حیزبوڵای لوبنان سەرۆکی نوێی هەڵبژارد

حیزبوڵای لوبنان ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شێخ نەعیم قاسم وەک سەرۆکی حیزبوڵا هەڵبژێردرا.

لە شوێنی حەسەن نەسروڵا، کە لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە هێرشێکی ئیسرائیل لە بەیروت کوژرا، نەعیم قاسم هەڵبژێردرا

 حیزبوڵا لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری حیزبوڵا شێخ نەعیم قاسمی وەک ئەمینداری گشتی نوێی حیزبوڵا هەڵبژارد. هیوادارین خوای گەورە هاوکار بێت لە تێکۆشانی و کاری سەرۆکایەتیدا. بەڵێن دەدەین بە سەید حەسەن نەسروڵا، تێکۆشەری ئیسلام و گەلی تێکۆشەر و حیزبوڵا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تێکۆشان و خۆڕاگری خۆی بەردەوام دەکات".

 هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە دیسان هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی لوبنان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ٦٠ کەس گیانیان لەدەستدا.