به گوێره‌ی هه‌واڵی ئاژانسی ڕۆژنامه‌وانی فه‌ڕه‌نسا (AFP) به‌رپرسێكی فیدراسیۆنی باكووری سووریا ڕایگه‌یاندووه كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق ڕێكه‌وتوون ٣١ هه‌زار هاوڵاتیی عێراق كه له كه‌مپه‌كاندان بگه‌ڕێندرێنه‌وه عێراق.
یه‌كێك له به‌رپرسانی كه‌مپه‌كان به ناوی مه‌حموود كه‌رۆ ڕایگه‌یاندووه، «شاندێكی حكوومه‌تی عێراق به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوڵاتییه عێراقییه‌كان سه‌ردانی هه‌رێمی نیوهئۆتۆنۆمیان كردووه.» به گوته‌ی كه‌رۆ زۆرینه‌ی ئاواره‌كان ژن و منداڵن.
عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتیی باكووری سووریا له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه و گوتی، ئه‌و ڕێككه‌وتنه خانه‌واده‌ی چه‌ته‌كانی داعش ناگرێته‌وه.
ناوبراو ڕایگه‌یاند، به‌شێك له ئاواره‌كان له كه‌مپه‌كان ده‌مێننه‌وه و به‌شێكیشیان له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانن. ئه‌و شانده‌ی عێراق هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سانه گفتوگۆ بكات كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه. ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه كه خۆیان ده‌یانه‌وێت.
عومه‌ر له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی، هیچ كه‌سێك به‌زۆر ناگه‌ڕێندرێته‌وه. شانده‌كه لیستێكی له ٥-٦ هه‌زار كه‌س ئاماده كردووه كه خۆیان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه عێراق. هێشتا كه‌س نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی بڕیاره بگه‌ڕێنه‌وه عێراق هه‌موویان سیڤیلن.
s.m