بە ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، نیوە شەوی رابردوو، لە نزیک قوتابخانەی ساڵح عەلی لە گەڕەکی ئەشرەفیەی شاری عەفرین، گروپێک چەتەی سەر بە سووپای داگیرکەری تورکیا، ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانیان دزیوە و بەسەر خۆیاندا دابەشیان کردووە. لەکاتی دابەشکردنەکەدا لەنێو چەتەکاندا شەڕ دروست بووە. لەئاکامیشدا کوێرانە دەستیان کردووە بە تەقەکردن بەسەر یەکتردا و بە دەورووبەرى خۆیاندا.
ئاماژە بەوەشکراوە، گروپی چەتەکانی سەر بە سووپای داگیرکەری تورکیا بەردەوامن لە دزین و تاڵانکردنى ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی عەفرین. هەروەها کاتێک هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بڕۆنە دەرەوە، چەتەکان هەڵدەکەوتنە سەر ماڵەکانیان و هەموو کەلوپەلى ماڵەکان دەدزن.
هاوکات، دوێنێ شەو کاتژمێر ١٢، لە نزیک نەخۆشخانەی ئاڤرین مینێک تەقیوەتەوە. دەربارەی ئەنجام و زیانەکانى ئەو تەقینەوەیە هیچ زانیاریەک بەدەست نەگەیشتووە.
لە کانتۆنی عەفرین ئاڵۆزی گەورە بەردەوامە و سوپای تورکیا و گروپە چەتەکانیان بە ناوەکانی 'ئەحراری شەرقیە، پۆلیسی ئازاد، پۆلیسی سەربازیی'، پاش تەقینەوەی ئەو مینە چوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و هەموو رێگاکانیان داخستووە و هاتووچۆیان لەو ناوچەیە قەدەغە کردووە.
ر.م