ئاخۆ هاتوچۆ دیپلۆماسییەکان لە عێراق ئاماژەن بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێ؟

چەندین مانگە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر دەیان کۆبوونەوە لە ئاستی بڵند ئەنجامدراوە. ئەمەش ئاماژەیەکی نوێیە بۆ دژایەتی تەڤگەری ئازادی کوردستان. دەوڵەتی تورک، بێجگە لە پەدەکە و عێراق، بەنیازە ئێرانیش لەم پلانە تێوەبگلێنێت.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکێک لەو ناونیشانە مەزنانەی کە قەیران و ناکۆکییەکان تێیدا دەقەومێن، عێراقە. عێراق بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەی و هەم بەهۆی سامانی سەرزەمینی و ژێرزەمینیەوە، بۆتە گۆڕەپانی شەڕی هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان. لە ساڵی ٢٠٠٣ ـەوە و لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، عێراق لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە، سەقامگیریی بەخۆوە نەدیووە.

شەڕەکانی هێزە هەژموونخوازەکان لەسەر عێراق، زیاتر دەرئەنجامی هەوڵەکانی ئەمریکا و ئێرانە بۆ زیادکردنی هەژموونیان بەسەر هەرێمەکەدا. ئەکتەرە شیعە و سوننە و کوردەکان ٣ دینامیکی هەرێمی وڵاتەکەن. ململانێی دەسەڵات لە نێوان ئەکتەرەکان لە عێراقدا بۆشاییەکی مەزن دەئافرێنێت و مەزنترین هێز کە دەیەوێت سوود لەم ڕەوشە وەربگرێت، دەوڵەتی تورکە.

دەوڵەتی تورک سوود لە شەڕ و ململانێ و ناکۆکی نێوان کەسانی ناوبراو وەردەگرێت و بە پێی سیاسەتەکانی قەیرانی سیاسی لە عێراق قووڵتر دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا هەوڵدەدات سوود لەو بۆشاییەی ئێستا وەربگرێت دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بەدوای تێگەیەکی نوێی شەڕدا دەگەڕێت. کۆبوونەوەکانی ئەم چەند مانگە لە ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر ئاماژەن بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان.

پێشهاتی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی لە عێراق ڕوودەدەن. پێشهاتەکانی بەگشتی ئاماژەن بۆ شەڕ و قەیرانی نوێ لە عێراق و هەرێمەکەدا.

بەغدا چ دەکات؟

لە عێراق قەیران و پشێوییەکان نابڕێنەوە، فتیلەی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە بە جموجووڵەکانی پەدەکە جۆشی سەند، ئەم جموجووڵە لە ٢٠ ی شوبات بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی سنووری عێراق لە گۆڕەپانی گەریلا پێکهات. هێزەکانی پەدەکە سەرەتا لە دهۆک و شیلادزێ خۆیان لەنێو گۆڕەپانەکانی گەریلا جێ کردەوە، بەم شێوەیە پیلانە نوێیەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادی کوردستان نەگەیشتە ئامانجەکانی، ئەمجارەیان پلانی هەیە پەدەکە و عێراق لەو شەڕەدا بەشدار بکات و ئەنجامەکەی بەدەست بهێنێت. بەو دیمەن و وێنە و زانیاریانەی کە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەستی کەوت، پلانی نوێی داگیرکاری ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەگەڵ پەدەکە جێبەجێی بکات. هەوڵ دەدرێت بەغدا لەم هەڵمەتە نوێیەدا تێوە بگلێنرێت و تێگەی شەڕ پێشبخرێت. دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات لە ڕێگەی پەدەکەوە کاردانەوەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق بپێوێت. باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەتی تورک بە بێدەنگی عێراق درێژە بەو سیاسەتانە دەدات و هێزی زیاتر بەناوی یەکینەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە جێگیر دەکات.

