یاسا و ئه‌خلاق و ویژدان، له‌ ئاوێنه‌ی ژووره‌كه‌ی ئۆجا‌لان

٥٠ ساڵ له‌مه‌وپێش، له‌ رۆژی نه‌ورزۆدا، به‌ شه‌ش كه‌سه‌وه‌ ده‌ستی به‌ رێپێوانی ئازادی كرد.

٥٠ ساڵ له‌مه‌وپێش، له‌ رۆژی نه‌ورزۆدا، به‌ شه‌ش كه‌سه‌وه‌ ده‌ستی به‌ رێپێوانی ئازادی كرد، بێوچان، چركه‌ به‌ چركه‌، نه‌فه‌س نه‌فه‌س، به‌ بیر، به‌ وره‌، به‌ ئیراده‌، به‌ رێكخستن، به‌ په‌روه‌رده‌، به‌ چالاكی، به‌ شه‌ڕ، به‌ خۆڕاگری، گه‌ل و نیشتمانێكی نكۆڵیلێكراوی له‌ ژێر بیتۆنی فاشیسته‌كان و گورگه‌ بۆره‌كان ژیاندوه‌، مێشك و ئیراده‌ و جه‌سته‌ی ژنی له‌ زنجیری كۆیلایه‌تی رزگار كرد و گه‌یاندیه‌وه‌ ئاستی خوه‌داوه‌ندی ئازادی و جوانی و مزگینی ئاشتی و دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیانی به‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی دا.

ئه‌م كاره‌ی ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێ خسته‌ دڵی خوه‌داوه‌نده‌كانی شارستانییه‌ت، ئه‌و شارستانییه‌ته‌ی كه‌ ته‌نیا فرمێسكی تیمساح بۆ كورد ده‌ڕێژێ. ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ مرۆڤ تیایدا كۆیله‌یه‌، ژن كاڵایه‌ و ژینگه‌ش كاوله‌. تاوانی رێبه‌ر ئۆجه‌لانیش ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ مرۆڤی ئازاد و ژنی ئازاد بۆ ئاوه‌دان هێشتنه‌وه‌ی ژینگه‌ تێكۆشانی ده‌كرد و ئه‌م تێكۆشانه‌ی هێشتاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌. هه‌ربۆیه‌ خاوه‌نه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه‌، له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپاوه‌ بگره‌ هه‌تا به‌كرێگیراوه‌كانیان له‌ ئاسیا و ئه‌فریقیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی زۆر گڵاویان بۆی داڕشت و تۆڕێكی سیخوڕی جیهانگیریان ئاماده‌ كرد تا له‌ناوی ببه‌ن.

فیرعه‌وه‌نه‌كه‌ی میسریان راسپارد وڵات به‌ وڵات بگه‌ڕێت و زه‌مینه‌ بۆ گه‌له‌كۆمه‌كه‌ ئاماده‌ بكات. هه‌ر بۆیه‌ شام گووتی ئه‌گه‌ر لێره‌ نه‌ڕۆی ده‌مڕۆخێنن، ئه‌سینا پشتی له‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی كرد و گوتی له‌ كوێوه‌ هاتووی بۆ ئه‌وێ بگه‌ڕێوه‌. مه‌به‌ست ئه‌وه‌بوو له‌ ده‌ریای ئیجه‌ بیخنكێنن، مۆسكۆ گوتی بڕیاری دۆمام به‌ دۆلار فرۆشت، سه‌هۆڵبه‌ندانی ئه‌خلاقی بیلارۆسیش ته‌نیا ٦ كاژێر ده‌رفه‌تی مانه‌وه‌ی پێدا، رۆما شه‌رمنانه‌ گوتی بارت زۆر گرانه‌ له‌سه‌رم، تۆ هاتوویته‌ میوانی برۆنۆ و گرامشی، به‌ڵام لێره‌ مه‌یدانی گلادیاتۆره‌كانه‌، زیۆس و حاده‌س و ئاره‌س له‌ سه‌ر كارن. به‌رلین گوتی لێره‌ وڵاتی هیتله‌ری قوتابی ئه‌تاتوركه‌، ته‌نانه‌ت له‌ زیندانیشدا جێگات ناكه‌مه‌وه‌، ئامسته‌ردام گوتی دادگای لاهه‌م پشووداوه‌ و نه‌ك ته‌نیا خاكه‌كه‌م، ئاسمانیشم لێی قه‌ده‌خه‌ كردووی، نایرۆبی گوتی لێره‌ په‌رده‌ی كۆتایی شانۆی دره‌وینی یاسا و ئه‌خلاق و ویژدانی ده‌وڵه‌تانه‌.

