پەدەكە بۆچی هەڵبژاردن بایكۆت دەكات؟
شكست و بنكەوتنی ئەردۆغان و ئاكەپە بەواتای شكست و بنكەوتنی پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیە لەهەڵبژاردنەكان و كورسی دەسەڵات. ئێستاش كە هەڵبژاردنی بایكۆت كردوە یاخود داوای دواخستنی دەكات لەبەر ئەو هۆكارەیە.
شكست و بنكەوتنی ئەردۆغان و ئاكەپە بەواتای شكست و بنكەوتنی پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیە لەهەڵبژاردنەكان و كورسی دەسەڵات. ئێستاش كە هەڵبژاردنی بایكۆت كردوە یاخود داوای دواخستنی دەكات لەبەر ئەو هۆكارەیە.
پەدەكە ماوەی سی و دوو ساڵی رەبەقە دەستی ناوەتە بیناقاقای گەلی كورد و كۆمەڵگەی هەرێمی باشوری كوردستان لەژێر ناوی ئەوەی كە گوایە حكومەت و پەرلەمان و ستاتۆ پێكەوە دەنێن و لەوماوەیەدا بەهەموو شێوەیەك دەسەڵاتی خۆیان بەسەر كۆمەڵگەی هەرێمی باشوری كوردستان دا سەپاندە و هەناسەیان لەبەر گەل بڕیوە.
لەماوەی ساڵانی ٢٠١٤شدا لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆ و رێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری تورك و پاشماوەی کۆنە بەعسیەکان و گروپە چەتەكانی داعش لەعەمان و ئۆردۆن هەوڵی نانەوەی پشێوی و ناكۆكیان لەعێراق دا و لەئەنجامی ئەو ناكۆكیانەشدا هەم میزانیەی ساڵانەی هەرێمی باشوری كوردستان و هەم قووتی خەڵكیان لەناوەند بڕی. پەدەكە و بنەماڵەی بارزانی داهات و سەرچاوە سروشتیەكان و پارەی نەوتیان خستە خزمەت دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی ئاكەپە - مەهەپە وە و كۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتیەكان، ئەو نزیكبوون و هەڵوێستانە نە تەنیا خزمەتی بەخۆشگوزەرانی و رەفا و ئاسایشی كۆمەلگەی باشوری كوردستانی نەكرد؛ بەڵكو بەرێگەی ئەو داهات و سەرچاوە خامەی لەباشوری كوردستان دەوڵەتی توركی بۆ ماوەی دە ساڵە لەسەر پێ هێشتووەتەوە و خەرجی شەڕی دەوڵەتی تورك و حكومەتەكەی ئەردۆغانی دابین كردوە و لەلایەكی تر؛ بنەماڵەی بارزانی و ژمارەیەك كەسایەتی كۆمپرادۆر كە لە بەتاڵان بردنی نەوت و دەوڵەمەندی ژێرخان و سەرخانی هەرێمی كوردستان هاوبەشن كردۆتە تریالدێر و ملیاردێر، واتا چینێكی مشەخۆر كە بوونەتە خاوەن دەیان كۆمپانیا و هۆتێل و مۆتێل و مۆڵ و هۆڵ رۆژانە خەڵك دادەدۆشن. ئەو چینە مشەخۆرەی بەچواردەوری بنەماڵەی بارزانی و پەدەكە دا كۆبوونەتەوە. ئەمە دیوێكی تابلۆكەیە، بەدیوێكی تر دەوڵەتی داگیركەری تورك بەو سەرمایە و پارە بەلاشەی لەنەوت و سەرچاوە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە، هەم ئامێر و كەرەستەی شەڕی دەیان ساڵەی دژ بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستانی پێ دابین كردوە، هەم هاوكاری گروپە چەتەكانی داعش و بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدە و چەندین گروپی تری چەتەی پێ دامەزراندوە و هەم جووڵەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی كەل و پەل و بەرهەمی ناوخۆیی پێ بوژاندۆتەوە و ئەو كەل و پەلانەی هەناردەی هەرێمی باشوری كوردستانی كردوە بازاڕێك بۆ ساغ كردنەوەی بەرهەمە رزیوەكانی خۆی. دەولەتی تورك بەوەشەوە نەوەستاوە لەهەرێمی كوردستان تۆڕێكی سیخوڕی بەرفراوانی دامەزراندوە بۆ تیرۆر و كوشتنی شۆڕشگێڕانی بەشەكانی تری كوردستان و زەبرلێدان لەموڵك و ماڵی وڵاتپارێزان و نیشتیمانپەروەران و كەسانی ئازادیخواز و بوێر.
