چەند رۆژێکی ماوه كه هەڵمەتی گەردەلوولی جزیر گوندی باغۆز به‌تەواوەتی لە چەتەکانی داعش پاک بكاته‌وه كه دواین شوێنه لە دەستی داعشدا مابێت.
گوتەبێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یەپەژە) نەسرین عەبدوڵا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا و باسی ئه‌وه‌ی كرد کە چۆن لە دژی داعش لە شەنگال و باکووری سوریا شه‌ڕیان كردووه. چۆن سه‌دان ژن و منداڵی ئێزدییان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کردووه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌كانیان كرد دۆزینەوەی ئه‌و ژنه‌ئێزدییانه‌ی دیار نین.
عەبدوڵا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه هیچ جیاوازییەک لە نێوان كرده‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورک و داعشدا نییە. گوتی: «بەڵێن بە گەلەکەمان ده‌ده‌ین کە عەفرینیش وەک شەنگال ئازاد بکەین. ئێمە لە عەفرینیش کۆتایی به داعش ده‌هێنین و ژنانی ئەوێش ئازاد ده‌كه‌ین. پراكتیكی ئێمە ئەوەی پیشان داوه کە ئێمە خاوەنی بەڵێنی خۆمانین.»
«هەموو دەرفەتەکانمان بۆ شەنگال به‌كارهێنا»
نه‌سرین عەبدوڵا سەرنجی راکێشایە سەر هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال. دەستنیشانی کرد کە لە دوای ئەوەی هێزه‌كانی پێشمەرگە لە کاتی هێرشەکەدا بەرگرییان لە ئێزیدییەکان نەکرد، کۆمەڵکوژی لە شەنگال ڕوویدا. سەرنجیشی خسته سەر ئەوەی هه‌زاران ژن، منداڵ، پیر و به‌ساڵاچووی ئێزدی به دیل گیراون.
«کاتێک ئەو هێرشانە دەستیان پێ‌کرد ئێمە وەک یەپەگە و یەپەژە هێڵێکی پاراستنمان دروست کرد. لەبەرئەوەی هێرش لەسەر ناوچه‌كانی ئێمەش هەبوو؛ هەم لە دژی چەتەکانی داعش و هەمیش لە دژی گرووپەکانی بەرەی نووسرەی تیرۆریست شەڕمان دەکرد. هەڵبەتە له‌به‌رئه‌وه‌ی لە هەرێمەکەی ئێمە بارودۆخ بەو شێوەیە بوو؛ ئەوە نەدەهاتە واتای ئەوەی کە بەرگری لە گەلەکەمان لە شەنگال نەکەین و ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێ نه‌كه‌ین. هەزاران شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە ڕوویان لە شەنگال کرد و بەرگرییان لە گه‌لی شەنگال کرد.»
«ئێمە نه‌مانده‌توانی ئەوه‌ی داعش ده‌یكرد قبووڵی بكه‌ین»
گوته‌بێژی یه‌په‌ژه ڕایگه‌یاند، ده‌توانین بڵێین داعش هەموو ئه‌و پیاوه ئێزدییانه‌ی كوشتن کە دەستبەسەری كردبوون. بەشێکی ژنانیشیان کوشتن. ئەو ژنانەشی کە به دیلیان گرتن، ڕفاندنیان و بردنیانه سووریا و عێراق و ناوچەکانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئەوان.
گوتیشی، «هەموو كارێكی دژه مرۆڤایەتییان له به‌رانبه‌ر دیلەکان کرد. ژنانیان لە بازاڕەکانی کۆیلایەتی فرۆشتن. زه‌ختیان لێ كردن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه موسوڵمان. منداڵانی ئێزیدییان له ڕووی ناسنامه، كولتوور و كه‌سایه‌تییه‌وه تواندنه‌وه. زه‌ختیان لێ كردن بۆ ئه‌وه‌ی بیانكه‌نه جیهادی و دوژمنی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان.
