دەوڵەتى تورک لە عەفرین لەسەر ئاگرە

لەو رۆژەوە عەفرین داگیرکراوە بەرخودێران رێگایان نەداوە پشوو و ئاهێک بە بەر داگیرکەراندا بێتەوە. دەوڵەتى تورک سەرباری هەموو هەوڵەکانى ناتوانێت هەرێمەکە بەڕێوەببات.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر عەفرین و ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ی رەشەمە عەفرینیان داگیرکرد. ئەو داگیرکەرانە زیاتر لە ١٠ مانگە ناتوانن عەفرین بەڕێوەببەن و هەر وەک ئەوەیە لەسەر ئاگر بن. سوپاى تورک و ٣٣ گروپ لە چەتەکانى هەموو شێوازێکى دڕندانە و تۆقێنەرانە بەکار دەهێنن، بەڵام ماوەى ١٠ مانگە بۆ یەک رۆژیش هەناسەیەکیان بە بەردا نەهاتووەتەوە. لە بەرامبەر چالاکییەکانى یەپەگە و یەپەژە و هێزەکانى عەفرین دا بێچارە و دەستەوەستان بوون.

دواى ئەوەى عەفرین داگیرکرا، هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە دەستیان بە قۆناغی تێکۆشانی گەریلایى کرد. ژووری چالاکییەکانى توڕەیى زەیتون و هێزی رزگاریى عەفرین چەندین چالاکییان ئەنجامدا و دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ناچار بوو لە بەرامبەر ئەو چالاکییانەدا چەندینجار باری نائاسایى رابگەیەنێت.

عەفرینی بەسەر چەتەکاندا دابەش کردووە

دەوڵەتى تورک لەگەڵ ٣٣ گروپی چەتەدا هێرشیان کردە سەر عەفرین و عەفرینى لە دوای داگیرکردن بەسەر چەتەکاندا دابەش کرد و ئەو دابەشکارییە داگیرکەرییە بۆ گروپە چەتەکان بەمشێوەیەیە:

ناوچەى شییە: چەتەکانى سولەیمان شا (ئەلەمشەت)، لیوای وەقاس و ئەحبابی مستەفا.

ناوچەى جندرێس: ئەحراری شەرقییە، جەیشی شەرقییە، مونتەسەر بیلا، بزووتنەوەى نورەدین زەنگی، فەیلەقی شام، لیوای سەمەرقەند، ئەنسار حومس، ئەحفادی سەحابە و ئیبنی تەیمە.

ناوچەى بلبلێ: سوڵتان موراد، حەمزەت، سقوری شام، فەیلەقی مەجید و لیوای ١٢.

ناوچەى مابەتا: مونتەسەر بیلا، موعتەسەم بیلا، ئەحفادی رەسوڵ و لیوای فەتح.

ناوچەى شەرا: سوڵتان موراد، حەمزەت، جوندول ئیسلام و لیوای ٥٥.

ناوچەى راجۆ: ئەحراری شام و ئەحراری شەرقییە.

ناوچەى شێراوا: سوڵتان موراد، حەمزەت و فەیلەقی شام.

ناوەندی عەفرین: فەیلەقی شام، سقوری کورد، لیوای شیمال، سەفوەى ئیسلامی، گروپی بەگارا، سوڵتان موراد، حەمزەت، لیوای سەمەرقەند، شەرقییە، ئەحفادی رەسوڵ – جەبهەی شامی، فیرقەى ٢٣ – موعتەسەم بیلا، جەیشی ئیسلام و گروپی مخێبەر.

هەروەها هەندێک گروپی چەتەى تر بە ناوچەکانى تردا بڵاوبوونەتەوە.

فەرمان لە سوپاى تورک وەردەگرن

دەوڵەتى تورک هەر رێک دواى داگیرکەرییەکەى لە هەموو ناوچەیەکدا لە چەتەکان و بنەماڵەکانیان ئەنجوومەنێکى دروستکرد. ئیدعای ئەوە دەکات بەڕێوەبەریى مەدەنیى رادەستى ئەنجوومەنانە و بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیشی رادەستى هاوپەیمانیى چەتەکان بە ناوی "ئارتەشی نەتەوەیى" کردووە. بەڵام ئەو بە ناو ئەنجوومەن و ئارتەشە میللییە هەموو فەرمانەکانیان لە دەوڵەتى تورک وەردەگرن، چونکە بە ئاگاداری و فەرمانى دەوڵەتى تورک نەبێت ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک ئەنجام بدەن. کاری 'خزمەت و ئیداری"یش لە پارێزگای کیلیسەوە بەڕێوەدەچێت. سەرباری ئەوەى دەوڵەتى تورک ئیدعای ئەوەى دەکات 'هەموو شتێک ئاساییە' بەڵام لە عەفریندا هەموو شتێک بە بەپێى سیستمى سەربازی رێکخراوە و ئەفسەرانى تورک فەرمانەکان دەردەکەن.