لەبەرامبەردا پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیش لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بەهێزی پێشمەرگەوە نەوەستاوە؛ بەچاولێكەری لەدەوڵەتی داگیركەری تورك چەندین هێزی تۆقێنەر و گوێڕایەڵی دامەزراندوە، هێزەكانی گوڵان، چەتەكانی رۆژ، هێزی كۆماندۆ، هێزەكانی بارزان و ... ئەمانەی هەموو لەپێناو دژایەتی كردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان لەبەشەكانی تری كوردستان پێكەوە ناوە و ئەو بڕە داهاتەی بەناوی میزانیە و شایستە داراییەكانی كارمەندان و مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە لەناوەندەوە رەوانە دەكرێت دەكرێتە قوڕگی ئەو گروپانە و بەخێوكردنیان. هەندێ جار ئەو هێزانە لەبری هێزی حكومەت دەرگای پەرلەمانیان داخستووە، دەرگای هاتووچۆی نێوان باشور ـ باكور یا باشور ـ رۆژئاوایان داخستووە و چەندین كەسایەتی ئازادیخوازیان لەرۆژنامەوان و سیاسەتمەدار و نیشتیمانپەروەر تیرۆر و بێ سەروشوێن كردوە. چونكە دەزانن كە پێشمەرگە وەكو رابردوو بەفیتی ئەوان بەئاسانی فریوی درۆ و دەلەسەكانی ئەوان ناخۆن و ناچنە بەرەی خیانەت و خیانەتكاریەوە دژ بەئامانجە باڵاكانی گەل و نیشتیمان، بۆیە بەدامەزراندنی ئەو گروپانە دەیەوێت ئەو مەرامانەی بە پێشمەرگە بۆی ناچنە سەر، جێبەجێ بكات.
بەمەشەوە نەوەستاوە، بەهاوكاری دەوڵەتی داگیركەری تورك و پاشماوەكانی لەرۆژئاوای كوردستان "ئەنجوومەنی نیشتیمانی" بەناوی "ئەنەكەسە" بۆ داژیەتی كردنی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان و باكور ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراندوە. ئەو گروپەش هاوشانی چەتەكانی بەناوی بەرەی نوسرە و پاشماوەكانی داعش و كەتیبەكانی سەلاحەدین و هەمزە و چەتەكانی هێزی ئازادی سوریا پەلاماری ناوچە كوردنشینەكانیاندا و هەندێ هەرێمیان وەك عەفرین و سەرێكانی خستە ژێر ركێفی ئەو گروپە چەتانەوە. بارزانی دەیەوێت بە سودوەرگرتن لەململانێ و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە، هەم گروپی هاوشێوەی خۆی لەبەشەكانی تری كوردستاندا دامەزرێنێت و بۆ ئەو ئامانجەش بەملیۆنان دۆلاری خەرج كردوە.
لە بنەڕەتدا پەدەكە و بنەماڵەی بارزانی بەهۆی ئەو پەیوەستبوونەی بەهێزەكانی دەرەوەی كوردستانەوە هەیانە، بوونەتە هێزی گوێڕایەڵ و بەكرێگیراو و لەخزمەت ئەجێندای ئەواندا كاروخەبات دەكەن. واتا پرۆژە و پیلانی داگیركەران لەكوردستان و ناوچەكە چی بێت، بەرێگەی پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیەوە جێبەجێ دەكرێن.
ئەم نزیكبوونەوەی بنەماڵەی بارزانی و پەدەكە تەنیا بۆ باكور و رۆژئاوای كوردستان و باشور نییە؛ بەڵكو پێشتریش و ئێستاشی لەگەڵدا بێت؛ دژایەتیەكی راستەوخۆی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستانیشی كردوە، هەر لەكۆماری كوردستان لەمەهابادەوە بگرە، تا تەفروتونا كردنی پارتەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان پاشخان و میراتێكی خیانەتی لەبەرامبەر بەگەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە بردوە و تەنانەت لەم دوایانەش بەرێككەوتنی لەگەڵ ناوەند و رژێمی داگیركەری ئێران پارتەكانی رۆژهەڵاتیان لەكەمپەكان كردە دەرەوە و بەرەو هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیان بردوون.
لەئەنجامی سیاسەتێكی بەوشێوەیە ماوەی سێ دەیەیە دەستی بەسەر دامەزراوە حكومی و مەدەنیەكانی گەل دا گرتووە و بەكەیفی خۆی و میزاجی خۆی تەسەڕوفیان پێوە دەكات. كەی بیەوێت هەڵبژاردن و پەرلەمان كۆ دەكاتەوە و كەی نەیەوێت دایدەخات. كەی بیانەوێت تەمەنی دەسەڵاتداریەتی خۆیان درێژ دەكەنەوە و كێ دەنگ دەربڕێت، مووچەی خەڵك و نان بڕاوی دەكەن و لەكار و كەسابەت دووری دەخەنەوە و دەیانخنە زیندانەوە. ئەمە لۆژیكی مامەڵەكردنی بنەماڵەی بارزانی و پەدەكەیە. بنەماڵەی بارزانی پەدەكە هاوشێوەی كۆمپانیایەک بەربوونەتە گیانی خەڵك. ئەم بنەماڵە و كۆمپانیایە بەزەبری چەك، هێز و پارە خۆیانیان لەسەر پێ راگرتووە و بەرێوە دەبەن و دەیانەوێت لەسەر هەمان رێچكە و رێباز كۆمەڵگە و گەل پەروەردە و بەڕێوە ببەن.