ئه‌م گه‌له‌كۆمه‌یه‌، ئه‌م نادادییه‌ هه‌موو بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ رێبه‌ری ئازادیخوازی گه‌لێكی زوڵملێكراو له‌ نایرۆبی پایته‌ختی مرۆڤخۆره‌كانه‌وه‌ ته‌سلیم به‌ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی گورگه‌ بۆره‌كان بكه‌ن و خۆیان له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری كۆمه‌ڵكوژی و جینوسایدی گه‌لێك بن.

ئه‌گه‌ر كه‌سێكی دوژمندار و خاوه‌ن نه‌یار په‌نا بباته‌ به‌ر ره‌شماڵێكی كورد یان چادرێكی عه‌ره‌ب، خاوه‌ن ماڵ سه‌ری خۆی داده‌نێت، به‌ڵام میوانه‌كه‌ی راده‌ستی نه‌یار ناكات. به‌ڵام ئه‌و ئه‌وروپایه‌ی كه‌ خۆی به‌ لووتكه‌ی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ داده‌نێت ئه‌خلاقی ره‌شماڵێكی كورد یان چادرێكی عه‌ره‌بی تیایدا نه‌بوو.

دۆخی رێبه‌ر ئۆجه‌لان پێوانی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ نیشاندانی سیاسه‌تی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ گه‌لی كورد. به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌، كورد ته‌نیا هێنده‌ی ژووره‌كه‌ی رێبه‌ر ئۆجه‌لان له‌ ئیمرالی جێگای له‌م دونیایه‌دا هه‌یه‌. بۆ رفاندن و راده‌ست كردنی رێبه‌ر ئۆجه‌لان هه‌موو یاساكانی خۆیانیان پێشێل كرد و به‌ ئه‌رێكردنی سیاسه‌تی گۆشه‌گیری دژوار هێشتاش هه‌ر پێشێلی ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ دژی رێبه‌ر ئۆجه‌لان كرا و ده‌كرێت هیچ پاساوێكی یاسایی نییه‌، چ یاسای وڵاتان چ یاسای نێو ده‌وڵه‌تی. ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ و گۆشه‌گیرییه‌ی كه‌ له‌ دژی ئه‌و په‌یڕه‌و ده‌كرێت ئاوی پاكانه‌ به‌ ده‌ست سه‌د گوانتانامۆدا ده‌كات و له‌ مێژووی كۆن و هاوچه‌رخدا وێنه‌ی نییه‌. كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا بۆ خۆیان ده‌ڵیێن" هه‌موو رۆژێك، هه‌موو چركه‌یه‌ك، ده‌یكوژین"(خورشید تۆڵۆن). ئه‌مانه‌ش هه‌موو به‌ به‌رچاوی دام و ده‌زگاكانی مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روو ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت كۆمیته‌ی پێشگیریكردن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ ماوه‌ی ئه‌م ٢٣ ساڵه‌ی رابردوودا سه‌لماندیان كه‌ كۆمیته‌ی پشتگیریكردن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ن. چۆنكه‌ یه‌كه‌م كه‌س ئه‌وان بوون كه‌ له‌ ئیمرالیدا پێشوازییان له‌ رێبه‌ر ئۆجه‌لان كرد. كێ ده‌یه‌وێت له‌ راستیینه‌ی یاسا و ئه‌خلاقی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا تێبگات، پێویست ناكات به‌ ده‌یان ساڵ ته‌مه‌نی خۆی له‌ زانكۆكاندا مه‌سره‌ف بكات، ئاوڕێك له‌ ئاوێنه‌ی ئیمرالی بداته‌وه‌ به‌سه‌.

٢٣ ساڵ، واته‌ ٢٧٦ مانگ، واته‌ ١٢٠٠ حه‌فته‌، كه‌ ده‌كاته‌ ٨٤٠٠ رۆژ به‌ سه‌ر گه‌له‌كۆمه‌ و نادادی و گۆشه‌گیرییه‌كی دژواردا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ به‌ردیش توانای ته‌حه‌موولی نییه‌. ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ كه‌ نه‌هێڵین ئه‌مه‌ ببێته‌ ٢٤ ساڵ. به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له‌كۆمه‌یه‌ و ئه‌م گۆشه‌گیرییه‌ دژواره‌ پێوانی ئه‌خلاق و ویژدانه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێك.

ف.ق