زیندانی ئاکرێ؛ گوانتانامۆکەی پەدەکە

هەر وڵات و هەر دەسەڵاتێک گوانتانامۆیەکی هەیە. لە عێراق ئەبوغرێب، لە ئێران ئێڤین، لە تورکیا ئیمراڵی. لەلای پەدەکەش زیندانی ئاکرێیە. کردەوەکانی ئەو دەسەڵاتانە لە زیندانەکان، دەگۆڕدرێن بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.

یەک لە کێشە سەرەکی و بنچینەییەکانی باشووری کوردستان، گرتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان، گوشار و ئەشکەنجەدانی رۆژنامەوانان کە لەم دواییەدا و پاش دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە جارێکی دیکە کەوتەوە بەرباس. جگە لە دامەزراوە میدیاییەکانی پەدەکە، هەموو دەزگاکانی راگەیاندنی باشووری کوردستان خاوەندارییان لە رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد کرد و هۆشداریان دا و داوای مامەڵەی بەرپرسیارانەیان کرد.

بۆ گێڕانەوە و باس کردن لە گرتنی شۆڕشگێڕان، دیموکراسیخوازان، رۆشنبیران و رۆژنامەوانان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، دەبێت راستی زیندان و سیستم لە باشووری کوردستان باس بکرێت.

میشێل فۆکۆ لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی "بونیادی زیندان" لە سەرووی مێژووی زیندانەوە، پەیوەندی نێوان زیندان و دەسەڵاتداری، وەک رێبازێکی حکومڕانی هەڵدەسەنگێنێت. ئاستی دیموکراتیکبوونی وڵاتێک بە کردەوەکانی لە زیندانەکان دەپێورێت. کاراکتەر یاخود رووی راستەقینەی دەسەڵات بە کردەوەکانی لەناو زیندانەکان درکی پێدەکرێت.

لەم چوارچێوەدا کاتێک مرۆڤ سەرنجی زیندانەکان لە باشووری کوردستان دەدەن، لەبەر ئەوەی لە رووی جوگرافیاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئیدارەکەشی لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە بونیادنراوە، بە دەربڕینێکی کورت، کردەوەکانی لە زیندان و رێبازی بەڕێوەبردنەکەی لەگەڵ رێبازی بنەماڵەیی و پاشایەتی کۆنەپەرستانەی چاخەکانی ناوەڕاست، کۆپیەکی قێزەونی حکومڕانی فاشیستییە، کە پشت بە سەرمایەی کاپیتالیزم دەبەستێت.

پەدەکە لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٤٦ەوە تائێستا لە ژێر بەڕێوەبەری بارزانیەکاندایە. حکومەتی باشوور لە ساڵی ١٩٩٢ کە دامەزرا تائێستا بەدەست بنەماڵەی بارزانییەکانەوە بووە. لەناو ئەو سیستمەدا لە یاساوە تا سیستمی داد هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەدایە، بۆ خزمەتکردنی خۆی و بنەماڵەکەی کار دەکات. هەروەها پەدەکە لە کاتی دامەزراندنیەوە دەزگایەکی هەواڵگری بە ناوی پاراستنی دروستکردووە، کە بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و پەدەکە جیاواز لە پارتێک وەک دەزگایەکی هەواڵگری دەجوڵێتەوە. لەئێستاشدا ئەوەی هەموو شتێکی پەدەکە و حکومەتی باشووری کوردستان دیاری دەکات رێکخستنی هەواڵگری پاراستنە.

لە ساڵی ١٩٦٣وە تا ١٩٧٥ کە ئەو کات پەدەکە بەهێزبوو، ٣ زیندانی بەناوبانگ بە ناوەکانی رایات، خەلان و ماوەت هەبوون و لەوێ سەدان مرۆڤ بە ئەشکەنجە کوژران. لە سەدا ٩٩ی ئەو مرۆڤانەی لەو زیندانانەدا رادەگیران شۆڕشگێڕانی کورد بوون. زۆرینەیان ئەندامانی حزبی شیوعی بوون.

