«ڕووسیا گفتوگۆكانی نێوان خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژاڤا و شامی ڕاگرت»
ئەندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری تەڤ-دەم بەدران چیا کورد ڕایگه‌یاند، ڕووسیا به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا گفتوگۆكانی نێوان خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژاڤا و شامی ڕاگرت.
ئەندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری تەڤ-دەم بەدران چیا کورد ڕایگه‌یاند، ڕووسیا به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا گفتوگۆكانی نێوان خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژاڤا و شامی ڕاگرت.
دوای ئەوەی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (قه‌سه‌ده) لە سووریا كۆتایی به داعش هێنا، زۆر قسه له‌سه‌ر قۆناغی دوای داعش ده‌كرێت. ئەندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (تەڤ-دەم) له ڕۆژاڤا بەدران چیا کورد سەبارەت بە قۆناغی دوای داعش، دەستووری بنه‌ڕه‌تیی سووریا کە ڕووسیا پێشەنگایەتیی دەکات و چارەسەریی سیاسیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی دایەوە.
دوای ئەوەی سنووری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە داعش پاک کرایەوە، بە گوێره‌ی ئەنجامه نافەرمییه‌كان ئێستا ١١ هەزار ئەندامی داعش لە زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیندانین. لە هەمان کاتدا ٧٢ هەزار منداڵ و ژنی چه‌ته‌كانی داعش كه خه‌ڵكی ٥٤ وه‌ڵاتن لە کەمپەکاندان. بەدران چیا کورد ڕایگه‌یاند، بۆ دادگه‌یی کردنی ئەندامانی داعش له ڕووی قانوونی، سیاسی و دیپلۆماتی خه‌بات بەردەوامه.
بەدران چیا کورد گوتی، «خەباتی دەستووری بنه‌ڕه‌تیی نوێ چەواشەکارییهكی ڕووسیا و تورکیا و ئێرانه. ئەو دەستوورهی فکری ئێمه‌ی تێدا نییە، ئێمە هیچ کاتێک پەسەندی ناکەین.»
«تێکۆشانی هاوبەش بەردەوام بێت»
بەدران چیا کورد له لێدوانه‌كه‌یدا گوتی، «داعش لە ڕووی سه‌ربازییه‌وه کۆتایی پێهاتووە بەڵام دەبێت تێکۆشآنێکی ماوەدرێژ بکرێت و تەواوی هێزە نێونەتەوەییەکان لەو بوارەدا خەباتیکی بەردەوام بکەن. یەکینەی شاراوەی داعش ماون، لەبەرئەوەش پێویستی به تێکۆشانێکی فره‌وان هه‌یه. داعش بە تەنها کێشەی ئێمە نییە، له قۆناغی دوای داعش‌یش بە تەنها به‌رپرسایه‌تی له‌سه‌رشانی ئێمه نییه. به‌رپرسایه‌تی دوای داعش لەسەر شانی هێزه نێونهتهوهییهكانیشه. دەبێت ئێمە له‌مه‌ودواش به‌رده‌وامی به تێکۆشانی خۆمان بده‌ین. ئەندامانی داعش خه‌ڵكی وه‌ڵاتی جیاجیان. ئێمه پێشتریش داوامان لەو وه‌ڵاتانە کردووه کە بێن و هاوڵاتییەکانی خۆیان ببەنەوه بەڵام هێشتا وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه. ئێستا ١١ هەزار ئەندامی داعش لە دەستی ئێمەدان. دەمانەوێت ئەو کەسانە دادگه‌یی بکرێن. ڕێگه‌ی راست ئەوەیە کە بە پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی ئەندامانی داعش لێرە دادگه‌یی بکرێن. بۆ ئەو مه‌به‌سته خەباتی ئێمە لە ڕووی سیاسی، قانوونی و دیپلۆماتی بەردەوامە. خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ئێستا بە گوێره‌ی دەرفەتهكانی خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئەو ئەندامانەی داعش دەکات. هەزاران مندآڵ و ژن هەن. ده‌بێ له‌و بواره‌دا هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان دەستیان بخه‌نه ژێر بەرد.»