ئێستاش كە هەموو میكانیزم و دام و دەزگاكانی پەرلەمانی پەكخستووە و ئەو دامەزراوانەش لەلایەن دەسەڵاتی باڵای ناوەندەوە كە دادگای باڵای فدڕاڵی عێراقە هەڵوەشێندراونەتەوە و بەمیزاجی خۆی تەخشان و پەخشانی دەكات، نایانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەرێوە بچێت.
لەبەر ئەوەی ماوەی ئەو هەموو ساڵە پەدەكە لەژێر ناوی كورسی كۆتاكان یازدە كورسی پەرلەمانی هەرێمی بەبێ هەڵبژاردن بۆخۆی مسۆگەر كردوە و لەلایەكی تر بەڕێگەی ئەو گروپانەی لەهەرێم دایمەزراندوون و ئەو خەڵكانەی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و لەكەمپەكان بەجێ كراون هەزاران ناسنامە و كارتی بایەعی و كارتی بایۆمەتریان بۆ دەرخستوون و بەهەزاران ناوی دووبارە و مردویان لەلیستی ناوی دەنگدەران پاك نەكردۆتەوە. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەسەر داوای حیزبەكان دامەزراوە و كورسیەكان بەپێ راستینەی كۆمەڵایەتی ناوچەكان دابەشنەكراون. بۆیە لەهەر هەڵبژاردنێكدا خۆی وەك براوەی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەنێت. ئێستا كە بەسایەی دادگای باڵاوە ئەو لاسەنگیە، راست كراوەتەوە خۆی بەغەدركراو لەقەڵەم دەدات و دەیەوێت بەهەرشێوەیەك بووە ئەو بڕیارانەی دادگای فدراڵی هەڵبوەشێنێتەوە. سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەغداد لەدوو هەفتەی رابردوودا بۆ هەمان مەبەست بوو. تا گوایە لایەنە سیاسیەكانی بەغدا رازی بكا بەوەی كە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دوا بخەن و گوشار بخەنە سەر دادگای باڵای فدراڵی. ئەمە یەكەم جارە لەماوەی ئەم سی و دوو ساڵە دەرفەتێك بۆ گەل هاتبێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بتوانێت وەك خۆی بەشداری لەهەڵبژاردندا بكات و پەدەكە و بنەماڵەی بارزانی كاتێك زانیان كە ئەوەیان لەبەغدا بۆ ناچێتە سەر دەیانەوێت بەهاوكاری دەوڵەتی داگیركەری تورك لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان "پەكەكە" شەڕ هەڵگیرسێنن و پەدەكەش بەبیانوی ئەوەی كە گوایە لەهەرێمەكەی ئەواندا شەڕ هەیە، هەلبژاردنەكانی دوا بخات. واتا ئەو دەرچەیە پەدەكە بەدوایدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەردۆغان و ئاكەپە شكست نەخوات لەهەڵبژاردندا، هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بایكۆت بكات.
لەكاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنە هەرێمیەكان لەتوركیا و باكوری كوردستان، یەكێك لەبەناو سیاسیەكانی پەدەكە لەیەكێك لەكاناڵەكانی خۆیانەوە باسی لەوە دەكرد كە ئەگەر ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەكاندا سەرنەكەوێت، ئەوا زیاتر پەنا دەباتە بەر حكومەتی ناوەندی عێراق و ئەوەندە پێویستی بەهەرێم نابێت. ئەم بیركردنەوەیە بەو واتایە دێت كە شكست و بنكەوتنی ئەردۆغان و ئاكەپە بەواتای شكست و بنكەوتنی پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیە لەهەڵبژاردنەكان و كورسی دەسەڵات. ئێستاش كە هەڵبژاردنی بایكۆت كردوە یاخود داوای دواخستنی دەكات لەبەر ئەو هۆكارەیە. بۆیە ئەركە لەسەر لایەنە سیاسیەكانی تری هەرێمی كوردستان و كەسایەتی رووناكبیر و دیموكراتیخواز و نەتەوەیی کە رێگە بەپەدەكە و بنەماڵەی بارزانی نەدەن لەوە زیاتر رەوایەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بخاتە ژێر پرسیار و ڕێگە پێ نەدەن کە شەڕانگیزی بکات و لە بەرامبەر ئازادیخوازان و نیشتیمانپەروەران تیرۆر و تۆقاندن بکات و هەموو بەیەكدەنگ داوا بکەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت. چونكە ئەگەر وا نەكەن ئەم دەرفەتەی هاتووەتە پێش لەدەست دەچێت و پێگە و ستاتۆی هەرێمی باشوری كوردستانیش رەوایەتی خۆی لەدەست دەدات.
هـ . ب