هێزەکانی سووریای دیموکراتی (قەسەدە) ٢١ ی ئادار لەگەڵ هێزەکانی هاوپه‌یمانان سه‌ركه‌وتوانه كۆتاییان به هەڵمەتی گه‌رده‌لوولی جزیر لە باغۆز هێنا و سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعشدا ڕاگه‌یاند. قەسەدە ئێستا لە دژی شانە نووستووه‌كانی داعش تێدەکۆشێت. هەزاران چەتەش لە ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا به‌ندكراون. هەزاران ژن و منداڵی خانەوادەی داعش لە کەمپەکاندا دەمێننەوە. ئه‌مه‌ش به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره داده‌نرێت.
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە داعشە زیندانیکراوەکان داوای دامه‌زراندنی دادگه‌یەکی نێونەتەوەیی ده‌كات و پرۆژە و بەرنامەی پەروەردەیی تایبەتیشی پێشکەشی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه كردووه كه هاوڵاتییان له‌نێو داعشدا هه‌ن. حقووقناسانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته دوان.
نزیکەی ٦٥٠٠ چەتە گیراون
ئەندامی ئه‌نجومه‌نی دادی باکوور و ڕۆژەهەڵاتی سووریا خالید عەلی ڕایگه‌یاند، لە هەرێمەکانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی نزیکەی ٦٥٠٠ چەتەی داعش زیندانین. گوتیشی، ئەوە ئاماری کۆتایی نییە. لەبەرئەوەی بابەتی داعش بابەتێکی گەوره‌یە و چەتەکانی داعش به تەواوی دونیادا بڵاوبوونەتەوە. لەم کۆتاییانەدا لە شەڕی داعش لە باغۆز هەژمارێکی زۆری چەتەكان خۆیان ڕاده‌ست کرد.
«ئەو ژنانەی له‌نێو كه‌مپه‌كانن هەمان زهنیه‌تی داعشیان هه‌یه»
خالید عەلی سەرنجی ڕاکێشایە سەر خانه‌واده‌ی چەتەکانی داعش کە لە کەمپەکاندان. گوتی، «ئێمە ئاماری کۆتایی نازانین. بەڵام ئەوانەش داعشن، هەندێک لەو ژنانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە هه‌مان زیهنیه‌تی داعشیان هه‌یه. منداڵەکانیشیان به هه‌مان شێوه په‌روه‌رده ده‌كه‌ن. پێویستە مرۆڤ بە شێوەیەکی جددی لەسەر ئەو بابەتە بوه‌ستێت.»
«ئێمە زیاتر لە ٧ هەزار ئه‌ندامی داعشمان دادگه‌یی کردووە»
خالید عەلی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئەوان لە ساڵی ٢٠١٤ به‌دواوه قانوون‌یان ده‌ركردوون و له دادگه‌كانی پاراستنی گەل چەته سوورییه‌كانیان دادگه‌یی كردوون.
ناوبراو گوتی، «هەتا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار چەتەی سووری لەو دادگانه دادگه‌یی کراون. دادگه‌یی كردن بەردەوامە. بەڵام ژمارەی چەتە سوورییه‌كان لەم دواییانه‌دا زۆر زیادی كردووه. ئەمەش زه‌ختێكی گه‌وره له‌سه‌ر دادگه‌كان دروست ده‌كات. بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و فره‌وانکردنی دادگه و گرتووخانەکان ئێمە داوای هاوکاری لە هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین. دەبێت ئەوانیش لەم بابەتەدا بەرپرسیایهتیی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن.»
«ئێمە ده‌مانه‌وێت پڕۆسه‌ی دادگه‌یی كردن كراوه بێت»
ناوبراو له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژەی بۆ ئه‌وه کرد، ده‌یانه‌وێت به به‌شداریی هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌و چه‌ته سوورییانه دادگه‌یی بكه‌ن كه هێشتا دادگه‌یی نه‌كراون. گوتیشی، «ئێمە دەمانەوێت ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراو و حقووقناسه نێونەتەوەییه‌كانی ئێره و مێدیاكان بانگهێشت بكه‌ن بۆ چاودێری كردنی پڕۆسه‌ی دادگه‌یی كردنه‌كه. ئێمە دەمانەوێت نموونەیەک پیشانی تەواوی دونیا بدەین کە دادگه‌یی كردنی چەتەکان چۆن بەڕێوەدەبهین.»
«ده‌رباره‌ی چه‌ته بیانییه‌كان ده‌بێ له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ڕێككه‌وتن بكه‌ین»
خالید عه‌لی ڕایگه‌یاند، تا ئێستا چه‌ته بیانییه‌كانی داعشیان دادگه‌یی نه‌كردوون. گوتی، «لەم بابەتەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشه‌یه دەمانەوێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ده‌وڵه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕێككه‌وتنێك بكه‌ین. بەڵام هەتا ئێستا لە چاوپێکەوتنەکاندا ڕێکكەوتن نه‌كراوه. لەگەڵ زۆر دەوڵەت کە هاوڵاتییەکانیان لەنێو داعشدان هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زۆر ڕێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی دیدارمان ئه‌نجام داوه.»