«لە کۆمسیۆنی دەستووری بنه‌ڕه‌تیدا جددی نین»
بەدران چیا کورد دەستنیشانی کرد کە ئه‌وان لێدوانه‌كانی ڕووسیا سەبارەت بە دەستووری بنه‌ڕه‌تی به جددی نابینن. گوتی، «به تێڕوانینی ئێمه هەنگاوەکانیان بۆ تەسفیەکردنی هێزه‌كانی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆنه. ئێمه پێمان وایه ئه‌مه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه، لە هەمان کاتدا كاتێك سەیری لێدوانەکانی شام دەکەین، هیچ ئاماژه‌یه‌كی دەستوورێکی نوێ و گۆرانکاری نابینین. لە شتە بنه‌ڕه‌تی و بچووكه‌كانیشدا گۆرانکاری پەسەند ناكه‌ن. ئێمه هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆ له لایه‌ن ڕژێم و ڕووسیا نابینین. لە هەمان کاتدا ئه‌مه‌ریكا و وه‌ڵاتانی ڕۆژئاواش ئه‌مه قبووڵ ناكه‌ن. ئێمه ڕایده‌گه‌یه‌نین هەتا ده‌وڵه‌ته یەکگرتووەکان قبووڵ نه‌كات، دەستووری بنه‌ڕه‌تی ڕه‌وایه‌تی نابێت.»
«ئێمه دەستوورێکی بنه‌ڕه‌تی لە دەرەوەی خۆمان پەسەند ناکەین»
بەدران چیا کورد ڕایگه‌یاند، «خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە دەرەوەی کۆمسیۆنی دەستووری بنه‌ڕه‌تیی نوێ هێڵدراوه‌ته‌وه. ئێمه دەستوورێك قبووڵ ناكه‌ین كه بۆچوونی ئێمه‌ی تێدا نه‌بێت. نه‌بوونی ئێمە لەنێو کۆمسیۆنی دەستووریی نوێ‌دا دوو واتای هەیە: یان ئەوان ده‌یانه‌وێت سووریا پارچە پارچە بکەن، یانیش لە ڕێگه‌ی ئەو کۆمسیۆنەوە دەیانەوێت کات بەڕێ بکەن و به‌م یارییه ڕه‌وایه‌تی به ده‌ستووری پێشوو بده‌نه‌وه. دەستوورێکی وه‌ها چارەسەرییەک بۆ قەیرانەکانی سووریا نادۆزێته‌وه. دەبێ هەر کەس له‌م پڕۆسه‌یه‌دا به‌شدار بێت. ئێمە دەڵێین قەیرانەکانی سووریا بە بڕیاری سووریاییهكان چارەسەر دەبن. ڕووسیا و تورکیا و ئێران هەوڵدەدەن لەڕێگەی کۆمسیۆنێکی سووریا کە ڕژێمی سووریاشی لەنێودایه، دەستوورێک بۆ سووریا دابنێن. ئایا دەستوورێکی بنه‌ڕه‌تیی بەو شێوه‌یه چۆن چاره‌سەری کێشەکان دەکات؟ ئێمە بە ئاشکرا دەڵێین: ئێمە هه‌رگیز دەستوورێک قبووڵ ناكه‌ین کە بۆچوونی ئێمەی تێدا نەبێت. ئەوەش بە واتایی بێ چاره‌سه‌ریی کێشەکان و بەردەوامیدانه به قەیرانەکان.»
