لەسەرحیسابی شەنگاڵ دەیانەوێت دەوڵەتی ناوەندی بپارێزن!!
تەنیا لەماوەی ساڵێكدا دەوڵەتی داگیركەری تورك بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان و فرۆكەی شەڕكەر چوار جاران هێرشی شەنگاڵی كردووە و هەری كەم یازدە كەسی شەهید و بەدەیان كەسیشی بریندار كردووە...
تەنیا لەماوەی ساڵێكدا دەوڵەتی داگیركەری تورك بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان و فرۆكەی شەڕكەر چوار جاران هێرشی شەنگاڵی كردووە و هەری كەم یازدە كەسی شەهید و بەدەیان كەسیشی بریندار كردووە...
تەنیا لەماوەی ساڵێكدا دەوڵەتی داگیركەری تورك بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان و فرۆكەی شەڕكەر چوار جاران هێرشی شەنگاڵی كردووە و هەری كەم یازدە كەسی شەهید و بەدەیان كەسیشی بریندار كردووە، هێرشی هەرە دوایی دوێنی پاش نیوەڕۆ بوو لەكۆمەڵگەی خانەسوری سەر بەشارۆچكەی سنوونێ كە بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان هێرشی سەیارەی هاوسەرۆكی دەستەی خۆبەرێوەبەری ئەنجوومەنی دیموكراتی شەنگاڵ "مەروان بەدەل خوێدا"ی كرا و لەئەنجامدا مەروان بەدەل شەهید بوو. پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ بۆ چی دەوڵەتی تورك وەها هێرشی شەنگاڵ دەكات و دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگۆزاری و كەسایەتیە پێشەنگەكانی كۆمەڵگەی ئێزیدی دەكاتە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆیشی لێبكەوێتەوە، لەلایەكی تر بۆچی دەوڵەتی ناوەندی عێراق لەبەرامبەر بەو هێرشانە دەستەوەستانەو بەكردار كاردانەوەیەكی سیاسی نیشان نادات.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەعێراق و مشتومەڕەكانی پەیوەست بەدەرئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنێوان لایەنەكاندا، هێرش و پەلامارەكانی داعش لەهەندێ لەناوچەكانی جێ ناكۆكی لەسەر"ماددەی 140" روویان لەهەڵكشانكردووە و راستەراست دەوڵەتی داگیركەری تورك و هاوپەیمانیەكانی لەهەرێمەكە كە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق و پاشماوەكانی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕە گۆڕیان بەهێرشەكانیانداوە و بەدەیان شەهید و برینداریشیان لەهێزە ئەمنیەكان و خەڵكی مەدەنیش كردووەتە قۆربانی. ئەمەش بابەتێكی تر كە ناراستەوخۆ پەیوەستن بەیەكەوە و لەیەكدیش جیاناكرێنەوە، بۆیەش مرۆڤ دەتوانێت لەخۆێندنەوەیەكی ساكاریش بێت هاوسەنگیەكانی نێوان هێرشەكانی داعش و پەلامارەكانی سەر شەنگاڵ بەیەكەوە ببەسترێتەوە؛ چونكە دۆخی ئێستای عێراق هاوشێوەی 2014ش نەبێت رەنگە زۆر دوریش نەبن.
لە 2014 كاتێك داعش هێرشی كردە سەر موسل و پاشان شەنگاڵ و دەوروبەری ململانێیەكانی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لەئاستێكدا بوو كە زۆر جار یەكتریان تاوانبار دەكرد و هاوشێوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەگەڵ یەكدی مامەڵەیان دەكرد، هەتا ئەو كاتەی داعش لەموسل لەمەزگەوتی نور جاڕی دامەزراندنی خیلافەتی ئیسلامیدا، مسعود بارزانیش كە ئەو كاتە سەرۆكی هەرێمی باشوری كوردستان بوو بەفەرمی لەپەرلەمانەوە بەیعەتی بەئەو خیلافەتەدا و رایگەیاند كە ئیدی دەوڵەتی دی دراوسێمانەوە و دەبێتە حكومەت و دەوڵەتی ناوەندی بەغداش ئەمە قەبوڵ بكات. لەو كاتەوە تا ئێستاكە ئەم هاوپەیمانییە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان ـ توركیا و داعش و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەكان وەكو خۆی بەرێوە دەچێت و دەیانەوێت ئەو هاوپەیمانیەش بپارێزن و برەوی پێ بدەن، بەڵام بەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەندێ لەهاوسەنگییەكان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی بەنیسبەت تەداخۆلەكانی توركیا و ئێران لەناوخۆی عێراقدا، بۆیەش پێدەچێت مشتۆمەڕەكان لەسەر دروستبوونی حكومەت بگاتە ئاستی پێكدادان و شەڕی ناوخۆش، بەڵام ئەوەش دەبێتە لەقازانجی هێزە نێودەوڵەتیەكاندا نەبێت، بۆیەش بەهەموو شێوەیەك نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و ئەوروپاش دەیانەوێت بەهەر نرخێك بێت، حكومەت بە سازان و تەوافۆقێكی هەمەلایەنە لەنێوان لایەنەكاندا پێكبێت، بەمەرجێك هەر لایەنە و لەلای خۆیەوە هەندێ تەنازۆلات بۆ یەكدی بكەن، هەتا بتوانن بگەنە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی حكومەت.
دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمداوییەی عێراق وا دەركەوتووە كە دەوڵەتی تورك زۆر لێ ناڕازی نییە و پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق كە وەكو هاوپەیمانیەكی خۆی دەبینێ دەیەوێت وەكو كارتێكی گۆشار لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندی بەكار بهێنێت، هەر بۆیەش بەو دەستێوەردانانەی دەوڵەتی تورك لە عێراق و هاوكاریەكانی پارتی لەگەڵ توركەكان وای كردووە كە هەم هێرشەكانی سەر پێشمەرگە و خەڵكی مەدەنی و جێ واری كوردەكان زۆرتر بێت و هەمیش دەرفەتێكی لەباریشی بۆ دەوڵەتی تورك خۆلقاندووە كە بەئاسانی هێرشی سەر شەنگاڵ بكەن. واتا پارتی بۆ ئەوەی لەحكومەتی ناوەندیدا ببێتەخاوەن سەنگ و قۆرسایی خۆی دەیەوێت هەموو نرخ و بەها كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەكانی گەلەكەمان ژێر پێ بكات و بۆ ئەوەش سڵ لەهیچ شتێك ناكاتەوە.
دەوڵەت و لایەنە عێراقیەكانی تر لەكۆی هێرشەكانی سەر شەنگاڵدان؟!
هەرچی دەوڵەت و حكومەتی ناوەندی عێراقە بۆ چی تا ئێستا لەبەرامبەر بە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر شەنگاڵ و كۆمەڵگەی ئێزیدی نابنە خاوەن كاردانەوەیەكی سیاسی ئەمەش جێگای گۆمان و هەڵوەستەكردنە.
دەوڵەتی عێراق بەدرێژایی تەمەنی خۆی هیچ حیسابێكی بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی و ئیرادەكەیان نەكردووە، ئێستاش كە ئیزیدیەكان رووبەرووی فەرمان و قڕكردن بوونەتەوە، جارێكی تر نایەوێت دان بەو ئیرادەیەی ئیزیدیەكاندا بێنێت كە خۆیانیان رێكخستووە، هەر بۆیەش هەم دەوڵەتی ناوەندی و هەمیش لایەنەكانی تر لەسووننە و شیعەشەوە بگرە تەنیا بەپێ بەرژەوەندییەكانی خۆیان و قۆناخەكە دەیانەوێت مامەڵە بەدۆسیەی ئێزیدیەكانەوە بكەن. كاردانەوە ناوخۆیەكانیش لەئاستی كەسایەتیدا تێپەڕ نەبووە لەبەرامبەر بەو هێرشانەی سەر شەنگاڵ دەكرێت.
كازمی رۆژێك دوای هێرشی سەر شەنگاڵ خۆی گەیاندە هەولێر
مستەفا كازمی بەو بێدەنگیەی لەبەرامبەر بەهێرشەكانی دەوڵەتی تورك دەیەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان لەخۆی زەویر نەكات و وەكو هاوبەشێكی دەسەڵاتداریەتی خۆی بیهێڵێتەوە، بۆیەش دوابەدوای هێرشی سەر شەنگاڵ و شەهید خستنی مەروان بەدەل خودێدا ئەمڕۆ بەجل و بەرگی سەربازیەوە خۆی كرد بە هەولێردا، بەهەمانشێوەی هەر چوار لایەنەكەی تری شێعە كە خۆیان وەكو غەدر لێكراو دەبینن لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراقدا، ئەوانیش تاوی خۆیانیانداوە كە سەردانی هەولێر بكەن. ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیەی كە هەموو لایەنەكانی ناو عێراق دەیانەوێت لەسەر حیسابی شەنگالییەكان و ئێزیدی دەوڵەتی ناوەندی لەسەر پێیەكانی بهێڵنەوە و حكومەتێكی هاوشێوەی رابردوو دروست بكەن.
ئەمریكا و فەرەنسا و نەتەوەیەكگرتووەكانیش بێدەنگن!!
ئەمریكا و فەرەنسا و نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەبەر بەرژەوەندیی درێژخایەنەكانی خۆیان و پاراستنی هەیمەنی دەوڵەتی نەتەوەیی نایانەوێت هیچ كاردانەوەیەكی سیاسی لەبەرامبەر بەهێرشەكانی دەوڵەتی تورك نیشان بدەن، خۆی لەخۆیدا ئاسمانی عێراق تا ئێستاش لەدەستی ئەمریكادایە و فەرەنساش كە خۆی وەكو میراتگەری دامەزرێنەری دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێنێت نایەوێت لەوە زیاتر بۆشایی سیاسی لەعێراقدا دروست ببێت، بۆیەش بۆ پاراستنی سومعەی دەوڵەتی ناوەندی هەموو تەنازوڵێك بۆ دەوڵەتی تورك دەكات.
خۆفرۆشەکان هیچ شتێک بە دەس ناهێنن!
گەلی ئێزدی و خەڵکی شەنگال ئەو راستیە باش تێگەیشتون کە تەنیا رێگەی درێژهدان بە ژیانی شەرەفمەندانه پێداگریە سەر بەرخۆدان. بێگۆمان بە بەرخۆدان هەم پلانی داگیرکەری تورک تێکدەچێت و لەوەش مەزنتر ئاژاوەگێڕی و خۆفرۆشی پەدەکە ریسوا دەکرێت. گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوە پشتیوانی ماڤە دیموکراتیکەکان و تێکۆشانی ئازادیخوازی شەنگاله. هاندانی دوژمنانی کورد لە لایەن بنەماڵەی بارزانی بۆ هێرش سەر شەنگال بە یەکیەتی نەتەوەیی کورد پوچەڵ دەکرێتەوە و خۆفرۆشەکان هیچ شتێک بە دەس ناهێنن.
ژ.ت