بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە لەلایەن سەرچاوەکانی مافی مرۆڤەوە، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا شەش هاووڵاتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. ئەم دەستگیرکردنانە لە ناوچەکانی دێولان، بۆکان، پیرانشار و مهاباد ئەنجامدراون و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم کەسانە بەردەست نییە.
چوار هاووڵاتی بەناوەکانی فریا چاوشینی، محمدالـلە ڕەزایی، ئیسماعیل چوکڵی و زەبیر محمودی لە بەرواری ١٩ بۆ ٢١ـی حوزەیران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. سێ کەسیان لە شارەکانی بۆکان و دێولان، یەک کەسیان لە پیرانشار دەستگیرکراون.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٠ـی حوزەیران، دوو هاووڵاتی تر بەناوەکانی کامەران ڕوازی ٢٨ ساڵە و سەڵاح بەهمینی ٣٧ ساڵەی خەڵکی مهاباد، بەبێ دەرچوونی هیچ فەرمانێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و بێسەروشوێنکراون.
تاوەکو ئەم ساتە هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی کە ئەم کەسانەی پێ تۆمەتبار کراوە بڵاونەکراوەتەوە. سەرچاوە خۆجێیەکان سەبارەت بە زیادبوونی دەستگیرکردن بەبێ فەرمانی دادوەری و ناڕوونی بارودۆخی یاسایی دەستگیرکراوان نیگەرانیان دەربڕی