«ده‌بوایه ڕووسیا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و شامی له یه‌كتر نزیك كردبوایه‌وه»
بەدران چیا کورد سەنجی خسته سەر پڕۆژه‌ی چارەسەریی سیاسی کە لە ١٠ خاڵدا به‌ر له چەند مانگێك پێشکەشی ڕووسیایان كردووه. گوتی، «لە دوای پێشکەشکردنی ئەو پڕۆژه‌یه ده‌بوایه ڕووسیا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و ڕژێمی شامی كۆكردبوایهوه و هەردوولا لەسەر ئەو خاڵانە گفتوگۆیان بکردایە. بەڵام ئەو دیدارانه ئه‌نجام نه‌دران. لەگەڵ ڕووسیا چه‌ند چاوپێکەوتن ساز بوون بەڵام لەگەڵ ڕژێم نه‌بوو. دیارە ڕووسیا بڕیاری داوە کە چاوپێکەوتنەکان ڕابگیرێن.»
«هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ڕووسیا تاکتیکین»
بەدران چیا کورد لە وەڵامی پرسیاری بۆچی ڕووسیا بڕیاری ڕاگرتنی دیداره‌كانی داوه، گوتی: «تورکیا و ڕووسیا له یه‌كتر نزیكبوونه‌ته‌وه و تورکیا زه‌خت له ڕووسیا ده‌كات بۆ ئەوەی دیداره‌كان ئه‌نجام نه‌درێن. لەسەر ئەو بنەمایە ڕووسیا بڕیاری ڕاگرتنی دیداره‌كانی دا. لەم بابه‌ته‌دا هێشتا شتێکی نوێ نییە. ئەوه‌ش ده‌ریده‌خات کە ڕووسیا به چاوێكی ستراتیژی له دیداره‌كانی نێوان ئێمە و شام ناڕوانێت. بە شێوه‌یه‌كی تاکتیکی هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێت. وەک کارتێکی فشار له به‌رانبه‌ر توركیا به‌كاریدێنێت.»
«ڕووسیا هەم ئێمە و هەم سووریاش لەدەست دەدات»
چیا کورد ڕایگه‌یاند، «ئێمە سیاسەتی ڕووسیا لەم بابەتەدا به دروست نابینین. نابێ تەنها بیر لە بەرژەوەندییه‌كانی خۆی بكاته‌وه. ده‌بێ بیر لە بەرژەوەندیی شام و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمەش بکاتەوە. بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر ڕووسیا بە تێڕوانینێکی ماقوڵ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابەتە نه‌كات، ئه‌وا زیانێكی گه‌وره لە سووریا دەدات. ئەگەر ڕووسیا ئێمە په‌راوێز بخات و هەوڵ بدات به‌سه‌ر ئێمەدا لەگەڵ تورکیا بازاڕی بكات، هه‌م ئێمه لەدەست دەدات - هه‌م سووریاش لەدەست دەدات.»
ئەندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری تەڤ-دەم به‌دران چیا كورد ڕاشیگه‌یاند، «کاتێک سەیری شام دەکەین، دەبینین کە له سیاسەت و زهنییەتیدا گۆرانکارییەک نییە. ئەوان هێشتا به‌دوای خەیاڵی ئه‌وه‌وه‌ن كه بگه‌ڕێنه‌وه سەردەمی پێش ساڵی ٢٠١١. به گوێره‌ی ئەوان هیچ شتێک له وه‌ڵات ڕووینه‌داوه، شەڕ نەبووە و سیستەم ده‌توانێت بە شێوازەکەی پێشوو بەڕێوەبچێت. لە لە جانتای ئەواندا شتێکی نوێ نییە. ئێمه پێمان وایه ئەوان ناتوانن بەو مێنتاڵیتە وه‌ڵات بەڕێوە ببەن. ئەوان به‌م شێوه‌یه زیان به‌م وه‌ڵاتە ده‌گه‌یه‌نن. ئەگەر بەو زهنییەتە مامه‌ڵه بكه‌ن و سووریا پارچه بكه‌ن، پێویستی بە نوێبوونەوەی سیاسی، سه‌ربازی، كۆمه‌ڵایه‌تی و قانوونی هەیە، بەڵام نایانەوێت ئەوە ببینن.»
s.m