هەڵسۆكەوتی دژە مرۆیی پۆلیسی ئێران و ئەشكەنجە لەزیندان و سەرشەقامەكان

بەرپرسانی ئێرانی نکوڵی لە بوونی ئەشكەنجە و توندوتیژی لەزیندانەكانی ئێراندا دەكەن، لەگەڵ ئەوەش رۆژانە لەسەر شەقامەكان دووبارە بوونەوەی توندوتیژی و "لێدانی وەحشیانە" لە خەڵك، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەبیندرێت.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، كە بە شێوەیەكی "وەحشیانە" سێ ژن لەلایەن پیاوانی هێزە ئەمنیەكانەوە لە مەراغە ئەشکەنجە کران، دوێنێ بەهەمانشێوە دیمەنێك لە ئەشكەنجە و ئازاردانی دوو هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لە كاناڵە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت، ڕووداوی ناو ڤیدیۆکە لەسەر رێگای چالوس بووە.

لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلی پۆلیس دا دوو هاوڵاتی دەبیندرێن، كە رووبەرووی ئەشكەنجە و ئازارێكی بێ رەحمانە بوونەتەوە. ئاستی توندوتیژی هێزە ئەمنیەكان "پۆلیس" بەئەندازەیەكە، كە یەكێك لەو كەسانەی لە ئۆتۆمبێلێکی ترەوە بینەری رووداوەكەیە، دەڵێت، لەئاستی مردن دایە.

ئەشكەنجە و هەڵسوكەوتی دژە مرۆیی یەکێک لە هەڵسۆكەوتە دیارەکانی هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێرانە. زۆرێك لە خەڵك بەتایبەتی ژنان لەكاتی هەبوونی هێزە ئەمنیەكان دا هەست بە نائارامی و بێ ئاسایشی دەكەن.

ژ.ت