لە دەوروبەری منبج ٥ چەتە کوژران، ۳ ئۆتۆمبێلی سەربازیش لەناوبران

لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری منبج ٥ چەتەی داگیرکەریی تورکیا کوژران، ٣ ئۆتۆمبێلی سەربازیش لەناوبران.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک قەسەدە رایگەیاند، کە لە شەوی رابردووەوە تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نێوان هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج و چەتەکانی سوپای تورکی داگیرکەردا لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری منبج شەڕی دژوار روویدا.

لە ئەنجامدا ٥ چەتە کوژران، ٣ ئۆتۆمبێلی سەربازیش لەناوبران و ژمارەیەک چەک و جبەخانەش دەستیان بەسەردا گیرا.

ناوەندەکە رایگەیاند، "هێزەکانمان مافی بەرگریی رەوایان بەکارهێنا و بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە، راستەوخۆ سەنگەر و ناوەندەکانی چەتەکان لەو هەرێمانە کرانە ئامانج.

لە بەرەی پردی قەرەقۆزاقیش سوپای تورکی داگیرکەر دەوروبەری پردەکە و فرۆکەخانەی سرینی بە چەکی قورس تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

لە هەرێمی زرگان، فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی سوپای تورکی داگیرکەر بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش و ئەندامێکی هێزەکانی دیسپلینی سەربازی شەهیدبوون و ٤ ئەندامی دیکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ برینداربوون".