«پێویستە کۆمیتەیەکی هاوبەش دروست بکرێت»
ده‌رباره‌ی ناوەڕۆکی دیداره‌كان لەگەڵ دەوڵەتانی پەیوەندیدار خالید عه‌لی گوتی، «تێگەیشتن کە ئێستا باری ئێمه چەنده قورسه. باسیان له‌وه كرد كه لە ڕووی پێداویستییه‌وه ده‌یانه‌وێت پشتگیریمان بكه‌ن. له‌و دیدارانه‌دا یه‌كێك له بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كان كه خستمانه ڕۆژه‌ڤه‌وه ئه‌وه بوو كه کۆمیتەیەکی هاوبەش دروست بکرێت. کۆمیتەکە بەڵگەکان کۆبکاتەوە، پێداویستییەکانی ئەو چەتانە دابین بكات و كار بۆ شێوازی دادگه‌یی كردنیان بكات. دەبێ ئەو کۆمیتەیه هه‌میشه ئاماده بێت و گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو بابهتهكان بكرێت.»
«دەبێ مافی زیندانییەکان بپارێزرێت»
هاوكات ئەندامی کۆمیتەی قانوونسازی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مافناس لوقمان ئیبراهیم ڕایگه‌یاند، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی له ساڵی ٢٠١٤ كه دامه‌زراوه تا ئێستا به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی كردووه له به‌رانبه‌ر مافه‌كانی زیندانییان.
ناوبراو گوتی، «زۆر رێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ دێن و له زیندانهكانمان لێکۆڵینه‌وه ده‌که‌ن. مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ زیندانییان به گوێره‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه. مافی دابینكردنی پارێزه‌ر، مافی چاوپێکه‌وتن و ...هتد پارێزراون. ئه‌وه بۆ ئه‌ندامانی داعش‌یش به هه‌مان شێوه‌یه. خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی هه‌رچه‌نده به به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر به‌ڕێوه‌به‌ری تازه‌یه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه ده‌جوڵێته‌وه. ئه‌و شاندانه‌ی بۆ زیندانییه‌کانی داعش دێن و ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ ئه‌مه ده‌بینن.»
بۆچی دادگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی؟
لوقمان ئیبراهیم ده‌رباره‌ی پێشنیازی ئه‌وان بۆ دامه‌زراندنی دادگه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی گوتی: «چه‌ته‌کانی داعش تاوانی قڕكردن، هێرشکردن و تاوانی دژبه مافه‌کانی مرۆڤیان کردووه. تاوانی زۆر قورسیان كردووه. ئه‌و ڕێكخستنه‌ی چه‌ته‌كان له‌سه‌ر خاکی ئێمه نه‌ك ته‌نیا تاوانیان له دژی خه‌ڵكی ئێمه كردووه، به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه له‌سه‌ر هه‌موو دونیا. زیهنیه‌تی ئه‌وان هه‌ڕه‌شه له هه‌موو دونیا ده‌كات. له هه‌رێمه‌کانی ئێمه زۆر چه‌ته‌ی داعش هه‌ن که هاوڵاتیی وه‌ڵاتی جیاجیان، به سنووری زۆر وه‌ڵاتدا تێپه‌ڕیون. زیهنیه‌ت و کرداره‌کانیان بوونه هه‌ڕه‌شه بۆ ئاسایش و ئارامیی ته‌واوی دونیا.»
«مه‌به‌ستی ئێمه ته‌نیا دادگه‌ی لاهای نییه»
لوقمان ئیبراهیم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، قسه‌وباسی زۆر له‌سه‌ر دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی لاهای ده‌كرێت به‌ڵام ئه‌وان هێشتا له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باش ئاگادار نین. گوتی، «کاتێک باسی دادگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌کرێت مه‌به‌ستی ئێمه ته‌نها دادگه‌یی کردن له لاهای نییه. به‌ڵکوو به ٣-٤ شێواز دادگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دروست کراون. یه‌کێك له‌وانه دادگه‌ی لاهایه که به گوێره‌ی ستاتۆی ڕۆما به‌ڕێوه‌ده‌چێت. دادگه‌ی تایبه‌تییش هه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و دادگهیانهش هه‌ن که به ڕێككه‌وتنی هاوبه‌ش دروستکراون.» ناوبراو ڕایگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و ٣ دادگه‌یه دروست بکرێت، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی په‌یوه‌ندیدار ڕێككه‌ون.
بۆچی ده‌بێ دادگه له باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا دابمه‌زرێت؟
لوقمان ئیبڕاهیم ده‌رباره‌ی هۆکاری دامه‌زراندنی دادگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر خاکی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا گوتی: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ته‌كان له‌سه‌ر ئه‌م خاکه تاوانیان کردووه، به‌ڵگه‌كانی تاوان و قوربانی و شه‌هید له‌م خاکه‌ن. ئه‌و تاوانانه‌ی كراون له‌به‌ر چاون. له‌به‌رئه‌وه ئه‌و دادگه‌یه چه‌نده زوو دروست بکرێت، ئه‌وه‌نده باشه. پێویسته دوانه‌خرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان له‌ناونه‌چن.»
ئیبراهیم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دادگه‌یی كردنی چه‌ته‌کانی داعش له دادگه‌كانی تاوانی جه‌نگ و دادگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌شی پێویستی پڕۆسه‌كه ناكات. بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌کانیان له ئایدیۆلۆژیای داعش دوور بكه‌ونه‌وه، ده‌بێ به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌بێت.
s.m