هێزەکانى تورکیاى داگیرکەر ئەمڕۆ لە ٢ گەڕەکى عەفرین هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانى کورد و لەو هەڵکوتانەیاندا ١٨ گەنجیان بە زۆر لە ماڵەکانیان هێنایە دەرەوە و رفاندونیان.
بەپێى ئەو زانیارییانەى لە بەردەستماندان، هێزە داگیرکەرەکان کاتژمێر ٠٨:٠٠ى سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە گەڕەکەکانى ئەشرەفییە و مەحمودییەى هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ١٨ گەنجی ئەو ٢ گەڕەکەیان رفاندووە.
سەربازانى تورکیا بە زۆر گەنجەکانیان لە ماڵەکانیان هێناوەتە دەرەوە و رفاندونیان و تاوەکو ئێستاش هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییانى ئەو گەڕەکانە بەردەوامیى هەیە.
رۆژی ٢٧ى حوزەیران / ٥ى پووشپەڕ لە دواى روودانى ٣ تەقینەوەى گەورە لە مۆڵگەى چەتەکانى تورکیادا و کوژرانى دەیان چەتە، هێزەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر گوشار و دڕەندەییەکانیان زیاتر کردووە و لە جندرێس ٦٠ گەنج و لە ناوەندى عەفرینیش ٩٠ گەنجیان رفاندووە. بەوەش ژمارەى ئەو هاووڵاتییانەى لە ماوەى ٣ رۆژدا لە عەفرین رفێندراون، گەیشتە ١٦٨ هاووڵاتى.
سوپاى تورکیا و چەتەکانی، ئەو گەنجانەیان زۆر بە قورسى ئەشکەنجەداوە و لە دواى ئەشکەنجەدانى قورس دەیانبەن بۆ عەزاز و تورکیا.
ر.م