گه‌نجێكی زاخۆیی له‌سه‌ر بانگی ئۆجالان له‌‌ به‌ره‌كانی جه‌نگه

له‌سه‌ر بانگەوازی ئۆجالان بۆ کۆبانێ، ئالان زاخۆ كه‌ گەنجێکی خەڵکی شاری زاخۆی باشووری كوردستانه‌، چووه‌ته‌ ڕیزی به‌رخۆدان و لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ لە بەرەکانی جه‌نگدا شۆفێری دەکات.

شۆڕشی ڕۆژاڤا کە بە رەنج و گیانی گەورە ئافرێنرا، بۆ گەلانی هەرێمەکە بوو بە هیوایەکی گەورە. ئێمە ده‌رباره‌ی شۆڕشی ڕۆژاڤا گوێ له‌ به‌شدارانی شۆڕش ده‌گرین كه‌ زۆر جار ناویشیان نازانرێت. پێشتر باسی چیرۆکی خوێندا بۆتانمان کردبوو کە یەکێک لە شۆفێرەکانی یەپەژەیە و لە بەرەکانی جه‌نگه‌. ئەمڕۆش ڕوو دەکەینە  باشووری کوردستان و گوێ لە چیرۆکی ئالان زاخۆ دەگرین.

ئه‌و كاته‌ی داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر کۆبانێ، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگه‌وازی سه‌فه‌ربه‌ری کرد. ئالان زاخۆ لەو کاتەدا لە زاخۆوە هاته‌ کۆبانێ و بەشداری كرد له‌ بەرخۆدان. ئالان لەو رۆژەوە هەتا ئێستا لەبەرەکاندایە و ئێستاش لە هه‌ڵمه‌ته‌كانی دژی داعش لە دێرەزۆر به‌شداره‌.

ئالان زاخۆ لە دوای بەرخۆدانی کۆبانێ، له‌ هەڵمەته‌كانی قه‌زوان. تشرین، منبج، شەداد، ته‌بقا، ڕه‌قا و دێرەزۆر به‌شداری كردووه‌ و لە زۆربەی ئەو هەڵمەتانەدا شۆفێری کردووە. ئالان زاخۆ لە دوای بانگەوازی ئۆجالان دەست لە زانکۆ هەڵدەگرێت و له‌و ڕۆژه‌وه‌ هەتا ئێستا له‌نێو شۆڕشدایه‌.

«ئەگەر شتێک بەسەر هەڤاڵاندا بێت من ڕاپۆرت نانووسم»

لە دێرەزۆر بۆ ئەوەی لەگەڵ ئالان ده‌رباره‌ی شۆفێری له‌ بەرەکانی جه‌نگ بدوێین، دەچینە کەتیبەی چەکی قورس. لە دوای گفتوگۆیەکی کورت گرووپێکی شه‌ڕڤانان له‌ ڕێی ئامێری بێته‌ل داوای چه‌ك و تەقەمەنی ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمە ببینه‌ شایه‌تحاڵی ئەو کاتانه‌، لێیان دەپرسین ئایا ئێمەش ده‌تواین لەگەڵی بچین یان نا. پێشتر ئەوە دیار بوو کە ئەو هەرێمە مەترسیدارە. لە دوای پێداگریی ئێمە، بە پێکەنینەوە بە فەرمانه‌كه‌ی خۆی دەڵێت: «ئەگەر شتێک بەسەر هەڤاڵاندا بێت، من ڕاپۆرت نانووسم.» ئێمەش لەگەڵیدا بەڕێدەکەوین.

«پێویستە مرۆڤ بۆ هەموو بارودۆخێک ئاماده‌ بێت»

لە ڕێگه‌دا بەبێ ئەوەی ته‌ركیزی ئەو بڵاو بكه‌ین، هەندێک پرسیاری لێ دەکەین. ئەویش وەڵاممان دەداتەوە. ئالان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ دەکات کە شۆفێری بەرەکانی شەڕ پێویستە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەموو کات ئامادە بێت. هه‌روه‌ها باسی ئه‌و به‌رانه‌ی شه‌ڕ ده‌كات كه‌ ئه‌وی لێیه‌. هه‌روه‌ها باسی ڕزگاربوونی خۆی ده‌كات له‌ هه‌وڵێكی كوشتن لە منبج. له‌و كاته‌دا ده‌گه‌ینه‌ شوێنی دیاریكراو.

