بە دروشمی "پێکەوە هاوکاریی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین"، مانگی سوری کوردیی بە هاوکاریی ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە، کەمپەینێکیان بۆ هاوکاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لافاوەکەی ئەم دواییە زیانیان پێگەیشتووە دەستپێکرد و تا ٢٥ی نیسان بەردەوامە.
مانگی سوری کوردیی و ئەنجومەنی کانتۆنی حەسەکە لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێدا هاتووە: لە ئەنجامی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرێک گوند و خانوو ڕووخاون و هاوڵاتیان گیانیان لەدەستداوە و ئاوارە بوون، بە دروشمی "پێکەوە هاوکاریی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین"، مانگی سوری کورد بە هاوکاریی ئەنجومەنەکان، کۆنگرەی ستار، تەڤدەم، شارەوانی، پەیەدە و هەپەجە، لە ناوچەکە، لە ١٨ی نیسانەوە تا ٢٥ی نیسان، هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی لە شاری حەسەکە ئەنجام دەدات.
بە هەمان ئامانج، هەر دوێنێ، مانگی سوری کوردیی لە هەرێمی دێرک-یش کەمپەینێکی دەستپێکرد و تا هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
ک-ش