کۆمەڵکوژی پاریس لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیدانەکرا

لەحەوتەمین سالڕۆژی کۆمەڵکوژی پاریس کە تێیدا ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان لە ٩-١-٢٠١٣ لە پاریس کۆمەڵکوژکران، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو کۆمەڵکوژییە ئیدانەکرا.

دێرک

هاوڵاتیانی شاری دێرک لە شەقامی شەهیدان لە ناوەندی شارەکە کۆبوونەوەو وێنەی هەرسێ شەهیدی ژنە تێکۆشەر ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزیان بەرزکردبووەوە، هەروەها وێنەی شەهید هەڤرین خەلەف، دایە عەقیدە و ئامارا ڕێناس  و پانکارتی نوسراو"بە ڕۆحی بەرخۆدانی ساکینە و هەڤرینان ئێمە فاشیزم و داگیرکەری تێکدەشکێنین" بەرزکرابوونەوە.

خۆپیشاندانەکە لە شەقامی شەهیدان دەستیپێکرد بەرەو ناوەندی شەهید باوەڕی گەنجانی شۆڕشگێر، پاشان لەبەردەم ناوەندەکە، میتینگێک بەڕێوەچوو تێیدا ڕیحان تەمۆ بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار شاری دێرک لە وتەیەکیدا سەرجەم شەهیدانی ئازادی بە بیرهێنایەوە، تایبەت ئەو ژنانەی کە لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە کۆمەڵکوژراون وەکو هەڤرین، دایە عەقیدە و ئامارا ڕێناس.

گرکێلەگ

بەسەدان هاوڵاتی لە شارۆچکەی گرکێلەگ، تل کۆچەر و چل ئاغا بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژی پاریس خۆپیشاندانێکی فراوانیان بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندانەکە لە شەقامی شەهید خەبات لە دێرک دەستیپێکرد و پاشان خۆپیشاندانەکە گۆڕا بۆ میتینگێک کە تێیدا ڕەمزییە محەمەد هاوسەرۆکی دەستەی دارایی هەرێمی جزیرە قسەیکردو هەرسێ ژنە تێكۆشەری بەبیرهێنایەوەو وتی: ژنانی تێکۆشەر بە ئیرادەی ئازادی خۆیان ئازادییان بۆ تەواوی ژنانی جیهان بنیات نا.

حەسەکە

کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە ئەمڕۆ بە بەشداربوونی سەدان هاوڵاتی شارەکە و ئەندامانی دامەزراوەکان خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندان لەبەردەم بنکەی تەندروستی لە ناوچەی تل هەجەر تا شەقامی شەهید ئاگری بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران ئاڵاکانی قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و کۆنگرەی ستارو هەرسێ ژنە تیکۆشەریان بەرز کردبووەوە.

تربەسپییە

بەسەدانی هاوڵاتی لە تربەسپییە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامداو تێیدا بانگەوازییان کرد بۆ دادگاییکردنی بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە.

لە خۆپیشاندانەکەدا وێنەی هەرسێ ژنە تیکۆشەر ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان لەگەڵ هەڤرین خەلەف و دایە عەقیدە بەرزکرابوونەوە.

قامیشلۆ

بەهەمان ئامانج، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شاری قامیشلۆ لە چوارڕییانی ناوەندی شارەکە بە بەرزکردنەوەی وێنەی هەرسێ ژنە تێکۆشەری کورد دەستیان پێکرد.

هاوکات دروشمەکانی"بەرخۆدان ژیانە، بمرێ داگیرکەری تورک" بەرزکرابوونەوە، لە کاتی گەیشتنی خۆپیشاندەران لەبەردەم گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان میتینگێک بەڕێوەچوو.

ئەمەل شەمدین ئەندامی کۆنگرەی ستاری شاری قامیشلۆ لە وتەیەکیدا باسی لە خەباتی ئەو سێ ژنە تێکۆشەرە کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە دەوڵەتی فەرەنسا بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات بەڵام بۆ دیاریکردن و بەسزاگەیاندنی بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە هیچ هەنگاوێک نانێت.

ب.ش