لەوێ بە بێته‌ل په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤاناندا ده‌گیرێت. ئێمە نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌ بینایه‌كی هه‌ڵوه‌شاو. ئالان لەوێ دەڵێت کە «ئێمە ئێستا هاتووینەتە جێی هەڤاڵان. کاتێک ئێمە گەیشتینە جێ، ڕووی ئۆتۆمبێلەکە دەکەینە سەر ڕێگەکە. بۆ ئەوەی بۆ هەموو بارودۆخێکی لەناکاو ئامادە بین. ئێمه‌ ئۆتۆمبێلەکان به‌مشێوه‌یه‌ دەوەستێنین.»

هونەره‌كانی شۆفێری له‌ بەرەکانی شەڕ

دوای ئەوەی ئالان چەک و تەقەمەنییەکان ڕاده‌ست دەکات، لە کاتی گەرانەوەماندا له‌ گفتوگۆکەمان بەردەوام ده‌بین. ئالان هێما بۆ ئه‌وه‌ دەکات کە ئۆتۆمبێله‌كان لە بەرەکاندا هەموو کات دەکرێته‌ ئامانج. ده‌ڵێت: «کاتێک به‌ شوێنێكی مەترسیداردا ده‌ڕۆین، ئێمە چەپ و راست لێده‌خوڕین. ئەگەر ماڵ هەبن، وه‌ك قه‌ڵغان به‌كاریاندێنین. ئەگەر بە شەو بچین، دەبێت ڕووناکی ئۆتۆمبێلەکەمان بکوژێنینەوە. کاتێک ده‌چینه‌ جێگەی هەڤاڵان، بۆ ئه‌وه‌ی جێگەکەیان ئاشکرا نەبێت ڕه‌نگی ئۆتۆمبێل ده‌گۆڕین. دەبێت مرۆڤ ڕه‌نگی ئۆتۆمبێله‌كان به‌ گوێره‌ی ڕه‌نگ و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی بگۆڕێت. بۆ نموونە ئێره‌ چۆڵە، ده‌بێ به‌ قووڕ ڕه‌نگی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بگۆڕین.

ڕزگارکردنی بریندارەکان سه‌ختترین كاره‌

ئالان باس له‌وه‌ ده‌كات، کاتێك شۆفێر بریندار ڕزگار ده‌كات زۆر ته‌نگه‌تاو ده‌بێت. ده‌ڵێت، «کاتێک مه‌سه‌له‌ هەڤاڵانی بریندار بێت، ئەو کاتە هیچ شتێک نایەتەوه‌ بیری مرۆڤ. تاکە شت کە بە خه‌یاڵی تۆدا بێت ئەوەیه‌ کە ئەو هەڤاڵانە ڕزگار بکەی. دەستپێشخه‌ری یه‌كه‌م بۆ بریندارەکان شۆفێر دەیکات. لەو بوارەدا ئێمە پەروەردە كراوین. بەڵام دیسانیش بۆ شۆفێرانی بەرەکانی شه‌ڕ زۆر سه‌خته‌.»

ئالان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کەشوهه‌وا هەستیارە، باسی چیرۆکێكی كۆمیدی دەکات. دەڵێت: «کاتێک کە لە حەسەکە لەگەڵ ڕژێم لە شەردا بووین هەڤاڵێک بریندار بوو. ئێمەش دەستمان لە پرەنسیپەکان بەردابوو و دەستمان بە شەڕ کرد. لەو کاتەدا ئێمە له‌ تاریكیدا ئه‌و هه‌ڤاڵه‌مان ڕاكێشایه‌ بن دیوارێک. لەبری ئه‌وه‌ی شانه‌ برینداربووەكه‌ی بپێچین، شانه‌ ساخه‌كه‌یمان پێچا. کاتێک بردمانه‌ نەخۆشخانە، ئەو بارودۆخەمان بینی. باش بوو کە ئەو هەڤاڵەمان ڕزگار بوو.»

«وەرن لەبەر خۆتان شەڕ بکەن»

ئالان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ تاكه‌خەیاڵی ئەو ئەوەیە شۆڕش سه‌ركه‌وێت. بانگی مرۆڤه‌كان ده‌كات و دەڵێت: ئەمه‌ شۆڕشێکی زۆر گەورەیە. ئیشی ساڵێك و دوو ساڵ نییە. ئەو شۆڕشه‌ ڕێبواری كردنێكی زۆر گه‌وره‌یه‌. گەنجان ئەو شۆڕشە ده‌گه‌یه‌ننه‌ داهاتوو. من بانگی هه‌موو گەنجانی هەر چوار پارچە ده‌كه‌م؛ وەرن لەبەر خۆتان شەڕ بکەن. ئێمە دەبینین گەنجەکانمان ڕوو دەکەنە ئەورووپا. ئایا ئێوە دەچنە کوێ؟ وەرن شۆڕشی خۆتان بەرپا بکەن و بۆ خۆتان تێکۆشان بکەن.»

s.m