سەردەمێکی نوێ بۆ باشوور

پاشان دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ٢١ ی شوبات بۆ پرسی هەڵبژاردن و ئابووری دەربارەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا. ئەم بڕیارە ڕێگەی بۆ ڕەوشێکی نوێی بۆ کێشەی ئیدارە و هەڵبژاردن کردەوە کە ماوەیەکی زۆرە لە هەرێم بەردەوامە. باس لەوەش کراوە کە بەم بڕیارانە بە دوای چارەسەری قەیرانی ئابووری و ئیداری باشووری کوردستان دەگەڕێن. گریمانەی ئەوە دەکرێت، بڕیارە نوێیەکان ببێتە بەربەست لەبەردەم گەندەڵییەکانی پەدەکە لە هەڵبژاردن و ئابووریدا، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک گورزێک لە سیستەمی باشووری کوردستان پێناسە کرا. جگە لە نرخاندنی دادگای باڵای عێراق لە ژێر کاریگەری ئێران، ئەم بڕیارانە؛ ناکۆکییەکی دیکەی خستە نێوان پەدەکە و حکومەتی ناوەندی عێراق.

مەسرور بارزانی لە ئەمریکا بازرگانی دەکات

بڕیارەکان لە سەرانسەری باشووری کوردستان و عێراق بوونە مایەی مشتومڕ و هێشتاش مشتومڕەکان بەردەوامن. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بۆ ئیفادەدان پەیوەست بەو دۆزەی دەرهەقیان کراوەتەوە، چووە ئەمریکا. بارزانی لە ٢٥ ی شوبات چووە ئەمریکا. گریمانە دەکرێت، بە تۆمەتی "کوشتن، گەندەڵی، قڕکردن، ڕفاندنی مرۆڤ، ئەشکەنجە، دیلگرتن، هاوکاری داعش" دادگایی بکرێت. ئەم بانگهێشتەی بارزانی بۆ ئەمریکا پرسیار دەخاتە مێشکی مرۆڤەوە. بەڵام دەگوترێت پەدەکە تادێت لاواز دەبێت، داوای هاوکاری لە ئەمریکا دەکات. دەگوترێت ئەمریکا لە عێراق بەرامبەر ئێران لاواز بووە، ئەم ڕەوشە بە ئەرێنی بۆ سیاسەتەکانی دەزانێت و بە مەبەستی وەرگرتنی سازشی  زیاتر لە پەدەکە. لە ڕەوشی ئێستادا گریمانە دەکرێت کە پەدەکە لە عێراقدا ڕۆڵێکی چالاکتر دژی ئێرا بگێڕێت بەگوێرەی سیاسەتەکانی ئەمریکا و لەگەڵ ئەمەشدا هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەبن. لەبەرامبەر ئەمەدا پەدەکە دەیەوێت ئەو بڕیارانەی دەربارەی هەرێمی کوردستان دراون پووچەڵ بکرێنەوە، هەروەها دەرفەتی پێ بدرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزەی بە ٣٢ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. لەم ڕەوشەدا، پەدەکە زیاتر خاکی کوردستان بۆ بازرگانی دەکاتەوە و ڕێگەی دەستوەردانی دەرەکی ئاسانتر دەکات.

لە گۆڕەپانەکانی گەریلا فشاری زیاتر دەکرێت

ڕۆژی ١ ی ئادار، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی،  چووە ئەنتاڵیا. ڕۆژی دواتر بارزانی چووە کۆڕبەندی دیپلۆماسی لە ئەنتاڵیا و لەوێ لەگەڵ وەزیری بەرگری تورک یاشار گولەر کۆبووەوە. هەرچەندە بۆ ڕای گشتی باس لەوە کراوە کە لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵیدا ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوین باس کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ پەدەکە باسی لە پلانەکانی زیادکردنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی گەریلا کردووە. پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو پلانانەدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جموجۆڵی زیاتر لە گۆڕەپانەکەدا ڕووبدات.

پەدەکە بڕیارەکانی دادگای پەسەند کرد

دیسانەوە ڕۆژی ٣ ی ئادار، بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، بڕیاردرا ڕۆژی ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت. بەم هەنگاوە بڕیاری هەڵبژاردن کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە درا، لەلایەن پارتییەوە پەسەندکرا. لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ١٠ ی حوزەیران، شەشەمین هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. وا گریمانە دەکرێت کە بەم هەڵبژاردنانە پەدەکە نەتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت و ئەمەش هاوسەنگی هێزی سیاسی دەگۆڕێت. ئەگەر ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بێت، دەرگای سەردەمێکی نوێ لە باشووری کوردستان دەکرێتەوە.

