دەوڵەتی داگیركەری تورك دەیەوێت هەم لەسەر ئاستی جیهانی خاوەن پێگە و هەژمون بێت و هەم لەسەر ئاستی هەرێمی هەژمۆنپارێزی و باڵادەستی سیاسی، سەربازی، ئابورری، ئیستخباراتی خۆی بپارێزێت، بۆیە دەیەوێت وەك وڵاتێكی بەكاریگەر خاوەن رۆڵ بێت لە ئاراستەكردن لەسیستەمی نوێی جیهانیدا و نایەوێت بەگوێرەی دەرهاوێشتەكانی شەڕی جیهانی یەكەم و دووەم مامەڵە لەگەڵ دەرو دراوسێ و هێز و دام و دەزگا نێودەوڵەتیەكان بكات. دەیەوێت وەك ئەكتەرێكی بەهێزی سیاسی، ناوچەیی، پێگەی ستراتیژی خۆی بەكار بهێنێت، بەڵام بەهۆی كێشە نێوخۆییەكانی بەتایبەتی پەیوەست بەپرسی كوردەوە، كێشەی ئابوری، ناكۆكی لەگەڵ قوبرسی باكور و ئێران ئەو شتانەی دەیەوێت ناتوانێت بەئاسانی پێی بگات.
بەهۆی سەندرۆمی پرسی كوردەوە و دژایەتی كردنی لەمەڕ بێ چارەهێشتنەوەی پرسی كوردەوە لەسەر ئاستی جیهانی هەرچی دەچێت پەراوێزتر دەخرێت و لەهاوسەنگیەكانی هەرێمی و جیهانیش دوادەكەوێت، بەتایبەتی كاتێك رێڕەوی بازرگانی و گواستنەوەی جیهانی لەهیندستانەوە بەر بە ئوردن و یۆنان و ئەوروپا و ئەمریكا بوو بەمژارێكی ئەساسی لەهاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتیدا دەوڵەتی تورك ئەو رۆڵەی خۆی ون كرد، لەبنەڕەتدا ئەوەی لەپشت ئەم پیلانەوەیە هێزی نێودەوڵەتی و ئەكتەری نوێیە لەناوچەكە وەك"ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە و ئیماڕات" محوریەتی دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین رەنگە لەچوارچێوەی ئەم وڵاتانە ببێتە هۆكاری قوڵكردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزیەكان لەناوچەكە و دەرئەنجامی ئەو هاوسەنگی و رێككەوتنە نوێیانەی سیستەم، هەڵگیرسانی شەڕی"حەماس و حیزبوڵا و حوسیەكانی یەمەن و بەرەی مقاومەی عێراقی و ..." لەگەڵ ئیسرائیل و بەرەی ناتۆ و ئەوروپا بەدوادا هات.
لەهەڵگیرساندنی شەڕی نێوان حەماس "فەلەستین" و ئیسرائیل و حیزبوڵا و ئیسرائیل و تەنانەت گروپە چەكدارەكانی عێراقیش و تێوەگلانیان لەشەڕی ئیسرائیل؛ بوو بە بەشێك لەئەجێندای سیاسی دەوڵەتی داگیركەری تورك و راكێشانی رژێمی ئێران بۆ نێو ئاگری شەڕەكە، تەنانەت بەوەشەوە نەوەستا بەڕێگەی پەدەكە"پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق" دەیەوێت كوردانیش پەلكێشی نێو ئەو ئاگرە بكات كە هەڵیانگیرساندوە.
بەكوشتنی سەركردەكانی حەماس و حیزبوڵا بەتایبەتی ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسروڵا و لێدانی كونسووڵخانەی ئێران لەشام؛ بوو بەزەمینەك بۆ راكێشانی رژێمی ئێران بۆ نێو شەڕەكە. رژێمی ئێران لەسەرەتادا زۆر بەهەستیاری و دان بەخۆداگرتن لەگەڵ دۆخەكە مامەڵەی كرد و لەنێوخۆشدا هەندێ هەنگاوی تەكتیكی نا و ویستی خۆی لەگەڵ دۆخەكە بگونجێنێت، بەڵام بە توندبوونی ململانێكانی نێوان بەرەی ناتۆ ـ ئەمریكا ـ ئیسرائیل و چین، ئێران دەبێ ئیدی دەوڵەتی داگیركەری تورك و نوێنەری سیستەمی سەرمایەداری بەهەڵوێستەكانی لەبەرامبەر بەئێران و گروپەكانی بەرەی مقاومە دژ بەئیسرائیل بەخۆیدا بچێتەوە.
دەوڵەتی تورك لە 2003 رێگەی بە هێزەكانی هاوپەیمان و بەتایبەتی ئەمریكا نەدا بارەگای ئینجەرلیك لەدژی رژێمەكەی سەددام حوسێن بەكار بهێنن، ئەوەش لەبەر ئەوەی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی قەبوڵیان نەدەكرد كە لەوڵاتێكی تری ئیسلامیەوە پەلاماری وڵاتێكی تری ئیسلامی بدرێت. ئەم بابەتە بەئاسانی لەبیری ناتۆ ـ ئیسرائیل ـ ئەمریكا نەچووەتەوە، بەهەمانشێوە لەبەرامبەر بەپێنەدانی فرۆكەی ئێف ـ 35ی ئەمریكی، وەرگرتنی سیستەمی دژە ئاسمانی روسی ئێس ـ 400 وەك ئاڵتەرناتیڤێك لەبەرامبەر بەقەڵغانی ئاسمانی ناتۆ خاڵێكی ترە كە دەوڵەتی توركی هێناوەتە ئاستی دژایەتی كردنی ناتۆ. ئێستاش بابەتی پەیوەست بوون بە هاوپەیمانی شەنگەهای و رێككەوتننامەی بریكس وەك ئاڵتەرناتیڤێك بۆ چوونە نێو یەكێتی ئەوروپا بابەتێكی ترە كە ناكرێت لەلایەن ناتۆ و هاوپەیمانەكانیەوە چاوپۆشی لێبكرێت. ئێستاكەش كە بەخۆی رۆڵێكی كارای لەهەڵگیرساندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و راكێشانی رژێمی ئێرانە بۆ نێو ئەم شەڕە ناوچەییە، دەبێت لەمەو بەدوا لەناكۆكییەكانی نێوان ئیسرائیل و رژێمی ئێراندا ببێتە خاوەن رۆڵی كارا.