پارتێکی دژە شۆڕشگێریی بە گوێرەی سروشتی خۆی شۆڕشگێڕان دەخاتە زیندانەوە. کاتێک مرۆڤ سەرنجی مێژووی پەدەکە دەدات، دەبینێت کە زیاتر لە دوژمن، لە دژی بزوتنەوە شۆڕشگێڕانە و دیموکراتیکەکان لە کوردستان شەڕی کردووە. بزوتنەوە شۆڕشگێڕانە و دیموکراتیکەکان لە باشووری کوردستان لە بەر ئەوەی لە راستی پەدەکە نەگەیشتوون و نەیانسڕیوەتەوە، سەرباری ئەو هەموو قوربانیدان و تێکۆشانە نەیانتوانی خۆیان لە لەناوچوون رزگار بکەن.

هەر وڵاتێک گواناتامۆیەکی هەیە

وەک چۆن دەبێت بۆ تێگەییشتن لە رێبازی بەرێوەبردنی دەسەڵاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە زیندانەکانی بداتەوە، بۆ تێگەیشتن لە کردەوەکانی ناو زیندانەکانیش دەبێت مرۆڤ لە سێوازی حکومڕانی، مێژوو و شێوەی ئەو دەسەڵاتە بڕوانێت. لە رێگەی ئەو گێڕانەوەوە ئێمە هەوڵ دەدەین کە سەرنج بۆ سەر پەدەکە و بارزانیەکان رابکێشین.

هەموو وڵات، هەموو دەسەڵاتێک خاوەنی گوانتانامۆیەکە. لە عێراق ئەبوغرێن ، لە ئێران ئێڤین، لە تورکیا ئیمراڵی. پەدەکەش خاوەنی زیندانی ئاکرێیە. کردەوەکانی ئەو دەسەڵاتدارییانەی لەو زیندانانە، کردەوەکانیان لە هەموو زیندانەکانی دیکە دیاری دەکەن، ئەو کردەوانەش دەگۆڕن بۆ رێبازی بەڕێوەبردن و حکومڕانی. لەبەرامبەر ئەو کردەوانە لە زیندانەکان، بەرخودانی شۆڕشگێڕیش رێبازی تێکۆشان و بەرخودانی کۆمەڵگا بەرامبەر بە سیستم رەنگڕێژ دەکەن. لە ساڵی ١٩٨٢دا بەرخودان لە زیندانی ئامەد لە دژی فاشیزمی تورک، کاراکتەری تێکۆشانی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی کوردی دیاریکردبوو. دەسەڵاتدارییەکان هەوڵ دەدەن زیندانەکان بۆ شۆڕشگێڕان بکەنە گۆڕستان، لە بەرامبەر ئەوەشدا شۆڕشگێڕان زیندانەکان دەگۆڕن بۆ قوتابخانە، ئەکادمیا، ناوەندی رۆشنبیری و لێپێجینەوە لە دەسەڵات. لە زیندانەکانی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە و لە زیندانەکانی پەدەکەی نۆکەریان ئەو نەریتەی بەرخودان تائێستاش بەردەوامە.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە زیندانی هەولێر کە لە ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدایە، وڵاتپارێزان مەزڵوم داغ و عەبدولرەحمان ئەر بە چالاکی مانگرتن لە خواردن وایانکرد کە زیندانەکانی پەدەکە سەرلەنوێ بکەونەوە بەرباس و بخرێنە بەر لێپرسینەوە. هۆکاری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر ئەو دوو وڵاتپاڕێزە شۆڕشگێڕە و زیندانیکردنیان ئەوەبوو کە هاوکاری بە سزاگەیاندنی ئەندامێکی هێزە داگیرکەرەکانیان لە کوردستان دا کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە سزادران. دادگای حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لەبەر ئەوە بە پەلە سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو دوو وڵاتپارێزەدا سەپاند و ئەوانی راپێچی زیندان کرد.

