د.بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێڕاق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەهۆی فشارەوە بۆ دەسنیشانکردنی سەرۆک وەزیران بۆ عێڕاق، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش پەرلەمانی عێڕاق کرد.
لەم نێوەندەدا کوتلەی (بیناء) کە بە ڕابەرایەتی نوری مالکی و هادی ئەلعامری بەڕێوە دەچێت ڕازی نەبوون بەو هەڵوێستەی سەرۆک کۆمار و داوای لێپرسینەوەی یاساییان کرد لەبەر ئەوەی سەرۆک کۆمار سوێندی خواردوە بەڵام دەستوری پێشێلکردووە.
هەروەها کوتلەی (بیناء) کە نزیکی ئێرانن باسی لەوەش کرد ئەم هەنگاوە خزمەت بە یەکڕیزی عێڕاق ناکات و لە ئێستادا خزمەت بە لایەنە بیانیەکان دەکات، لە هەمان کاتدا عێراق بەرەو گێرەشێوێنی دەبات.
لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانتارانی عێراق داواکەی سەرۆک کۆمار ڕەت دەکەنەوە و زۆرینەیان لەگەڵ ئەوەدان کە بڕیارێکی دروست نییە و سەرۆک کۆمار لە ژێر فشاردا بڕیارێکی لەو شێوەیەی داوە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆک کۆماری عێراق تووڕەیی حکومەت و پەرلەمانلێکەوتەوە، بەڵام لە لایەن گەلی عێراق و بە تایبەتی خۆپیشاندەرانەوە پێشوازیەکی باشی لێکراو و لە زۆر شوێندا وەک پارێزەری خۆپیشاندەران ناوی هێنرا.