شەوی ڕابردوو بنکەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای عێراق لەسەر سنوری عێراق-سوریا، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کرانە ئامانج، ئەوەش لە وەڵامی هێرشێکی مووشەکی بۆسەر بنکەی K-1 لە کەرکوک کە کارمەندێکی ئەمریکی تێدا کوژرا.
لەسەر ئاماری کوژراو و بریندارەکان، شەوی ڕابردوو، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، لە هێرشەکاندا ٤ سەربازی حەشدی شەعبی کوژراون کە لەنێویاندا پلەی یاریدەدەری ئامرلیوا هەیە و ٣٠ سەربازی دیکەش برینداربوون.
هەر شەوی ڕابردوو ئاژانسی فرانس پرێس، ڕایگەیاند کە لە هێرش بۆ سەر پێنج بنکەی چەکدارەکان لە سنوری عێراق و سوریا، ١٥ چەکدار کوژراون.
بەڵام بەپێی دواین زانیاری کە ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە - بەشی فارسی، بڵاویکردوەتەوە ئاشکرایکردووە کە لە هێرشەکان بۆسەر بنکەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای عێراقی، ٤١ چەکداری ئێرانی و ٢٥ ئەندامی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کوژراون.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ڕاگەیندراوێکدا، ئەو هێرشانەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لەو هێرشانەدا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و بریندابوون، پنتاگون ئەو هێرشانەی وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی بۆسەر بنکەی K-1 ناوبردووە.
ف.ق