ئەو هەڵوێستەی پەدەکە کە لە پاشا زیاتر پاشایەتی دەکات، شتێکی نوێ نییە. پەدەکە لە ساڵانی ١٩٩٢، ١٩٩٥ و ١٩٩٧ لە دژی بزوتنەوەی ئازادیی کورد شان بە شانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەری کرد، هەندێک لەو گەریلایانەی بە برینداری بە دیل گیران رادەستی داگیرکەرانی کردن، هەندێکیشیانی تیرۆر کرد و هەندێکیشیانی خستە ناو زیندانەوە، چەندین ساڵ ئەشکەنجەی دان، بۆ ئەوەی دەستبەرداری شۆڕشگێڕی بن، خۆیان بەدەستەوە بدەن و هاوکاری داگیرکەران بکەن. بۆ ئەوەی ئەوە بگەیەننە ئەنجامیش ئەو شێوازە کلاسیک و مۆدێرنانەیان تاقیکردەوە، کە لە داگیرکەرانەوە فێریان بوون. لە بەرامبەر هەموو ئەو کردەوانەشدا هەڵوێست و بەرخودانی شۆڕشگێڕان کەم نەبووەوە.

پێشتر زیندانی ئاکرێی پەدەکە چەق و ناوەندی ئەو کردەوانەبوو. ئەو کردەوانەی سەرجەم کردەوەکانی لە زیندانەکانی دیکە دیاری دەکرد، لە زیندانی ئاکرێ بوون. ئێستا هەموو زیندانەکانی پەدەکە گۆڕدراون بۆ زیندانی ئاکرێ. جگە لەو زیندانانە هەروەها زیندانی شاراوەی رێکخستنی هەواڵگری پەدەکە واتە پاراستنیش بوونیان هەیە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی مەسرور بارزانیدان. ئەو زیندانانەش راستەوخۆ لە ژێر دەست و کۆنترۆڵی بنەماڵەی بارزانی و رێکخستنە هەواڵگریەکەی واتە پاراستندان. حکومەتی هەرێم هیچ چەشنە کۆنترۆڵ و چاودێریەکی بەسەر ئەو زیندانانەوە نییە. لەوێ ماف و یاسا بەرکار نین. تەنیا شۆڕشگێڕان، دیموکراسیخوازان و بەرهەڵستکارانی بارزانی لەو زیندانانە رادەگیرێن و زیندانی دەکرێن.

ئێستا لە زیندانەکانی پەدەکەدا بە دەیان گەریلای شۆڕشگێڕ و لایەنگربوونیان هەیە. پێشتر ئەو گەریلایانەی بە دیلی دەکەوتنە دەست پەدەکە لەلایەن پەدەکەوە لێپرسینەوەیان لێدەکرا و زانیاریەکان لە بارەی ئەو شۆڕشگێڕانەوە رادەستی میتی تورک دەکرا. میتیش بە شێوەیەکی شاراوە چاودێری لێپرسینەوە لەو گەریلایانەی دەکرد و خۆی نیشان نەدەدا. بەڵام دوای ئەوەی مەسرور بارزانی بووە سەرۆکوەزیران میت و کونسولی تورک لە هەولێر دەچنە ناو زیندانەکان و بەشداری لە لێپرسینەوە لە گەریلا بەدیلگیراوەکان و لایەنگرانی پەکەکە دەکەن، هەڕەشەیان لێدەکەن و پێشنیازی چەپەڵ و قێزەونیان بۆ دەکەن. فەرمانیان بە بەڕێوەبەری زیندان کردووە، کە گۆشەگیری و سیاسەتێکی چۆن لە بەرامبەر ئەو زیندانیانە بەڕێوەببەن. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم دواییە ئەو شۆڕشگێڕانە کە بریندارن و کێشەی گەورەی تەندروستیان هەیە بە هیچ جۆرێک چارەسەریان بۆ ناکرێت، هەندێک لەوانە لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین لە ژوورێکی تاریکدا دوو مەتریدا راگیراون. هەروەها بۆ چەندین ساڵ لە ژووری تاکەکەسیدا رادەگیرێن و رووبەڕووی مردن دەکرێنەوە. ئەو کردەوانەش رێ و رێبازەکانی دەوڵەتی تورک کە لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ لە دژی شۆڕشگێڕانی کورد ئەنجامی دەدا بە بیر مرۆڤ دەهێنێتەوە.