میت و پەدەکە و سی ئای ئەی لەسەر مێزی سێ کەسین

مەسرور بارزانی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەدەکە لە ئەمریکا بەردەوامە لە بازرگانی، سەردانی سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن لە ئەمریکا، پێشهاتێکی دیکەی سەرنجڕاکێشە. بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کراوە، ئیبراهیم کاڵن لە ئەمریکا لەگەڵ سی ئای ئەی و هەندێک لایەنی سیاسی بێجگە لە ڕەوشی نێونەتەوەیی و هەرێمی، پێشهاتەکانی عێراق و سوریا تاوتوێ دەکەن. کۆبوونەوەی ڕاستەقینە لەنێوان ئەمریکا و پەدەکە و دەوڵەتی تورک لەشێوەی کۆبوونەوەی ٣ کەسی ڕێکدەخرێت و لە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکەدا بێجگە لە بەهێزکردنی پەدەکە لە باشووری کوردستان، باس لەوە دەکەن ئەکتەرە ناوبراوەکان چۆن ڕۆڵ بگێڕن لە پیلانی داگیرکاری نوێ دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان.

لە کەرکوک ناکۆکییەکان بەردەوامە

جگە لەم دیدارانە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ٤ی ئازار لە بەغدا لەگەڵ هەندێک لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نزیکەی دوو هەفتە مۆڵەت درا بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن. دوای هەڵبژاردنی کەرکوک کە ئاسایی بوونەوە نەهاتۆتەدی، نزیکەی هەموو هێزەکان لە جمووجوڵدان. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتی شارەکە کە لە ١٨ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، هەرچەندە کورد بە پێشەنگایەتی یەنەکە زۆرینەی ئەندامەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەم ڕەوشە لەلایەن بەرەی تورکمانی عێراق و هاوپەیمانی عەرەبی و پەدەکەوە قبووڵ ناکرێت. لە کەرکوک هۆکاری سەرەکی ململانێکان وەک بەرەی تورکمانی عێراق دەبینرێت، کە دەوڵەتی تورک پشتیوانی دەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، بەرەی تورکمانی عێراق داوای کردووە کە هەر ١٨ مانگ جارێک نوێنەرێک لە کورد و عەرەب و تورکمانەوە شارەکە بەڕێوەببات و پێداگری لەسەر ئەو داواکارییە کردووە. لایەنەکانی تریش ئەمەیان قبوڵ نەکردووە و ئەگەر پرۆسەکە ئەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ناکۆکییەکە دەگاتە ئاستێکی مەزنتر و ڕەنگە کەرکوک پێ بنێتە نێو ململانێ و پێکدادانەوە.

٩ ی تشرینی یەکەم بەسەر شەنگالدا دەسەپێنرێت

پاش بەغدا، سودانی چووە موسڵ، پاشان چووە شنگال، کە یەکێکە لە شوێنە گرنگەکانی هەرێمەکە. سودانی لێرە سەردانی بنکەی سەربازی فەوجی بیستەمی سوپای عێراقی کرد و کۆبوونەوەکانی دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچوو. شەنگال کە لەژێر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدایە، بەرخۆدان دەکات دژی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کە ئیرادەی زەوت دەکات و دەبێتە هۆی قڕکردنی نوێ. لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک هەموو لایەکی ناچار کردووە ئەم ڕێککەوتنە لە شنگال جێبەجێ بکەن و دەیەوێت بەغداش جموجووڵ بکات لەم بارەیەوە. کۆبوونەوەی سودانیش لەم چوارچێوەیەدا نرخاندنی بۆ دەکرێت. هەروەها خەڵکی شەنگال ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دەرەوەی ویستی خۆیان هیچ بڕیار و ئیدارەیەک قبوڵ ناکەن.

ئاماژەکانی ئۆپەراسیۆنی نوێ

لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتانەدا، شەوی ٥ی ئازار، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی لە ئەنقەرە لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورک کۆبووەوە. چەند مانگە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر کۆبوونەوەی دیپلۆماسی لە ئاستی بەرز بەڕێوەدەچن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو "ئۆپەراسیۆن"ـەی دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان پلانی بۆ دادەنرێت، ڕوودەدەن. ئامانج ئەوەیە، چەندین هێز لەم ئۆپەراسیۆنە تێوەبگلێنێت. دەوڵەتی تورک کە هەوڵدەدات گڵۆپی سەوزی ئەمریکا وەربگرێت، بێجگە لە پەدەکە و عێراق، هەوڵدەدات ئێرانیش بە ڕێگەی جیاواز لەم پلانەدا تێوەبگلێنێت.