وەك دەزانرێت رژێمی ئێران بۆ ئەوەی پێش بە هێرشی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل ـ ئەمریكا ـ ناتۆ بۆ سەر خۆی بگرێت، یا خود كاریگەریەكانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەوەڵامی دوو جار موشەكباران كردنی ئیسرائیل بگرێت، ترافیكێكی دیبلۆماسی چڕی لەناوچەكە بەڕێوە برد. لەلایەك سەردانی زۆربەی وڵاتانی كەنداو و لەنێویاندا عەرەبستانی سعودی و ئیمارات و ... و عێراقیشی تێدا كرد و لەلایەكی تر سەردانی روسیا و چینیان كرد. رژێمی ئێران بەئاشكراو بە نهێنی هەڕەشەی لەو وڵاتانە كردوە كە رێگە بدەن ئاسمانی وڵاتەكەیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بێت و تەنانەت ئەوەشی ووتووە كە رەنگە هاوشێوەی ئیسرائیل ئەوانیش بكەونە بەر موشەكەكانی ئێران و شەڕەكە بەو وڵاتانەشدا بڵاو ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەش دا بەرەی مقاومەی عێراقیش بەئاشكرا رایانگەیاندوە كە رێگە نادەن ئاسمانی عێراق بۆ دەستێوەردانی ئێران بەكار بهێنرێت. واتا وڵاتانی كەنداو و لەناویشیاندا عێراق رێگە نادەن ئاسمانی وڵاتەكانیان بۆ لێدانی رژێمی ئێران و پێگە هەستیارەكانی ئەو وڵاتە بەكار بهێنرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە ئازەربایجان و دەوڵەتی توركە هەم وەك هاوپەیمانی ئیسرائیل لەناوچەكە و هەم وەك ئەندامێكی كارای ناتۆ. چونكە دەوڵەتی ئیسرائیل و ناتۆ بەساڵانە هاوكاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی داگیركەری تورك دەكات لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و پێگەی كورد لەناوچەكە و لەپیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بەڕێبەر ئاپۆ لەساڵی ١٩٩٩دا مۆساد و سی ئای ئەی رۆڵێكی بەرچاویان گێرا لەرفاندن و رادەست كردنی بەدەوڵەتی داگیركەری تورك. بۆیە ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كە دەوڵەتی تورك وەڵامی چاكانە و خۆش خزمەتیەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بداتەوە و دەبێت دەوڵەتی تورك هەم ئاسمانی وڵاتەكەی و هەم بنكە سەربازیەكانی بخاتە خزمەتی ئیسرائیل و ئەمریكا و ناتۆوە بۆ هێرش كردنە سەر ئێران.
چەند رۆژێكە پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی بەرێگەی ئەمبەرین زەمان هەواڵێكی بێ سەروبەری بڵاوكردۆتەوە كە گوایە لەنێوان رێبەر ئاپۆ و قەندیل و دەوڵەتی توركدا چاوپێكەوتن و دیدار هەیە و دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی بكەنەوە رۆژەڤ. لەكاتێكدا لەئەرزی واقعیدا هیچ لەهێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك كەم نەبووەتەوە كە هیچ بگرە زیاتر و بەرفراوانتر بووە. ئەو هێرشانە هەم لەسەر ئاستی رۆژئاوا و باشوری كوردستان و هەم لەسەر مەخمور و شەنگاڵ و هەرێمەكانی پاراستنی میدیایە. هەم ماوەی نزیكەی چوار ساڵە رێگە بە دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ نادرێت و شەقامی كوردی و رای گشتی جیهانی چاوەڕوانی هەواڵێكن لە رێبەر ئاپۆ و بەردەوام لە چالاكیدان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و بۆتە رۆژەڤێكی جیهانی و دەوڵەتی توركی تەنگەتاو كردوە ئەگەر شتێكی وا هەبێ دەوڵەتی تورك و یان دەوڵەتانی هەژمونگەرا راستەوخۆ ئەوانەیان بڵاو دەكردەوە و فشارەكانیان لەسەر خۆیان كەمدەكردەوە نەك ئاوا بە دزیەوە دیدار و گفتوگۆ بكرێت لەكاتێكدا پێشوتریش تەڤگەری ئازادی رای گەیاندبوو كە ئەگەر هەر ئاگادارییەك لە دۆخی رێبەر ئاپۆ هەبێت راستەوخۆ هەموو كەسی لێ ئاگادار دەكەینەوە و خەباتی ژێر بەژێر و فێڵاوی بەهیچ جۆرێك ناكەین. بۆیە بڵاوكردنەوەی هەواڵی بەو شێوەیە بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و بێ باوەڕكردن و دووبەرەكی خستنە نێو ریزەكانی تێكۆشان و خەبات و هەم بۆ بێ كاریگەر كردنی هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی كورد و دژایەتی كردنی زیاتری رژێمی ئێرانە لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و كوردان.