پەدەکە راستیەکی بەو جۆرەی هەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بە دروستکردنی یەک لە گەورەترین زیندانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک پەسنی خۆی دەدات و شانازی پێوەدەکات. لە ساڵی ١٩٩٢دا کاتێک حکومەتی باشووری کوردستان دامەزرا، پەدەکە زۆر لاواز بوو و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر گەل نەبوو. لەگەڵ باڵادەستان دەستی تێکەڵکردبوو و لەوانەوە فێرببوو کە تا مۆدێلی خۆی لە زیندانەکان نەسەلمێنێت، ناتوانێت باڵادەست بێت. دواتریش تیرۆر و تۆقاندنی بەرامبەر گەل پەیڕەو کرد و کایەی بە شکۆمەندی سەدان هەزار مرۆڤ کرد، ئەوانی راپێچی زیندانەکان کرد و بەو جۆرە بووە باڵادەست. ئەو راستیەی کەسایەتی کە چۆک بۆ دیکتاتۆریەتی سەدام و فاشیزم دانەدابوو و خۆڕاگری کردبوو، لەناو برد، لە بری کەسایەتیەکی بەو جۆرەی خوڵقاند کە ئیرادەی لاوازە، سەری شۆڕ دەکات، هەموو هیوایەکی لە سەر دەرەوە هەڵچنیوە، لە وڵاتەکەی خۆی هەڵدێت، بڕوای بە شۆڕش نەماوە. بەڵام ئەوانەی بە ستەمکاری گەیشتوونە دەسەڵات، لە بەردەم دەنگێکی بچووک، لە بەردەم بەرخودانێکی بچووک تووشی شڵەژان دەبن و سەروژێر دەبن. وەک هەموو دەسەڵاتدارەکان پەدەکەش لە بەردەم بەرخودانێکی بچووک تووشی تاسان و شڵەژان دەبێت، ترس دایدەگرێت و بۆ سەرکوتکردنی چی لەدەست دێت دەیکات. گەلی باشووری کوردستان پەکەکە وەک تاکە هیوا و کۆتا هیوا دەبینن. لەبەر ئەوەش پەدەکە پێیوایە پەکەکە بۆ سەرخۆی لە داعش مەترسیدارترە و بە ئاشکرا باس لەوەدەکات. باش دەزانێت کە تا ئەو کاتەی ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەی هیوا بە گەل دەبەخشێت سەرکوت نەکرێت، ناتوانێت بە ئاسودەیی بجوڵێتەوە. لەبەر ئەوەش لە هەر دەرفەتێکدا لەگەڵ داگیرکەران هێرش دەکاتە سەر گەریلا، شەنگال و شۆڕشی رۆژئاوا. بەر لە هەموو شتێک دەزانێت کە تا شۆڕشگێڕانی بە دیل گیراو ناچار بە خۆبەدەستوەدان نەکات، ناتوانێت سەربکەوێت. هەربۆیەش بە توڕەیی و قینێکی زۆرەوە هەموو کردەوەیەکی چەپەڵ و قێزەون بەرامبەر زیندانیان ئەنجام دەدات.

بەڵام وەک هەموو جارێک؛ ئەوەی قسەی کۆتایی دەکات، خۆڕاگرانن.

هـ . ب