١٢ زیندانیی بەلووچ بەكۆمەڵ لەسێدارە دران
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایانگەیاند، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە ٦ی حۆزەیران، ١٢ زیندانی بەلووچ لەزیندانی دزاپ لە شاری زاهدان بەكۆمەڵ لەسێدارەدراون.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایانگەیاند، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە ٦ی حۆزەیران، ١٢ زیندانی بەلووچ لەزیندانی دزاپ لە شاری زاهدان بەكۆمەڵ لەسێدارەدراون.
بەگوێرەی زانیاریەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە ٦ی حوزەیران لەزیندانی دزاپی زاهدان، ١٢ هاوڵاتی بەلووچ كە لە ١١ پیاو و یەك ژن پێكدەهاتن بەشێوەیەكی بەكۆمەڵ لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
ناوی ئەو كەسانەی لەسێدارەدراون ئەمانەن:"نەسیر محەمەدانی، محەمەد نەبی كەبدانی، ئیبراهیم رەخشانی، دەستگیر گرگیچ، ئیبراهیم گرگیچ، جەلیل گرگیچ، محەمەد نەسیری، عیسا سەفەری، حەمیدۆلڵە پالیز، محەمەد عەلی كەهزارهی، محەمەد عومەر كەهزارهی و ژنێك بەپاشناوی گرگیچ راگەیەندراون.
تا ئێستاكە دەزگای دادوەری و بەرپرسانی رژێمی ئیسلامیی ئێران لەمبارەیەوە بێدەنگیان هەڵبژاردوە.
لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی هاوڵاتیانی بەلووچ لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە ١٠ رۆژی رابردوودا ٢٦ زیندانی تر لەسێدارە دراون.
رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر هۆشیاری ئەوەی دابوو كە رەنگە رژێمی ئێران بۆ ترساندن و بڵاوكردنەوەی ترس لەكۆمەڵگە سزای لەسێدارەدان وەكو چەكێك لەكۆمەڵگە بەرێوە ببات.
ئێران لەساڵی ٢٠١٧ەوە لەسەر ئاستی جیهان لەبواری لەسێدارەدانی زیندانیاندا لەپلەی یەكەمدایە. رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەنوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٥٤% لەسێدارەدانەكان لەسەر ئاستی جیهاندا لە ئێران بووە.
ژ.ت