نه‌سرین عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئەو بارودۆخە هیچی کەمتر نەبوو لەو کۆمەڵکوژییانه‌ی کە كراون. بۆ ئەوەی کە منداڵەکان له کۆمەڵگەکەیان بکەن بە دوژمن، هەموو جۆرە كارێكی دڕندانه‌یان كرد. ئێمەش وەک هێزه‌كانی یەپەگە و یەپەژە نەماندەتوانی ئەو کۆمەڵکوژییە له شه‌نگال قبووڵ بکەین. ئێمە نەمانده‌توانی ئه‌وه‌ی داعش ده‌یكات قبووڵی بكه‌ین و به‌بێ چالاكی بمێنینه‌وه.
«له هەر هەنگاوێكمان ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدیمان کردە ئامانج»
عەبدوڵا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌وان هەموو کات بە ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگەی ئێزیدییان گوتووه كه بە كۆتایی هێنانی داعش تۆڵەیان بۆ ده‌كه‌نه‌وه، دیلەکانیان ئازاد ده‌كه‌ن.
«له به‌رانبه‌ر فەرمانی شەنگال هه‌ر وه‌ك چۆن لە کاتی پێش کۆمەڵکوژییەکە ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێگەیاند؛ هەروەها بەپێداگرییه‌وه بۆ ئازادیی گەل و شەنگال هه‌موو كات به‌رده‌وام بووین له تێکۆشانی خۆمان. له هه‌ر هه‌نگاوێكدا، لە هەر هه‌ڵمه‌تێكدا ئامانجمان ئەوە بوو لە کوێ ژنێکی ئیزدی هەبێت و ئێمە بچین ئازادی بکەین. لە ئەنجامدا سه‌دان ژن، منداڵ و گەنجی ئێزدی ڕزگار كران. لە ڕووی دیكه‌شه‌وه بۆ ئازادكردنی شه‌نگال هه‌رچی له ده‌ستمان كات كردمان و ڕۆڵێكی گه‌وره‌مان گێڕا. ئه‌مه به‌ڵێنی ئێمه بوو بۆ كۆمه‌ڵگه و ژنانی ئێزدی. هه‌نگاو به هه‌نگاو جێبه‌جێ كردنی ئه‌م به‌ڵێنه، قه‌رزی ئه‌خلاقی بوو.»
«ڕه‌نجی پاراستنی ئەوان بۆ ئێمە ئەرکێکی ویژدانی بوو»
له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا نه‌سرین عه‌بدوڵا گوته‌بێژی یه‌په‌ژه ڕایگه‌یاند، بۆ ئەوەی گەلی شەنگال و ژنانی شەنگال بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن؛ هاریكاریی پەروەردەیی، ڕێکخستنی و لۆجستییان پێشکەش کردوون. گوتیشی: «هێندەی کە بتوانن خۆیان ڕێكخه‌ن، بەرگری لە خۆیان بکەن و ناوچه‌كانی خۆیان بپارێزن، ئێمە لەلایان ماینەوە. لێرەدا ئامانج جێبه‌جێ كردنی ئەرکی ویژدانی و دڵسۆزیی ئێمه بوو ده‌رباره‌ی ژنان.»
«ئێمە ده‌مانزانی کە ده‌بوایه کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ بەرگری له‌خۆکردن پێویستییان بە هیچ کەس نه‌بێت. ئەگەر کۆمەڵگەی ئێزدی و ژنانی ئێزدی بیانتوانیبایە بەرگری لە خۆیان بکەن، له‌وانه‌یه کۆمەڵکوژی و تراژیدیایه‌كی وه‌ها گه‌وره دروست نه‌بوایه. بۆ ئەوەش ئێمە ئەوەمان وەک ئەرکێكی خۆمان بینی تا بتوانن خۆیان بپارێزن. ئێمە شانازی دەکەین کە لە دروستکردنی یەبەشە و یەژەشەدا ڕه‌نجی ئێمه هه‌یه. به‌تایبه‌ت کە یه‌كه‌مین ڕێکخستن پاراستنی ژنانی ئێزدی (یەژەشە) باوەڕی بەخۆی هێنا کە لە دژی داعش شەڕ بكات، ئەوە وره‌یه‌كی گه‌وره‌ی به ئێمه دا و بە هێزی ئەو وره‌یه شه‌ڕمان كرد.»