ئەنجوومەنى یاری پێکراوى ئەنەکەسە

ئەنجوومەنى نیشتمانیى کوردی سوریا (ئەنەکەسە)، کە یەپەگە و یەپەژە و پەیەدەى بەوە تاوانبار دەکرد لە عەفریندا رێگای کارکردنیان پێنەداوە، بووە هاوکاری دەوڵەتى تورک لە داگیرکردنى عەفریندا. سەرباری ئەوەى دەوڵەتى تورک هەندێک بەڵێنى بە ئەنەکەسە داوە، بەڵام لە بەڕێوەبردنى عەفریندا هیچ رۆڵ و دەستپێشخەرییەکى پێنەداون. ١٠ رۆژ لە دواى داگیرکردنى عەفرین فوئاد عەلیکۆ ئەندامى بەڕێوەبەریى ئەنەکەسە بەشداریى هەواڵەکانى کەنالی رووداوی کرد و رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ دەوڵەتى تورک رێککەوتوون و پشتیوانى لەو داگیرکەرییە دەکەن و بەو شێوەیە دانپیادانانى کرد.

٦ گروپ لە چەتەکانی سەر بە ئەنەکەسە بەشداریى داگیرکردنى عەفرین بوو بوون. لەبەر ئەوەش ئەنەکەسە و گروپەکانى لە کاتى داگیرکەریدا نقەیان لێوەنەهات و لە دژی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ورتەیان لە خۆیان بڕیبوو. بەڵام تەنانەت ئەگەر نۆکەریش بن هەر لەبەر ئەوەى کوردن لەلایەن دەوڵةتى تورکەوە مایەپووچ دەکرێنەوە. ئێستا لە عەفرین ژمارەی ئەنەکەسەییەکان زۆر کەم بووەتەوە. ئەو ئەنەکەسەییانەى ئێستا لە عەفریندا ماونەتەوە کاری سیخوڕی بۆ دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەیى تورک (میت) دەکەن.

تێکۆشان بە شێوازى گەریلایى

هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە لە بەرخودانى سەردەم دا و لە دوای ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ی رەشەمە دەستیان بە قۆناغی دووەمی بەرخودان کرد. سەرباری داگیرکەرییەکە، بەڵام بە شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژە عەفرینیان بۆ دەوڵەتى تورک جێنەهێشتووە و ئەمجارە لە عەفریندا بە یەکەى بچووک دەستیان بە تێکۆشانیان لە دژی ئەو داگیرکەرییە لەسەر شێوازى گەریلاى کرد.

هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە لە رۆژی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا گورزی گەورە و قورسیان لە چەتەکان داوە و لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە تاوەکو ئێستا چەندین جۆر چالاکیى جۆراجۆریان لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و چەتەکان ئەنجامداوە. لەو چالاکییانەدا بەلانیکەمەوە ٣٥٠ داگیرکەر کوژراون. لەو قۆناغەشدا ٥٦ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە شەهید بوون.

وتەبێژى یەپەگە: پشوویان بە بەردا نەهاتووەتەوە

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە رایگەیاند، ٨٠ لە سەدی گەلی عەفرین لە شارەکە هاتوونەتە دەرەوە و راشیگەیاند "دەوڵەتى تورک دیمۆگرافیایی عەفرین دەگۆڕێت. لە جێگەى عەقڵییەت و سیستمى دیموکراتیکى عەفرین، سیستمى تیرۆری دروستکردووە. بۆ ئەوەش گروپە تیرۆریستییەکانى لە عەفرین جێگیر کردووە. هێزەکانى ئێمەش لە عەفرین بە شێوازى گەریلایى چالاکی ئەنجام دەدەن. لە رۆژی یەکەمی قۆناغی دووەمەوە بەهۆی چالاکییەکانى هێزەکانمانەوە هەناسە و پشوو بە بەر داگیرکەراندا نەهاتووەتەوە. هێزەکانمان تێکۆشانیان بۆ رزگارکردنى عەفرین درێژە پێدەدەن... تێکۆشانی گیان لەسەردەستانەمان تاوەکو رزگاریى عەفرین بەردەام دەبێت".

توڕەیى زەیتون بەرەنگاریان بوویەوە

عەفرینییەکان کە لە تێکۆشانی یەپەگە و یەپەژە وەرە و بوێرییان وەرگرت، لە حوزەیرانى ٢٠١٨دا ژووری چالاکییەکانى توڕەیى زەیتونیان دامەزراند. تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ چالاکییان ئەنجامداوە و دیمەکانى ئەو چالاکییانەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە. توڕەیى زەیتون بووە ترسی دڵی داگیرکەران. توڕەیى زەیتون لە ماوەیەکى کەمدا گەورە بوو و گەشەی سەند و لە ئیدلب و شەهبا و ناوچە داگیرکراوەکانى تری ژێر دەستى دەوڵەتى تورک چەندین کەس چوونە رێزەکانى ژووری چالاکییەکانى توڕەیى زەیتونەوە.

شەڕڤانانی ژووری چالاکییەکانى توڕەیى زەیتون گورزی قورسیان لە سەربازان و چەتەکانى تورک دا و چەندین فەرماندە و بەرپرسی چەتەکانی فەیلەقی شام، جەبهەی شامی و سوڵتان موراد کوژران.

هێزەکانى رزگاریى عەفرین

لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٧ی سەرماوەزەوە رێکخستنێکى نوێ بە ناوی هێزەکانى رزگاریى عەفرین دروستکرا. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بە ئەنجادانى چەندین چالاکیى بەهێز زۆرێک لە سەرنجەکانى بۆ سەر خۆی راکێشاوە.

ر.م