هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات- تەڤدەم،دەربارەی کارەساتی لافاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوای لە گەل کردووە کە بە ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆیان هەستن و یارمەتی گەلی ڕۆژهەڵات بدەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"لە لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلەکەمان و خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بوونەتەوە، لەم کارەساتەدا لانیکەم ٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، سەرەتا سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیان و هەروەها گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و ڕایدەگەینین کە هاوخەمی ئازارەکانیانین".
ئەوەش هاتووە:"لەم دۆخە نائاساییەدا کە گەلەکەمان لەم کارەساتە قوربانییان داوە، ئەرکی سەرشانمانە، کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، گەلی کورد و هەموو مرۆڤەکان بە شێوەیەکی بەپەلە و بە هەستیارییەکی گەورەوە هەموو دەرفەتەکان بەکاربهێنن و ئەوەی لەدەستیان دێت، پێویستە هاوکاریی بکەن".
لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەی تەڤدەمدا هاوتووە، " بانگەوازیی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵات و باکووری سوریا دەکەین کە بۆ هاوکاریی و پشتیوانیی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپەلە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و لە بەرامبەر گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕووبەڕووی سەختی و مەینەتی بوونەتەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی خۆیان بەجێی بێنن".
ک-ش