«هێزەکانی دژەتیرۆرمان زۆر باش كاریان كرد»
نه‌سرین عەبدوڵا ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ڕزگاركردنی ژنانی ئێزدی له ده‌ستی داعش گوتی: « لە هەڵەمەتەکانمان دژی داعش یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان ئەوە بوو کە ژنانی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بکەین. هێزەکانمان سه‌دان ژن و منداڵی ئێزدییان ڕزگار کرد. هێزەکانی دژەتیرۆری ئێمه چالاکییان له‌م پێناوه‌دا چالاكییان ده‌كردن. هەم گەل و هەم ژنانی ئێزدییان بە شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ڕزگار ده‌كردن. هەڵبەتە ڕێگه‌ی دیكه‌مان هەبوون بۆ ئەوەی خۆمان بگه‌یه‌نینه ئەو ژنانە. ئەوەش به‌شێوه‌یه‌كی ورد ده‌كرا بەبێ ئەوەی کە زیان به خه‌ڵكی ئێمه بگات ڕزگاریان بكه‌ین.»
«سه‌دان ژنمان ڕزگار كردن»
عەبدوڵا ڕاشیگه‌یاند، ئەوان كاتێك ژنانی ئێزییان ڕزگار ده‌كردن، ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نی ژنانی کانتۆنی قامیشلۆی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموکراتییان ده‌كردن. بۆ ئه‌وه‌ی ئەو ژنانە بگەیەننەوە دەستی خانەوادەکانیان لە شەنگال. بەرپرسانی ماڵی ئێزدییه‌كان لە دوای ئه‌و قۆناغه بەشداری ئەو خەباتە بوون. ئه‌نجومه‌نی ژنانیش لە بواری تەندرووستی و دەروونییه‌وه یارمەتییان دەدان. دەیانبردنە ئەنجومەنی سیڤیلی شەنگال و ئەنجومەنی سڤیلی شەنگالیش لە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویستیان دەکرد، ئەو ژنانەیان به كه‌سوكاریان شاد ده‌كردنه‌وه.
گوته‌بێژی یه‌په‌ژه ئه‌وه‌شی گوت، ئێستا خەباتێکی فەرمی دەکەن. ژنان و منداڵانی ئێزدی ڕزگار ده‌كرێن، هەر ڕۆژ ژمارەی ڕزگاربوان زیاتر دەبێت. ئاماری ئه‌م ماوه‌یه نازانم، بەڵام تۆماری زیاتر له ٤٠٠ مرۆڤی ڕزگاركراومان له‌لایه. لەوانەش ٣٣٠یان ژنن. هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیان لە ماوه‌ی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠٠ ژن و منداڵی ئێزدی لە لایەن یەپەژەوە ڕزگار كراون.
«هەر کات ژنێکمان ئازاد دەکرد تووڕه‌ییمان زیاتر ده‌بوو»
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، لە دوای ئەوەی هەر ژن و منداڵیکیان ئازاد كردووه، هێزیان زیاتر بووه. گوتی: «لەبەرئەوەی کە لە کەسایەتی ئێزدییەکاندا ئەوەی کە ده‌كرا تراژیدیایه‌ك بوو، زۆر سه‌خت بوو و شه‌رمه‌زاره‌ییه‌ك بوو بۆ مرۆڤایەتی. کاتێک ئێمە هەر ژنێکی ئێزدیمان ڕزگار دەکرد، وەک ئەوە بوو کە ئێمە شه‌نگال ئازاد بكه‌ین. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە تێده‌كۆشاین. له‌م سۆنگه‌یه‌وه و به‌م به‌رپرسایه‌تییه‌وه هەموو کات بەرگری لە ژنان ده‌كه‌ین. ئێمە بەو شێوه‌یه تێكۆشانی خۆمان ده‌كه‌ین و به‌رپرسایه‌تیی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.»
