ دەنگدەری ساختە واتە پۆلیس و سەرباز تەنیا بۆ رۆژی دەنگدان لە ناوچەکانی دیکەی تورکیاوە تۆماری دەنگدانیان گواسترابووەوە بۆ ئەو ناوچەیە.

سەربازگەیەکی دیکە بەدلیس بوو کە کاندیدەکەی دەسەڵات بە جیاوازی ١٩٨ دەنگ توانی شارەوانیەکەی داگیربکات، سەرباری ئەوەی چەند هێندەی ئەو جیاوازیە سەرباز و پۆلیس وەک دەنگدەری هاوردە بردبووە شارەکەوە.

لە دهێی سێرت ئەو شوێنەی لە قەڵەمبازی ١٥ی تەباخدا یەک لەشوێنەکان بوو کە یەکەم فیشەکی تێدا تەقێندرا، دەسەڵات سەرباری هەزار و ٧١ دەنگدەری هاوردە توانیویەتی بە جیاوازی ٧٦٧دەنگ دەست بە سەر شارەوانیەکەیدا بگرێت.

لە قەرس بە هەمان شێوە و هەروەها لە رێگەی کەلەکۆمەی فاشیستیەوە واتە بە دەنگدەری ساختە و هاوپەیمانی بەرەی ئاکەپە-مەهەپە توانرا شارەوانیەکەی داگیربکرێت.

لە شارە کاندیدەکەی مەهەپە بە پشتیوانی ئاکەپە بە جیاوازی ٣ هەزار و ٢٦٤ دەنگ توانی پێش کاندیدەکەی دەم پارتی بکەوێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ٣ هەزار و ٨٤٢ دەنگدەری ساختە خزێندرابوونە ئەو شارەوە.

تابلۆی ئەم بە سەربازگەکردنەی شارەکانی کوردستان لە ناوچەکانی جۆلەمێرگ زەقتر بەرچاو دەکەوێت. لە چەلێ ئاکەپە بە هەزار و ٥٠٦ دەنگ شارەوانیەکەی زەوت کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کاندیدەکەی دەم پارتی هەزار و ٤٠٤ دەنگی بەدەستهێناوە واتە جیاوازیەکە تەنیا ١٠٢ دەنگە. هەر لەو ناوچەیە مەهەپە ٨٨٣ دەنگ، پارتی زەفەر ٤٠٥ و جەهەپە ٣٧٩ دەنگی بردووە، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی ٣ هەزار و ٢٣٥ سەرباز و پۆلیس لەو ناوچەیە بۆ دەنگدان مۆڵدرابوون، چیرۆکی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئەو ناوچەیەی کوردستانیش روونتر دەکەوێتە بەرچاو.

بەهەمانشێوە لە شارۆچکەی باژارگەی گەڤەری جۆلەمێرگیش کە ئاکەپە بە جیاوازی ٤٩١ دەنگ شارەوانیەکەی زەوت کردبوو، ئەو سەرکەوتنە ساختەیەی لە رێگەی بەکارهێنانی ٩٥٣ دەنگدەری ساختەوە مسۆگەر کردبوو.

لە شەمزینانی جۆلەمێرگ کە مەڵبەندێکی وڵاتپارێزییە و هەرگیز چۆکی بۆ داگیرکەری و دەسەڵاتی فاشیستی دانەدوە، ئاکەپە بە جیاوازی ٣٢٥ دەنگ توانی دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە هەزار و ٨٨٦ دەنگدەری ساختە، واتە سەرباز و پۆلیسی هاوردەی مۆڵدابوو.

شارەوانیەکانی کەرجۆسی ئێلیح، گێل و هەزرۆی ئامەد، ستەوری مێردین، ئەلکێی شڕنەخ و چەند شارۆچکەیەکی دیکەی باکووری کوردستان بە ساختەکاریەکی و لە رێگەی بە سەربازگەکردنەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە زەوت کران.

خۆ ئەگەر ئەو دەنگە ساختانە لە ئەنجامەکان دەربکرێت زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، ئیرادەی گەل بە پێشەنگایەتی دەم پارتی چ سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە و بۆشی و بێ بنەمایی سەرکەوتنی ساختەی دەسەڵات تەواو ئاشکرا دەبێت.

ئەو سەرکەوتنە ساختەیە بۆ دەسەڵات لە هەندێک ناوچە، ناتوانێت شکستەکەی بەرامبەر بە ئیرادەی لە بن نەهاتووەی گەل لە زۆرینەی ناوچەکانی باکووری کوردستان بشارێتەوە، لە هەمان کاتیشدا بەڵگەیەکە لە سەر ئەوەی گڵۆڵەی داگیرکەری ئاکەپە لە کوردستان بە تەواوەتی کەوتووەتە لێژی و تەنیا بە زەبری کودەتای سەربازی بە سەر سندووقەکانی دەنگداندا دەتوانێت هەندێک شارەوانی بە جیاوازیەکی زۆر کەم زەوت بکات، بەڵام ئەم سەرکەوتنە ساختەیەش دادی نادات و هەڵوەرینی دەنگەکانی نەک لە کوردستان، لە سەر ئاستی تورکیاش دەرخەری ئەوەیە کە فاشیزمی ئاکەپە- مەهەپە دوا هەناسەکانی دەدات و ئەگەر رۆژێک دەرگای ساختەکاری بە تەواوەتی لێدابخرێت، دەرگای نەمانی بە روودا دەکرێتەوە.

 هـ . ب