«بیستمان کە هەندێک ژنیان بردوونه‌ته عه‌زاز»
نه‌سرین عه‌بدوڵا ڕایگه‌یاند، بە گوێره‌ی پێشبینییه‌كان هێشتا چارەنووسی ٢٥٠٠-٣٠٠٠ ژنی ئێزدیی ژێر دەستی داعش دیار نییە. له‌وباره‌یه‌وه گوتی: «ئەو ژمارەیە بەتەواوه‌تی ڕوون نییە. هەندێک ژن کوژراون. به‌ڵام بە گوێره‌ی پێشبینی ئێمه نزکەی ٢٥٠٠ ژن هێشتاش لە دەستی داعش و هاوکارەکانیاندا ماون. هێشتا هەڵمەتەکە بەردەوامە و لە باغۆز سڤیل هەن. ئێمە دەڵێین لەنێو ئەواندا ژن و منداڵی ئێزدی هه‌ن. هەر رۆژ هاوڵاتیانی ئێزدی ڕزگار دەکرێن. گوێمان لێ بووە کە هەندێکیان فرۆشراون بە تورکیا و دەوڵەتانی دیكه و هەندێکیشیان بردراونه‌ته عه‌زاز. ئێمە به‌رده‌وامین له کاره‌كانمان لەسەر ئەو پرسه. ئامانجمان ئەوەیە کە ئەو ژنانە ڕزگار بکەین. ئێمە بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە خەبات دەکەین و شەڕ دەکەین. بە تووڕه‌یی گەلی ئێزدی و کە دەیان جار ئه‌و تراژیدیایه‌ی به‌سه‌رهاتووه، ئه‌م تێکۆشانه‌مان بەردەوام ده‌بێت.»
«لە عەفرینیش کۆتایی به داعش دێنین»
گوته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه) ڕاشیگه‌یاند، چەند ڕۆژێكی ماوە کە دوایین ناوچەی ژێر دەستی داعش ئازاد بكرێت. گوتی: «ئه‌وه گه‌وره‌ترین مژده‌ی ئێمه ده‌بێت بۆ ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگەی ئێزدی. بەڵام داعش و عه‌قڵیه‌تی داعش ئێستا لە عەفریندایە. دەوڵەتی توک هه‌ر وه‌ك چۆن داعشی ڕێكخست و گه‌وره‌ی كرد، ئێستا لە عەفرین زوڵم لە ژنانی عەفرین و ژنانی پەنابەر دەکات.»
«داعش چۆن دەستدرێژی كردبێته سەر ژنان و هاوسەر و منداڵەکانیانی کوشتبێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە عەفرین هەمان شت ده‌كه‌ن. داعش چۆن باڵاپۆشی به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاندبێت و له ماڵه‌كاندا زیندانی كردبن، دەوڵەتی تورکیش لە عەفرین هەمان شت دەکات. یه‌كێكیان، ژنانی له‌سه‌ر خاکەکەیان ڕفاند، ئەشکەنجەی دان، کۆمەڵکوژی كردن، دەستدرێژی كردنه‌سه‌ر و باڵاپۆشی به‌سه‌ردا سه‌پاندن. هەروەها دەوڵەتی تورکیش عەفرینی شاری ژنانی داگیر کرد، لە دژی ژنان هەمان شتی هاوشێوه‌ی داعشی كرد. چ جیاوازییەک له‌نێوانیاندا هەیە؟ داعش و دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دڕندەن و دوژمنی ژنانن.»
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا نه‌سرین عه‌بدوڵا گوتی: «ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی تورک داعشی بۆ داگیرکردنی عەفرین و دواتریش بەکارهێناوه. لەو چوارچێوەیەدا بەڵێن دەدەین بە هه‌موو گه‌له‌كه‌مان كه هاوشێوه‌ی شه‌نگال عەفرینیش ئازاد بکەین. ئێمە لە عەفرینیش کۆتایی به داعش دێنین و ژنانی ئەوێش ئازاد ده‌كه‌ین. پراکتیکی ئێمە ئەوەی پیشان داوه کە ئێمە خاوەنی بەڵێنی خۆمانین.»
s.m